چاوەڕواندەکرێت کۆتایی ئەمساڵ ڤاکسینی کۆرۆنا بەردەست ببێت

06/10/2020
فۆتۆ: 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، چاوەڕواندەکرێت ڤاکسینی دژی کۆرۆنا لە کۆتایی ئەمساڵدا بەردەست ببێت.

تیدروس ئادهنۆم گیبریسوس، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە وتەیەکدا لە کۆتایی کۆبوونەوەی لیژنەی جیبەجێکردنی تایبەت بە تاوتوێکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە دوو ڕۆژ بەردەوام بوو وتی "پێویستمان بە ڤاکسین دەبێت، هیوایەک هەیە لە کۆتایی ئەمساڵدا ڤاکسینی کۆرۆنا بەردەست ببێت، بەڵێ هیوا هەیە".

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لەئیستادا کار لەسەر ٩ جۆر ڤاکسین دەکات، کە دیاریکراون بۆ پەرەپێدان، ئەگەر بەردەست بوو چاوەڕوانیش دەکرێت تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ نزیکەی دوو ملیار ڤاکسین دابەشبکرێت لەسەرانسەری جیهاندا.

ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان لەوانەش ڕوسیا و ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا و چین، پێشبڕکێیانە لەسەر گەشەپیدانی ڤاکسینێکی کاریگەر لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕاگرتنی تەشەنەکردنەکەی.

تا ئێستا ڕوسیا یەکەم دەوڵەتە لە جیهاندا ڤاکسینێکی بەناوی  "سپۆتنیک V " بەناوی خۆیەوە تۆمار کردووە، وەک ئاماژەیەک بە ناوی یەکەم مانگی دەستکردی ڕوسی کە لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو، لە ساڵی ١٩٥٧ دروستیکرد.

بەگوێرەی توێژینەوەیەک، کە ژمارەیەک لە پسپۆڕانی بواری گەشەپێدانی ڤاکسینەکان ئەنجامیانداوە و لە گۆڤاری "زە لانیست"ی پزیشکیدا بڵاوکراوەتەوە ئاماژەیان بەوە کردووە، ڤاکسینی  "سپۆتنیک V " دژە تەنی لە لاشەی سەرجەم ئەو کەسانەدا دروستکردووە کە لە قۆنای یەکەم و دووەم ڤاکسینەکەیان لەسەر تاقیکراوەتەوە.