مانگە دەستکردەکان بوونی فڕۆکەکانی تورکیایان لە ئازەربایجان ئاشکراکرد

08/10/2020
فۆتۆ: 

بەگوێرەی ئەو وێنانەی کە مانگە دەستکردەکان تۆماریانکردووە، دەریدەخات کە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە فڕۆکەخانەی (گانجا)ی ئازەربایجان نیشتوونەتەوە، ئەوەش گومانەکانی زیاتر کرد، سەبارەت بە بەشداری هێزی ئاسمانی تورکیا لە جەنگی ناگۆرنی کەرەباخدا.

ڕۆژنامەنووس "کریستیان تریبرت" کە بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز کاردەکات، وێنەکانی لە هەژماری تویتەرەکەی خۆی بڵاوکردەوە، دەردەخات دوو فڕۆکەی تورکی جۆری ئێف١٦ و فڕۆکەیەکی دیکەی جۆری "سی ئێن 325 ی دروستکراوی ئەمریکا لەناو فڕۆکەخانەکە نیشتوونەتەوە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاشکرایکردووە، دوای بەدواداچوون و سەیرکردنی تایبەتمەندی و ڕەنگەکانی، دەردەکەوتووە  ئەو فڕۆکانە تورکین و    جیاوازن لە فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی ئازەربایجان.

ڕۆژنامەنووسە ئەمریکییەکە نوسیویەتی "فڕۆکەکان دەریدەخات فڕۆکەی ئێف 16 ن، ئەوەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ هێزی تورکیا لەو جەنگەی کە لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان بەرپابووەتەوە، لەسەر هەرێمی ناگۆرنی کەرەباخ".

ئەوەش لەکاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو نیکۆل باشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا، داوای لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کرد، هەژموونی خۆی بەکاربهێنێت بۆ ڕێگریکردن لە تورکیا، بۆ ئەوەی نەتوانێت فڕۆکەی جۆری ئێف16 ی وڵاتەکەی بەکاربهێنێت بۆ بۆردومانکردنی ئەرمەنەکان لە کەرەباخ.

بەڵام حکومەتی تورکیا رەتیکردەوە وڵاتەکەی فڕۆکەی وڵاتەکەی ناردبێتە ئازەربایجان لە جەنگی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەرمینیا.