"لە دۆخێکی زۆر مەترسیدارداین کە هەرگیز نەگەیشتووینەتە دۆخی لەم جۆرە"

06/10/2020
وتەبێژی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، شارەکە لە دۆخێکی زۆر مەترسیداردایە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
سلێمانی

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی هۆشداری لە دۆخی شارەکە دەدات و دەڵێت، شاری سلێمانی لە دۆخێکی زۆر مەترسیداردایە کە هەرگیز نەگەیشتوونەتە دۆخی لەم جۆرە.

د. یاد نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی تووشبووانی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تەنها لە شەو و ڕۆژی ڕابردوودا ١٥ تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "شاری سلێمانی لە دۆخێکی زۆر مەترسیداردایە، کە پێشتر هەرگیز نەگەیشتووینەتە دۆخی لەم جۆرە".

ڕاشیگەیاند، "هیوادارم بە هەموو لایەک هەوڵ بدەین بە زووترین کات ئەم دۆخە تێپەرێنین، گەر نا دۆخەکە بە شێوەیەک دەبێت هەموو ماڵێک ئازاری کۆرۆنای پێدەگات".

ئەوەشی خستەڕوو کە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٤١ نەخۆشی کۆرۆنا داخلی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا لە شاری سلێمانی کراون و لە ئێستاشدا ١٩١ تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە چارەسەری پزیشکی وەردەگرن.

ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ د. یاد نەقشبەندی وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بە تۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لەو ئامارە زیاترە کە بڵاودەکرێتەوە و لە ئێستاشدا ژمارەی گیانلەدەستدانەکان زۆرە و نەخۆشخانەکان پڕبوون، داواشیکرد، کاری جدی بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە خراپتربوونی دۆخی تەندروستی شارەکە.