پۆپمیۆ: فشارەکانمان بۆسەر ئێران بەردەوام دەبێت تا ڕازی بەدانوستان دەبێت

09/10/2020
مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
واشنتن

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، زۆرترین فشارەکانیان بۆسەر ئێران بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی رازی بەدانوستان دەبێت.

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا بەئاماژەپێدان بە دوایین گەمارۆی وڵاتەکەی بۆ سەر ١٨ بانکی ئێرانی، ڕایگەیاند، زۆرترین فشارەکانی واشنتن بۆسەر تاران بەردەوام دەبێت، تا ئەو کاتەی کە بەرپرسانی ئێران کۆتایی بە ڕەفتارە شەڕانگێزییەکانیان لە ناوچەکە دەهێنن و ڕازی دەبن بێنەسەر مێزی گفتوگۆ.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو گەمارۆیانە زیاتر ئێران سنوردار دەکاتەوە لە پاڵپشتی و پشتیوانیکردنی ماددی لە گروپە تیرۆریستییەکان و چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە پەکدەخات کە هەڕەشەیە بۆسەر هەموو جیهان.

پۆمپییۆ ئاشکراشیکرد، گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکا لە ماوەی ٤٥ ڕۆژدا دەچنەبواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەوەی مۆڵەت بدات بە کۆمپانیا جیهانییەکان مامەڵە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئێران کەم بکەنەوە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی ئێران داوایان لە رێبەری وڵاتەکەیان کرد، بودجەی پێویست بۆ روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا دابین بکات، بەڵام لە ئێستادا دەرکەوتووە کە سەرەڕای داواکاری بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی، رێبەری باڵای ئێران بودجەی سوپای پاسداران و بەسیجی زیادکردووە.

پۆپمپیۆ دووپاتیشیکردووەتەوە، "گەمارۆکانمان حکومەت و بەرپرسە گەندەڵەکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج کە داهات و سەرمایەی گەلەکەیان بۆ پەرەپێدانی توندڕەوی لە ناوچەکە خەرج دەکەن، ئەو کارەش بووەتەهۆی نەهامەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی دیکە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر محەمەد جەواد زەریف ئێران ڕایگەیاند، ئامانج لە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی، لەناوبردنی رێگاکانی گەیشتنی دەرمان و خۆراکە بۆ ئێران.

شایەنی باسە ڕۆژی رابردوو، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە بڕیارێکی نوێدا سزای بەسەر کەرتی دارایی ئێران و ١٨ بانکی ئەو وڵاتەدا سەپاند.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مانگی ڕابردوو تاک لایەنە سەرجەمە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا، کە پێشتر بەهۆی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە لەگەڵ زلهێزەکان سوککرابوون.