حکومەت موچەی مانگی نۆ دابەش دەکات

12/10/2020
فۆتۆ: 

وەزارەتی دارایی داوای لە گەنجینەکان کردوە لیستی موچەی مانگی ئەیلول ئامادەبکەن بە لێبڕینی سەدا 18 بۆ ئەوەی موچە دابەشبکرێت.

بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی کە ئەمڕۆ ئاراستەی گەنجینەی شارەکانی کردوە داوایکردوە لە جیاتی لیستی موچەی مانگی چوار لیستی مانگی نۆ ئامادەبکەن ئەوەش لەسەر داواکاری نوسراوی وەزارەتی دارایی عێراق لە رۆژی 15 ی ئاب.

وەزارەتی دارایی لە نوسراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردوە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم لە رۆژی حەوتی ئەم مانگە بڕیاریدا بە پابەندبوون بە خشتەی دابەشکردنی موچەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆیە پێویستە لیستی موچەی مانگی ئەیلول ئامادەبکرێت.

ئەوە لەکاتێکدایە هیشتا حکومەتی هەرێم موچەی مانگەکانی (8،7،6،5،4) دابەش نەکردوە و نازاندرێت چارەنوسی ئەو چەند موچەیە چی لێ دێت.

بەپێی زانیارییەکان و وتەکانی سەرۆکی حکومەت لە پەرلەمان پێ دەچێت حکومەتی هەرێم بە ڕاگەیەندراوێک سێ موچە لەوانە پاشەکەوت بکات و بیخاتە ئەستۆی کابینەی هەشتەمی حکومەت بەو پێیەی کە ئەم کابینەیە دەستبەکاربوون سێ موچە دواکەوتووە.

هەروەها دوو موچەکەی دیکە کەکابینەی نۆ دابەشی نەکردوە بخرێتە ئەستۆی حکومەتی عێراق بەو پێیە بە وتەی سەرۆکی حکومەت عێراق شایستە داراییەکانی هەرێمی بۆ چەند مانگێک ڕاگرتووە و نەیناردوە بۆیە حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە ئەو دوو موچەیە دابەش بکات.

ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ 55 رۆژە حکومەتی هەرێم هێچ موچەیەکی دابەش نەکردوە و تا ئێستاش هیچ وادەیەک بۆ دابەشکردنی موچە دیارینەکراوە.