وەزارەتی پەروەردە ڕاگەیەندراوێکی لەسەر دەستپێکردنەوەی دەوام لە خوێندنگاکان بڵاوکردەوە

09/10/2020
فۆتۆ: 
هەولێر

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەسەر دەستپێکردنەوەی دەوام لە خوێندنگاکان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، رۆژی شەممە دەستپێکی دەوامی فەرمییە بۆ قوتابیانی قۆناغی یەکەم و دووەمی بنەڕەتی، لەناو پۆل و هەروەها دەستپێکی خوێندنی ئەلیکترۆنییە بۆ قۆناغی سێیەمی بنەڕەتی تا یازدەی ئامادەیی.

دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پەروەردە :

رۆژی شەممە، ڕێکەوتی ۱۰ ی ۱۰ ی ۲۰۲۰ ، دەستپێکی دەوامی فەرمییە بۆ قوتابیانی قۆناغی  یەکەم و دووەمی بنەڕەتی، لەناو پۆل ، هەروەها دەستپێکی خوێندنی ئەلیکترۆنییە بۆ قۆناغی سێیەمی بنەڕەتی تا یازدەی ئامادەیی، دەستخۆشیی و سوپاسمان هەیە بۆ ڕۆڵی مەزنی مامۆستایان ، جەخت دەکەینەوە  لە :

۱ـ قۆناغی ۱ و ۲ ی بنەڕەتی لەگشت قوتابخانە بنەرەتیەکانی حکومی و ناحکومی لەناو پۆل بەڕێنمایی خۆپارێزیی و بەستنی ماسک و دووری دیاریکراوی نێوان قوتابیان  دەوام دەستپێدەکەن .

۲ـ لەو قوتابخانانەی کە لەگوندەکانن و هێڵی ئەنتەرنێت وەک پێویست نییە و ژمارەی قوتابیان زۆر نییە ، کە بەڕێوبەرایەتی گشتیی پەروەردەی پارێزگاکان وئیدارەکان دیارییان کردوون ، بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزیی و ماسک و دووری دیاریکراوی نێوان قوتابیان ، لە گشت ئاستەکان وقۆناغەکان دەوامی ئاسایی لە ناو پۆل دەستپێدەکەن .

۳ـ قۆناغی سێیەمی بنەرەتی تا یازدەی ئامادەیی ، بە شێوازی خوێندنی ئەلیکترۆنی دەست بە خوێندن دەکەن لەڕێگای پلاتفۆرمی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی :

www.ewane.krd

قوتابیان ئەو کۆدی بەکارهێنەر و وشەی نهێنی یەی کە لە قوتابخانە وەریانگرتووە یان پێیان دەدرێت بەکاری دەهێنن بۆ بینینی وانەکانیان ، لە هەمان کاتدا قوتابیانی ئەم قۆناغانە بە سێ رێگا دەتوانن لە پەیوەندی بن لەگەڵ قوتابخانە و مامۆستایانیان :

یەکەم : کارگێری قوتابخانە خشتەیەک  دادەنێن بۆ ئەوەی قوتابیانی ئەو قۆناغانە ( ۳ تا ۱۱) دیداری قوتابخانەیان هەبێت و بە گروپی (٥ تا ٦ )قوتابی بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزییەوە ، لە قوتابخانە مامۆستای بابەت بەدواداچوون دەکات بۆ بەکارهێنانی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی و شرۆڤە کردنی هەر وانەیەک کە قوتابیان پێویستیان بێت لەبابەتەکانیان و پاڵپشتی زانستیان .

 دووەم : لە ناو پلاتفۆرمی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی مامۆستا و قوتابی دەتوانن لە پەیوەندی بن .

 سێیەم: مامۆستایان و قوتابیان  دەتوانن کە لە ڕێگای هەر بەرنامەیەکی دیکەی پەیوەندیکردن ( گروپەکانی ڤایبەر ـ واتس ئاپ ـ تێلیگرام ) یان هەر بەرنامەیەکی دیکە لە پەیوەندی بن. کەناڵی ئاسمانی پەروەردەیی بە بەردەوامی وانەکانی قۆناغی ۳ ی بنەرەتیی تا ۱۱ ی ئامادەیی پەخش دەکات .

٤ـ قوتابخانە نێودەوڵەتییە  ناحکومیەکان ، بۆ ئەو بابەتانەی  پێویستیان بە ئامادەسازیی و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی نێودەوڵەتی هەیە دەتوانن بە شێوازی ئامادەبوونی ناو پۆل تەنها بۆ ئەو قۆناغانە کاربکەن .

٥ـ قوتابخانە ناحکومییە لوکاڵیەکان هەمان رێنمایی قوتابخانە حکومییەکانیان بەسەردا جێبەجێ دەبێت .

٦ـ قوتابیان و خوێندکارانی قۆناغی ۱۰ ی ئامادەیی ، پاش دیاریکردن و هەڵبژاردنی بەشەکانی ( زانستی ـ وێژەیی ـ  پیشەیی) دەست بە خوێندنی ئەلیکترۆنی دەکەن ، ئەمەش لەماوەی هەفتەی یەکەم پێویستە لە قوتابخانەکان یەکلایی بکرێتەوە کە قوتابی چ بەشێکی هەڵبژاردووە .

۷ـ سەرپەرشتیاران رۆڵی سەرەکی و گرنگ دەبینن لە بەدواداچوون لە جێبەجێکردنی ئەو شێوازەی بۆ خوێندنی ناو پۆل و دیداری مامۆستایان لە گەڵ گروپی (٥ تا ٦ ) قوتابی هەیە .

٨ ـ وەزارەتی پەروەردە جەخت دەکاتەوە لەوەی کەئەو شێوازی دەوامکردنە و پشت بەستن بە خوێندنی ئەلیکترۆنی لەم قۆناغەدا بۆ سەلامەتی مامۆستایان و قوتابیان و رودانی کەمترین بەریەککەوتن و نزیک بوونەوەیە ، لەگەڵ باشتر بوونی ڕەوشی تەندروستی بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی جێبەجێکاری روبەروبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بریاری نوێ دەدرێت بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی

   بەهیوای سەلامەتی بۆ هەمووان

ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە

           ۹ی ۱۰ی ۲۰۲۰