نووسینی ئۆتۆماتیکی لە شیعری نوێی کوردیدا

10/10/2020
فۆتۆ: 

هەرێم عوسمان*

لە پانتایی ڕۆشنبیریی کورددا ناوەندە ئەکادیمی‌و دەزگا ڕۆشنبیرییەکانی دەرەوەی ئەکادیمیا لێکدابڕاون، لەبری پرد، دیواری ئەستووریان لەنێواندایە، ئەمەش گرفتێکی گەورەی بەردەم پێشخستنی کۆمەڵی کوردەوارییە. دابڕانەکە بەجۆرێکە زۆرکات کارایانی هەردوولا بەزمانێکی توند لەسەر یەکدی دەنووسن، دان بەیەکدیدا نانێن، ئاگاییشیان لەبەرهەمەکانی یەکدی کەمە. نووسین لەبارەی نامە ئەکادیمییەکان هەوڵێکی بچووکە بۆ تێکشکاندنی ئەو نائاگایی‌و یەکدی نەخوێندنەوەیە، هاوکات ڕێگەیەکیشە بۆ سەرچاوەدۆزی بۆ خوێنەر و توێژەران لە دەرەوەو ناوەوەی زانکۆکانیش، چونکە لە نووسینەکاندا ڕەچاوی شارە جیاوازەکانم کردووە. بە سوپاسەوە بۆ بەڕێوبەرانی ئەم گۆڤارە کە ئەم دەرفەتەیان بۆم کردەوە، لەم ژمارەیەوە هەر جارەو تۆی خوێنەر بە نامەیەکی ئەکادیمی ئاشنا دەکەین.

ناونیشانی نامەیەکی ماستەرە (سالار کەریم) بە سەرپەرشتی (پ.ی.د. سامان عیزەدین) ساڵی ٢٠١٩ پێشکەشی ئەنجومەنی کۆلێجی پەروەردە و زمانی-زانکۆی چەرمۆی کردووە. 

نامەکە سوودی لە میتۆدەکانی (وەسفی، شیکاری، دەروونناسی) وەرگرتووە، سنووری نامەکەش لە شیعرەکانی کرمانجی خوارووی ساڵانی حەفتاکانەوە تا ئێستا دەستپێدەکات. بابەتەکەش شیعری ئۆتۆماتیکیە کە رێبازی سوریالیزم بنچینەکەیەتی، لەبەرئەوە توێژەر بەشی یەکەمی بۆ تەرخانکردووە.

بەشی یەکەم، لە سێ پار پێکهاتووە، یەکەم باسی مێژوو و بنەما مەعریفیەکانی سوریالیزم دەکات، دواتریش پەیوەندی ئەم ڕێبازە بە ڕێبازە ئەدەبییەکانی دیکەوە، لە کۆتاییشدا ڕەنگدانەوەی ئەم ڕێبازە لە ئەدەبی نووسراو و زارەکیدا خراوەتەڕوو. 

دوابەدوای ڕێبازی دادایزم، سوریالیزم وەک ڕێبازێکی هونەری‌و ئەدەبی دژە دادایی لەنێوانی هەردوو جەنگی جیهانی لە فەرەنسا سەریهەڵدا و گەشەیکرد. داداییەکان بەهۆی ماڵوێرانیەکانی جەنگی جیهانی یەکەم‌و دروستبوونی کەشێکی پوچگەرایی، بڕوایان بە جدیەت نەماو لە کۆی بەها ئەدەبی، هونەری و ئیستاتیکییەکان هەڵگەڕانەوە. هێرشیان کردە سەر عەقڵ‌و لۆجیک؛ بە بنەمای جەنگەکەیان دەبینی، لەپاڵیدا ستایشی فەوزا، ناعەقڵانیەت، نەست و ناخودئاگایان دەکرد. وەلێ داداییەکان تەمەنیان کورت بوو، لەبەر زێدەڕۆییان لە ڕەشبینی و عەبەسیەت، هاوکات ناکۆکی ناوخۆیی لەنێو دامەزرێنەرانیدا، لێرەشەوە زەمینەی سەرهەڵدانی سوریالیزم وەک جێگرەوەی دادایزم هاتەپێشەوە.

لە ساڵی ١٩٢٤ یەکەم مانیفێستی سوریالی First Surrealist Manifesto لەلایەن ئەندریە بریتۆن بڵاوکرایەوەو چەندین ئەدیب و شاعیری دادایی پەیوەندیان بە سوریالیزمەوە کرد، بەمەش سوریالیزم ڕیشەی داکوتا، زاراوەکەش بەمانای سەروو-واقیع دێت. ئامانجی سوریالییەکان دەرچوون‌و هەڵوەشاندنەوەی ئەو کۆت‌و چاودێرییانەبوو لەسەر دەرون و هۆش، بانگەشەی ئازادی ڕەهایان دەکرد. بریتۆن لە بەیاننامەکەدا ئاوا پێناسەی سوریالیزم دەکات:"سوریالیزم میکانیزمێکی دەروونی ڕەهایە کە لە ڕێگەی ئەوەوە گوزارشت لە چالاکی ڕاستەقینەی هزر دەکرێت چ بە زارەکی یان بە نووسین. ئازادکردنی بیرو هۆشە لە هەموو جۆرە چاودێرییەک کە عەقڵ و ئاوەزمەندی و لۆژیک دەیسەپێنن و پابەندی هیچ بنەماو دیسپلینێکی ڕەوشتی و ستاتیکی نابێت". سوریالیستەکان ڕێزی زۆریان بۆ خەون و وڕێنەکان لە داهێنانی هونەری‌و ئەدەبی دادەنا، خۆیان لە عەقڵ و دیسپلینە لۆجیکییەکان دووردەگرت و دۆخی دەرونی‌و خەون و وڕێنەکانیان ڕاستتر لە ڕاستیە هۆشەکی و لۆجیکیەکان دەبینی، پێیانوابوو ڕاستی مرۆڤ لە وڕێنەکانیدایە کە بێ سانسۆر دێنە دەرەوە. لێرەشەوە ڕابەرانی ئەم ڕێبازە پەنایان بۆ داهێنان و نووسینی ئۆتۆماتیکی برد، دوورکەوتنەوە لە بونیادە هزری و زمانیە پێشوەختە بیرلێکراوەکان. جوانکاری و بەهای هونەری ڕێکخستنی زمانیان فەرامۆشکرد، پێیان وابوو حەقیقەت ئەوەنیە بەچاوی سەر دەبینرێت، چوونە جیهانی سەرو واقیعەوە. جەختیان لەسەر ئەوەبوو کە بوونی مرۆڤ لایەنێکی نادیار، ناوەکی و تاریکی هەیە، کە بێ ئەم بەشە مەعنەوی و دەرونیە بوونی مرۆڤ دەرناکەوێت. خاڵێکی دیکەی سەرنجبەر ئەوەیە کە سوریالیەت پابەندی کات و شوێن نیە، بۆیە لەو لیستەی بریتۆن بۆ ناوی سوریالیستەکانی دانابوو شکسپیر و دانتیشی تیابوو، بریتۆنیش دەڵێ:"سوریالیزم نەسەرەتای هەیە نە کۆتایی". هەندێک لە سوریالیستەکان شیعریان بە هۆکاری ئازادی دادەناو ڕەهەندێکی شۆڕشگێڕیان دایە پاڵی، کە پێویستە شیعر بە دەستەجەمعی بنوسرێت، چونکە هەموو لەگەڵ ئازادیدان، بەرگریش لە ئازادبوون بووە لە هەموو کۆتوبەندە هونەری، تەکنیکی و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان. 

سەبارەت بە پەیوەندی سوریالیزم بە ڕێبازەکانی دیکەوە، نزیکی و لێکچوون لە هەندێک خاڵدا لەنێوانیان دەبینرێت، بەڵام لەگەڵ هیچ ڕ‌ێبازێکیان تەواو کۆک نەبوون، لە کلاسیزمدا سەرچاوەی شیعر هەندێکجار سروش و ئیلهام بووە، بەڵام لای سوریالیستەکان سروش و ئیلهام ڕەهەندێکی میتافیزیکی نەبووە و ئۆتۆماتیکی بووە. پەیوەندی بە رۆمانتیکەوە لەو خاڵەدایە کە بایەخ بە دەرونی تاک، ناخ و خەیاڵ دەدات، بەڵام سوریالیستەکان بایەخیان بە شێتی خودی دەدا، لەگەڵ ئەوەشدا سوریالیستەکان جۆرێک لە کۆکەرەوەی هێز و ڕەگەزە داهێنەرەکان بوون، بۆ نمونە رامبۆ و هۆڵدەلینیان بە شاعیری داهێنەر و سەرمەشق دەزانی. توێژەر لە کۆتایی ئەم بەشەدا باسی سوریالیزم لە ئەدەبی زارەکی و نووسراوی کوردیدا دەکات، ئاماژە بە جیاوازی و هاوبەشی نێوانیان دەکات. ئەدەبی کۆنی کوردی لەڕووی ناوەڕۆک، روخسارەوە جیاوازە لە سوریالیزم، بەڵام لەسەرئاستی وێنەو دەرکەوتەی بچوکی سوریالیستی دەکرێت هاوبەشی ببینرێت. بۆ نمونە لە ئەدەبی فۆلکلۆردا مەتەڵ، گاڵتەوگەپ هەن، کە هەندێکیان ڕەهەندی سوریالیستیانەیان هەیە، بۆ نمونە لەم مەتەڵانە بڕوانین، خەیاڵی گوێگر بۆ شتانێکی شەرمهێن دەبەن:

تەڕی دەکەی، پێیدا دەکەی؟ وەڵام: دەرزی درومان.

ڕەشەی بێ موو، سواری دایکت بوو؟ وەڵام: عەبایە.

دەچیتە ماڵان دایدەکەنی؟ وەڵام: پێڵاوە.     

لە لاوک و حەیرانیشدا هەمان لادان دەبینین، خۆشەویستی کوڕو کچی ئاین جیاواز(لاوکی میرەمێ)، هەڵگرتنی ژنی خاوەن مێردو مناڵ(لاوکی زراوێ). لە ئەدەبی کلاسیکیشدا نموونەی نالیمان هەیە، کە زۆر سوریالیستانە تەکنیکی (خەون) بۆ دەربڕینی ئازادانە بەکارهێناوە، ئەمەش لە شیعرەکەی لەسەر مەستورەی ئەردەڵانی دەبینین. سەبارەت بە ئەدەبی نوێش وێڕای پۆلێنکردنی بۆ سێ قۆناخ، یەکەم لە شێخ نوری و گۆران، دواتریش لە حەفتاکان و پاشان لە کۆتایی هەشتاکان بە دواوە قۆناخی سێیەم دەستپێدەکات. هەریەک لەم سێ قۆناخە رەهەندی بابەتی و هونەری سوریالیستی لە شیعرەکانیاندا دەبینرێت، کە توێژەر بەشی سێیەمی بە پراکتیکی بۆ ئەم مەبەستە داناوە.

بەشی دووەم، ئەم بەشە تەرخانە بۆ ڕۆشنکردنەوەی نووسینی ئۆتۆماتیکی، چەمک، بنەما و میکانیزمەکانی و بۆچوونە ڕەخنەییەکان لەبارەیەوە. نووسینی ئۆتۆماتیکی هەوڵێکە بۆ دەرچوون لەم جیهانە و گەیشتن بە جیهانێکی دیکە. 
نووسینی ئۆتۆماتیکی وەک میشێل کاروج دەڵێ، ڕیشەیەکی دێرین و نوێی هەیە. سەرەتاکانی بیرکردنەوەی مرۆڤ کە لە ئەفسانەکانەوە دەستپێدەکات رەهەندی ئۆتۆماتیکی زاڵبووە، دواتر لە ئاین و بەتایبەت شەتەحات و سۆفیگەریدا بەهەمانشێوە. دواتر توێژەر لایەنی ئۆتۆماتیکی لە فەلسەفە و بەتایبەت فەیلەسوفانی پێش سوکراتدا دەخاتەڕوو. لە ئەدەبیاتی کۆنیشدا بۆ شیعری(لیریک) کە دەنگی خودی تێیدا زاڵە دەگەڕێتەوە.

نیشتمانی یەکەمی زاراوەکەش یۆنانە، لە هەردوو وشەی Auto واتە خۆیی، matos واتا بیرکردنەوە، کە هەردووکیان وشەیەکی لێکدراویان بە واتای کارکردن لە خۆوە[خۆکار] دروستکردووە. لە زمانەکانی دیکەشدا بە گشتی ئەم مانایانەی هەیە: ئامێرێکە کۆنترۆڵی کارێک دەکات، بەبێ ئەوەی مرۆڤ بەشداری بکات، تەنیا مرۆڤ دەیخاتەکار، بۆ نمونە چەکی ئۆتۆماتیکی. بە واتای خۆبەخۆیانەو بەبێ بیرکردنەوە و لە خۆڕاو لە خۆوەش دێت. نووسینی ئۆتۆماتیکی لادانە لەنووسینی هزری‌و ڕەچاوکردنی لایەنی جوانی و ئاکاری، ڕەتکردنەوە بنەما ستانداردەکانی نووسینی شیعرە. لە فەرهەنگی سیمادادا هاتووە، کە ئەم جۆرە نووسینە بەبێ ئیرادە و ویستی شاعیرو دوور لە کۆنترۆڵی عەقڵ‌و ئاگایی دەنووسرێت، زیاتریش لەبیرۆکەی خەواندنی دەستکردو خۆبێهۆشکرد و سڕکردن بە هۆکاری دەرمان ئەنجام دەدرێت. بریتۆن خۆی پزیشکێکی دەروونی بووەو سەرسام بووە بە لێکدانەوە دەروونناسەکانی فرۆیدو بۆ بنەماکانی سوریالیزم سوودی لێوەرگرتووە، لەبەرئەوە هەندێک ڕەخنەگر دەڵێن، بیرۆکەی سوریالی لە تێکەڵاوکردنی دادایی و تێزەکانی فرۆیدەوە سەرچاوە دەگرێت. فرۆید و شوێنکەوتووەکانی نووسینی ئۆتۆماتیکیان بۆ دۆخی هەندێک لە نەخۆشەکان بەکاردەهێنا، تا ئەو شتانەی لە زیهنیاندایە دەریبهێنن. فرۆید پێیوایە ئەدەب بەرهەمی نەست و جیهانی ناوەوەی ئەدیب و شاعیرانە، دەڵێ، شاعیر بێ ئەوەی خۆی بزانێ، جیهانی نەستی دزەدەکات نێو هەستیەوەو خۆی بەناڕاستەوخۆ دەخزێنێتە نێو دێڕە شیعرەکانییەوە.

لە سوریالیەتدا وێڕای بایەخدان بۆ ناعەقڵانیەت، نالۆجیکی، ناماقوڵیەت، جیهانبینییەکی مناڵانەیان گەشەپێدا، کە مناڵئاسا دوور لە یاساو پێڕەو سەیری گەردوون بکەن، دوربن لە زمانێکی ڕێکخراو و جیهانێکی ڕێکوپێک، کەواتە وێڕای تێکشکاندنی زمانی ئاسایی، زمانی شیعری ستانداردیش تێکدەشکێنێت. شاعیر باری نێرو مێ، تاک و کۆ لە ناوەکان وەردەگرێتەوە، ڕێکخستنی هەفتە هەڵدەوەشێنێتەوە، لەناونانی شیعردا فێڵ و هەڵگەڕانەوە دەکەن، شیعرەکانیان ناودەنێن بەختەوەری و لەسەر نابەختەوەری دەنووسن. دواتر توێژەر باسی پەیوەندی ئۆتۆماتیکی و سۆفیگەری دەکات، هەروەها میکانیزمەکانی بەمجۆرە دەخاتەڕوو: ڕێکەوت، خەون و کاتەکانی نێوان خەون و ئاگایی خەواندنی موگناتیسی، میکانیزمی لاشەی بەتام و هەڵاوێردکردنەوەی پرسیار و وەڵام، کۆنووسی شیعر...هتد.

بەشی سێیەم، تەرخانە بۆ پراکتیزەکردنی نووسینی ئۆتۆماتیکی لە شیعری کوردیدا. سەرەتا ئاوڕ لە ئەدەبی زارەکی دەداتەوە. پاری دووەمیش بۆ شیعری حەفتا و هەشتاکان دەگەڕێتەوە، ئێمەش کەمێک زیاتر لەسەر ئەمە دەوەستین، چونکە وەک توێژەر دەڵێ، نووسینی ئۆتۆماتیکی بە چەمکە ئەکادیمییەکەی وەک ئەوەی سوریالیزم دەیخوازێت، هەتا ساڵانی حەفتاکان پەیدانەبووە. توێژەر لەسەرەتاوە پۆلێن‌و ریزبەندیەک بۆ ئەو شاعیرانەی شیعرەکانیان دەچنە خانەی سوریالیزمەوە دەکات.

١ـ هەندێک لە شاعیران، سوریالیزمیان وەک یاخیگەری لە داب‌و کەلتووری کۆمەڵایەتی و سیاسی و هەماهەنگ بە رۆحیەتی سۆفیگەری و دژەباو و بنەماشکێنی دەبینیەوە، نمونەی ئەمانە شاعیرانی گروپی کفری‌و بەتایبەت لەتیف هەڵمەتە، بەڵام ئەم شاعیرانە تەکنیکی ئۆتۆماتیکیان بەکارنەهێناوە، جگە لە شکاندنی فۆرمی باوی شیعری و خولقاندنی زمان و فەزایەکی نوێی شیعرەوە.

٢ـ هەر لەم قۆناخەدا شاعیری دیکەمان هەبووە، بە هۆشیارییەوە سوریالیزمی بەکارهێناوە، تەکنیک و شێوازی سوریالی بەکارهێناوە، ئەویش عەباس عەبدوڵڵا یوسفە کە بۆ نووسینی ئۆتۆماتیکی دەستپێشخەر بووە. یەکەم هەوڵیشی لە دیوانی "ئاو"دا دەبینرێت، کە بە تەکنیکی کۆلاج کە تایبەت‌بووە داداییەکان، نووسیویەتی. دواتریش لە دیوانی "لم نیازمە" پەرەی بە نووسینی ئۆتۆماتیکیداوە، لە شیعرێکیدا هاتووە:

سپێدێ، هەوار بەتاڵە، لمی زەردی قژی شازادەی فارگۆنەکان لەبەر خۆرەتاو دەقرچێنن
دەمانسوتێنن
سبەی، وەی لۆ، لمم ڕۆ،
دەبا کوڕی جیوەدارم گڕدەم، کوڕمە و مەشخەڵی گیانبازۆزی شەوەزەنگ دەسوتێنێ
عیو- عیوی قەتارە، درەنگە.

زمانی ئەم تێکستە فۆرمێکی ئاڵۆزو تێکشکاوە، لێرەدا پانۆرامای ڕووداوێکی زیهنی لەنێوان رۆژ و شەوێکدا دروستکردووە؛ سپێدە سەرەتای ڕۆژەو بەرەو سوتاندنی (شەوەزەنگ) هەنگاو دەنێ. لمی زەردیش ئاماژەیە بۆ تیشکی خۆر. شاعیر بەشێوەیەکی پڕ لە دژخوازی لەنێوان فۆرم و واتای وشەکاندا کۆپلە شیعرەکەی بونیادناوە، بۆ نمونە لەنێوان نیشتەجێبوون و جوڵەدا، دەڵێ، (هەوار بەتاڵە)، هەوار شوێنی نیشتەجێبوونە، بەڵام بەتاڵ گوزارشت لە کۆچ و نەوەستان دەکات. شاعیر تەکنیکی سوریالیستەکانیشی بەکارهێناوە، بۆ نمونە لە زەقکردن و گەورەکردنی پیتەکاندا. دواتر توێژەر ئاماژە بە دەنگێکی هەشتاکان دەکات کە درێژەپێدەری ئەم شاعیرە بووە، ئەویش محەمەد باوەکرە، لە یەکەم دیوانییەوە بەناوی (هەڕمێن) بەشێوازێکی نائاسایی دەستیپێکردووە. دەقەکانی ئاڵۆزن، ئەمەش بۆ وشەو زاراوەکانی ناگەڕێتەوە بەڵکو زیاتر ناوەڕۆکی گرتۆتەوە:

ئەو دەقیانوسەی منی کردە
هێلکە شەیتانۆکە و خۆم خۆم خواردەوە
ئەو دەقیانوسە یەخەی گرتم و شەوانی
کپی و پردەکانی
لێ شاردمەوە
تۆوی ئەو دەقیانوسە
لە بوخچەمدا دەژی!

سەرخانی ئەم کۆپلەیە دوورە لە گەمەی زمانی‌و ڕێزمانی، بەڵام ئاستی ژێرخانی قوڵ و ئاڵۆزە، کە گوزارشت لە نەست‌و دەرونی شاعیر دەکات، بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی وێنەو گرتەی سەرنجڕاکێشی دروستکردووە. خوێنەر لەم کۆپلەیەدا هەست بە دابڕانی لۆجیکی، واقیعی دەکات، هەست بە بێ رێساو یاسایی دەکات.

یەکێکی دیکە لە بەرهەمە گرنگەکانی نووسینی ئۆتۆماتیکی خۆی لە دەقی"زرنگانەوەی داهاتوو"دا دەبینێتەوە، کە ئەحمەدی مەلا و فەرهاد پیرباڵ لە نەوەدەکاندا بە هاوبەشی نووسیویانە. ئەحمەدی مەلا لەبارەی ئەم شیعرەوە دەڵێ: "سێ کاخەزی سپی لێ نەنووسراومان هێنا، پانزە بۆ فەرهاد، پانزەکەی تریش بۆ من، ناونیشانێکمان دەستنیشانکرد و هەریەکەمان قەڵەمەکەی گرتە دەست...لە ژوورێکی بچوکی تاریکی شاری شاری گەورەی پاریسدا، دوو کوردی ئاوارە، دوور لە زێد و نیشتمان، یەک ناونیشانیان هەڵدەبژارد و دوو شیعریان دەنووسی، ئەمیان شیعرێک و ئەویان شیعرێک... هەردوو شاعیر بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی، هەریەکەیان بە دیدو هەژانی تایبەتی خۆیەوە شیعرەکەی لێ دادەچۆڕا". ناونیشانەکە خۆی سەرنجڕاکێش و پارادۆکسێکی سوریالیانەیە، چونکە زرنگانەوە بۆ دەنگێکە لە ڕابردوودا نەک داهاتوو، لە ناونیشانی ڕۆژنامەی ئەم شیعرەدا هاتووە:

ڕۆژنامە
لاپەڕەی یەکەم دەنگوباسی درۆ، لاپەڕەی دووەم
درۆی دەنگوباس، لاپەڕەی سێیەم درۆ و دەنگوباس
تێکەڵن، لاپەڕەی چوارەم فێڵی دەنگ و باس، لاپەڕەی
پێنجەم دەنگوباس و فێڵ، لاپەڕەی شەشەم هەردوو
پێکەوە....- ئەحمەدی مەلا
ڕۆژنامە
من هیچ دوژمنایەتیەکم لەگەڵ ڕۆژنامە نییە
ئەگەر هەشمبێ، ئەوا هی سەردەمی مناڵیمە
ڕۆژنامە خراپەی چیی هەیە؟...- فەرهاد پیرباڵ

ئەم دەقە خۆڕەهاکردنێکی تەواوی پێوە دیارە، لە تێکشکاندنی فۆرم‌و ناوەڕۆک، شاعیران عەفەویانە نووسیویانە. دواتر توێژەر باسی شیعرێکی هاوبەشی پێنج شاعیر دەکات، کە لە ساڵی ٢٠٠٠ ڕاستەوخۆ لەبەردەم جەماوەر لە کۆڕێکی شیعریدا نووسیویانە، ئەمەش نمونەی شیعری ئۆتۆماتیکی ڕاستەوخۆیە. 

لە کۆتاییدا توێژەر بە چوار خاڵ ئەنجامی نامەکەی دەخاتەڕوو، کە ڕێبازی سوریالیزم پاش بڵاوبوونەوەی لە ئەدەبی عەرەبی هاتۆتە ناو ئەدەبی کوردی، نوسینی ئۆتۆماتیکی میکانیزمێکی بنەڕەتی ڕێبازی سوریالیزمە لە ئەدەبی کوردیدا تێکەڵی ئەدەبی زارەکی‌و ژانرە جیاوازەکان بووە. لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسی، کۆمەڵایەتی‌و ئابوورییەکان ئەم تەکنیکە زیاتر گرنگی پەیداکرد، شاعیرانی ناوخۆ و تاراوگەش پێکەوە کاریان کرد، هاوکات گۆڤارو بڵاوکراوەی تایبەتیان هەبوو کە بایەخی بەم ڕێبازو تەکنیکە دەدا. ئەو میکانیزمانەی بۆ دەقی ئۆتۆماتیکی بەکارهێنراون، لەوانە کۆنووسی شیعری، خوێندنەوەی ڕاستەوخۆ لەبەردەم جەماوەردا، میکانیزمی پرسیار و وەڵامی سوریالی‌و تەقاندنەوەی هەستی نائاگا، توێژەر لە کۆتا خاڵدا دەڵێ، نووسینی شیعری ئۆتۆماتیکی زیاتر لەناو شاعیرانی هەولێر بەربڵاوە، بەشێکی ئەو شاعیرانە هەمان ئەو شاعیرانەن لە هەشتاکاندا بە (گروپی پێشڕەو) ناسرابوون.