وەزارەتى پێشمەرگە و داواى کاراکردنەوەى لیژنەی باڵای هاوبەشی سەربازى هەرێم بەغدا دەکات

14/06/2020
فۆتۆ: 
سلێمانى

وەزارەتى پێشمەرگە ئیدانەى هێرشەکەى داعش لە خانەقین دەکات و داواى کاراکردنەوەى لیژنەی باڵای هاوبەشی سەربازى هەرێم بەغدا دەکات .

وەزارەتى پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەى ئەو هێرشەى شەوى رابردووى داعش بۆ سەر گوندی دارای سەر بە قەزای خانەقین دەکات و کە بەهۆیەوە حەوت کەسیان لە خێزانێکی کوردی کاکەیی شەهید کردوو پێنجى دیکەشیان بریندارکرد .

لە راگەیەندراوەکەدا بەتوندی دژ بە تاوانی قێزەوەنی لەو شێوەیە دەوەستنەوە، داواش لەهێزە عیراقییەکانی ئەو سنوورە دەکەن سەرو ماڵی خەڵکی بێتاوان، بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینیی بپارێزن و سەلامەتی دانیشتوانی ئەو سنوورانە لە ئەستۆى ئەو هێزانەیە کە لەو سنورە جیگیرکراون .

داواش دەکەن، لیژنەی باڵای هاوبەشی وەزارەتی بەرگری عیراق و وەزارەتی پێشمەرگە کارا بکرێتەوە، تا بەیەکەوە لەرێگەی پێشمەرگە و سوپای عیراقی کار بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیانە بکرێت، سەرو ماڵى هاوڵاتیان لەو ناوچانە بە کورد و عەرەب و تورکمان و تەواوی پێکهاتە ئاینى و نەژادییەکان پارێزراوبێت .

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەبەوەدراوە، بە ئامانجگرتنى ئەو ناوچانە و چۆڵکردنی گوندە کوردییەکان بە زەبری هێز، تاوان و کوشتن، تەنیا کاری ئەوگروپە تیرۆریستیانەیە کە لەگەڵ داعش بوون و دەیانەوێت بەو کردەوە ترسنۆکانەیان کورد ناوچەکە چۆڵ بکات و بەردەوامی بدەن بە شاڵاوی تەعریب و تەهجیر لەو ناوچانە .

لە کۆتاى راگەیەندراوەکەدا دڵنیاى بە هەموولاەیەک دراوە ئەرکی هێزەکانی پێشمەرگە رێگریکردن و لەناوبردنی خەونی گڵاوی تیرۆریستان و تاریکپەرستانی دژ بە رۆڵەکانیان دەبێت و بەتوندی بەرپەرچی هەر هەوڵ و ئامانجێکی لەو شێوەیە دەدەینەوە.