خەڵاتی نۆبڵی کیمیا بەخشرا بە دوو ژن
ئەکادیمیای شاهانەی سویدی بۆ زانست بڕیاریدا، خەڵاتی نۆبڵ بۆ کیمیا لە ساڵی 2020 ببەخشێت بە ئیمانیۆڵ شارپنتێر و جێنفەر ئەی داودنا، بەهۆی پەرەدان بە بیردۆزی ئەندازیاری بۆماوەیی.
بەپێی وتەی بەرپرسانی خەڵاتی نۆبڵ ئیمانیۆڵ شارپنتێر و جێنفەر ئەی داودنا، یەکێک لە وردترین ئامرازەکانی تەکنەلۆژیای بۆ ماوەییان دۆزیوەتەوە.
ڕاشیانگەیاند بەهۆی بەکارهێنانی ئەمە دۆزینەوەیە لێکۆڵەران دەتوانن بە وردییەکی زیاتر گۆرانکاری لە ترشی ناوەكی، بۆماوەیی ئاژەڵان و ڕووەک و زیندەوەرە بەکترییەکاندا ئەنجامبدەن.
بەپێی وتەی پسپۆڕان کە لە ڕێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکەدا ئاشکرایاندکرد، ئەم تەکنەلۆژیایە کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە بەسەر زانستە ژیانییەکان، چونکە دەتواندرێت لە چارەسەری نوی نەخۆشییەکانی شێرپەنجەدا ڕۆڵی هەبێت و خەونی چارەسەری نەخۆشییە گواستراوە بۆماوەییەکان بهێنێتەدی.
هەروەها پێویستە لێکۆڵەران لە ناو خانەکاندا چاکسازی لە کرۆمۆسۆمەکان ئەنجامبدەن، ئەگەر بیانەوێت دەربارەی چۆنێتی کارکردنی ژیانی ناوەکی بزانن، ئەمەش پێویستی بەکار و کاتێکی زۆر و سەخت بوو هەندێک جاریش بەتەواوی ئەنجامدانی ئەستەمبوو.
بەهۆی بەکارهێنانی مقەستی بۆماوەیی CRISPR/Cas9 ئێستا دەتواندرێت لە چەند هەفتەیەکدا نیشانەکانی ژیان بگۆردرێت.
شارپنتێر و داودنا لە ساڵی 2012ەوە CRISPR/Cas9 دۆزیوەتەوە، هەر لەگەڵ بەکارهێنانی ڕۆڵی کاریگەری هەبووە لە ژمارەیەک دۆزینەوەی گرنگ لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا.
هەروەها لێکۆڵەرانی بواری ڕووەکی توانیویانە پەرە بە دانەوێڵەکان بدەن تاکو زیاتر بەرگەی کەڕووکردن و کارەسات و بێ ئاوی بگرن.
بەپێی وتەی پسپۆڕان ئەم مقەستە بۆماوەییە، لە زۆر لایەنەوە زانستی ژیانی بردە نێو قۆناغێکی نوێ و زۆرترین سود بە مرۆڤایەتی دەبەخشێت.
|