گفتوگۆی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لە مۆسکۆ دەستیپێکرد

09/10/2020
هێشتا شەڕ بە توندی لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا بەردەوامە
فۆتۆ: 

بەبەشداری هەردوو وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان و ئەرمینیا، ئەمڕۆ گفتوگۆی ئاشتی نێوان هەردوولا لە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا دەستی پێکرد.

کۆشکی کرملن لە هەوڵی ناوبژیوانیدایە بۆ ڕاگرتنی ئاگری شەری نێوان ئەو دوو وڵاتە کە لەسەر هەرێمی ناگۆرنی کارەباخ بەرپا بووە.

پێشتر ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس لەزاری ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیاوە بڵاویکردەوە، هەریەکە لە باکۆ و یەریڤان رەزامەندییان دەربڕیوە بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکاندا.

دوای دوو هەفتە لە بەردەوامی شەڕی قورس و خوێناوی ، ئەوە یەکەمجارە هەردوولا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر مێزی گفتوگۆکان روبەڕوی یەکتر ببنەوە.

بەر لە دەستپێکردنی گفتوگۆکانیش، ڤلادیمێر پۆتین سەرۆکی ڕوسیا هەردوولای هاندا بۆ ڕاگرتنی هێرش و روبەڕوبوونەوەکان، و ڕێگەدان بە کۆکردنەوەی تەرمی ئەو کوژراوانەی چەند ڕۆژێکە لە گۆرەپانەکانی جەنگدا کەوتوون و دیلەکانی یەکتریش ئاڵوگۆڕ پێ بکەن.

دەسەڵاتدارانی ئەرمینیا دەڵێن لە هەرێمی ناگۆرنی کارەباخ زیاتر لە ٣٧٥ سەرباز لە شەڕەکاندا کوژراون، بەڵام ئازەربایجان تا ئێستا زیانە گیانییەکانی ڕانەگەیاندووە.

سەرباری دەستپێکردنی گفتوگۆکان، بەڵام هێشتا شەڕ لە بەرەکانی جەنگ بە سەختی لە نێوان هەردوولادا بەڕێوە دەچێت.

لە ئێستاشدا بەهۆی ئەو پشتیوانییە گەورەیەی کە تورکیا پێشکەش بە ئازەربایجانی دەکات، مەترسی لای خۆرئاوا دروستکردووە، بازنەی جەنگەکە تەشەنە بکات و ببێتە جەنگی ڕاستەوخۆی نێوان تورکیا و ڕوسیا، بەو پێیەی مۆسکۆ پەیوەندی و ڕێککەوتنی سەربازیی هەیە لەگەڵ ئەرمینیادا.