ئەمڕۆ شەش توشبووی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە

11/10/2020
شەش توشبووی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستدا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
سلێمانی

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەش توشبووی دیکەی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی گیانیان لەدەستداوە.

د. یاد نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماری ئەمڕۆی توشبووانی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ٤٣ نەخۆشی کۆرۆنا داخلی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کراون .

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا ١٩٦ توشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە خەوێندراون کە ٣٩ کەسیان لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدان.

ئەوەشی خستەڕوو، هەر ئەمڕۆ سێ توشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی ئاسا و دوو توشبوو لە نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ و توشبوویەکیش لە نەخۆشخانەی شەهید هێمن لە شاری سلێمانی گیانیان لەدەستداوە.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ڕاشیگەیاند، تاوەکو ئێستا هەزار و ٨٠ چاکبووی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی، پلازمای خوێنیان بەخشیوە.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، ٥٥ هەزار و ٧٤٥ کەس لە هەرێم تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش هەزار و ٩٩٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٣٤ هەزار و ٨٨٠ توشبووش بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.