بەڵگەنامە نهێنییەکانی دەستوەردانی ڕوسیا لەهەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا ئاشکرا دەکرێن

07/10/2020
فۆتۆ: 

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ڕێگەی داوە بە هەڵگرتنی دۆخی نهێنی لەسەر سەرجەم بەڵگەنامەکانی تایبەت بە لێکۆڵینەوەی فیدراڵی سەبارەت بە دەستوەردانی ڕوسیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا.

ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، بە هەمان شێوە بڕیاریدا بە هەڵگرتنی دۆخی نهێنی سەبارەت بە بەڵگەنامەکانی تایبەت بە هیلاری کلینتۆن وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا، کە لە ئیمەیلی خۆیەوە پەیامەکانی حکومەتی ناردووە و وەرگرتووە و بووەتە مەترسی بەسەر دەوڵەتەوە.

ترەمپ لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی "بەشێوەیەکی تەواو رێگەم دابە هەڵگرتنی نهێنی لەسەر سەرجەم بەڵگەنامەکانی تایبەت بە گەورەترین تاوانی سیاسی لە مێژووی ئەمریکا، کە بریتییە لە فێڵی ڕوسیا، هەروەها بەڵگەنامەکانی تایبەت بە ئابڕچوونە سیاسییەکەی ئیمەیلی هیلاری کیلنتۆن".

ئەو هەنگاوەی ترەمپ لە کاتێکدایە، وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆیی ئەمریکا دوێنێ سێشەمە هۆشداریدا لە هەرەشەکانی دەرەوە بۆ سەر ئاسایشی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکانی داهاتوو، سەرباری ئەوەی هیچ بەڵگەیەکیش نییە لەسەر ئەو بابەتە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەکە، لەڕێگەی هەڵسەنگاندنەکانییەوە گەیشتووەتە ئەوەی، ئامانجی سەرەکی ڕوسیا بەهێزکردنی دۆخ و هەژموونی خۆیەتی لەسەر ئاستی جیهان بۆ لاوازکردنی ئەمریکا لەناوخۆ و دەرەوە، ئەویش لەڕێگەی هەوڵەکانی بۆ نانەوەی ناکۆکی و جیاکاری و دروستکردنی هەستێکی گشتی و کەمکردنەوەی متمانە لە دامەزراوە دیموکراسییەکانی خۆرئاوادا.

لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆیی ئەمریکادا ئاماژە بەوەشکراوە، ڕوسیا ڕێوشوێنی ئەوتۆ بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی دابەشبوون و پەکخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان، لەوانەش ناوزڕاندنی ناوبانگی جۆ بایدن جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا و پێی وایە دامەزراوەکەی دژی روسیا، ئەویش بە ئامانجی دروستکردنی ئاڵۆزی و بێ متمانەیی لەناوخۆیی ئەمریکادا.

ئەو هۆشدارییانەی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆیی ئەمریکا لە کاتێکدایە، پێشتر دیمیتری بیسکۆف وتەبێژی سەرۆکایەتی ڕوسیا، ئەو ڕاپۆرتانەی رەتکردەوە کە باس لە دەستوەردانی ڕوسیا دەکەن لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا و بابەتەکەی بە گاڵتەجاڕی ناوبرد، ئەو لێدوانەش دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکا بوو، کە ئاماژەی بەوەکردبوو، ڕوسیا هەوڵی سەرخستنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ئەمریکا دەکات بۆ ئەوەی لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بیباتەوە.