سەركۆ گەڵاڵی: حكومەت دەیەوێت بە نوسراوێك موچەی پێنج مانگی موچەخۆران بخوات
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان پشتراستی دەكاتەوە كە حكومەتی هەرێم لە هەوڵدایە بە نوسراوێك موچەی پێنج مانگی موچەخۆران و نەدات و هیچ لە ئەستۆ گرتن و پاشەكەوتێكیش نەیگرێتەوە.
سەركۆ ئازاد گەڵاڵی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: حكومەت بۆ خۆ دەربازكردن لەو شكستەی كە ناتوانێیت موچە بدات، دەیەوێت بە نوسراوێك موچەی پێنج مانگی موچەخۆران بخوات و نەیدات.
ئەوەشی روونكردووەتەوە بۆ ئەو كارەی حكومەتی هەرێم ئامادە نیە هیچ لە ئەستۆگرتن و قەرز و پاشكەوتێكیش، بەرامبەر موچەخۆران بخاتە ئەستۆی خۆی.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەوەشی راگەیاندووەی "وەزارەتی دارایی لەسەر ڕاسپارەی كۆبونەوەی ڕۆژی چوار شەمە ٧-١٠-٢٠٢٠ ی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە بە پابەندبوون بە خشتەی دابەشكردنی موچەی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ كە ئەمە ستەم و تاڵانكاریەیكی ئاشكرای مافێكی سەرەتایی موچە خۆرانە و نابێت لیژنەی دارایی پەرلەمان و ئەندام پەرلەمانەكان و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری بێدەنگ بن لەم زوڵم و ستەمە".
گەڵاڵی لە نوسینەكەیدا كە كۆپیەكی بۆ (تۆڕی هەواڵی ژیان) ناردووە داواش دەكات "لە سەرۆكایەتی پەرلەمان، كۆبونەوەیەكی نائاسایی ئەنجامبدات بۆ ڕاگرتنی ئەم بریارە نایاساییەی حكومەت" و داواش لە موچەخۆران دەكات پشتیوانیان بكەن.
|