پێشمەرگە و سوپای عێراق رێكەوتنێكی نوێیان ئەنجامدا

13/10/2020
فۆتۆ: 

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندنی وەزارەتی پێشمەرگە لە بەغدا رایگەیاند توانیویانە بگەنە رێكەوتن و سێ خاڵ یەكلایی كراوەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی شانەی راگەیاندنی سەربازی عێراق، دوای كۆبوونەوەی لیژنەی هەماهەنگی سەربازی و كاری ئەمنی هاوبەشی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێم گەیشتوونەتە سێ خاڵی هاوبەش بۆ كاروبارەكانی داهاتوویان. 

بەگوێرەی ئەو رێكەوتنەی ئەمڕۆ لەنێوان هەردوو شاندەكە ئەنجامدراوە سەنتەرێكی هاوبەشی ئەمنی لە هەولێر و بەغدا دەكرێتەوە و لیژنەی ئەمنی و سەربازی و مەیدانی هاوبەش بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستەنگە ئەمنیەكان دەكرێتەوە. 

ئەو دوو هێزە رێكیشكەوتن لەسەر ئەوەی لە رووی ئەمنی و سەربازی لە سنوری دیالە دەست بكرێت بە دروستكردنی سەنتەری هەماهەنگی ئەمنی هاوبەش.

شانەی راگەیاندنی سەربازی عێراق ئەوەشی ئاشكراكردووە، رێكەوتوون لەسەر شێوازی كاركردنی بازگە و خاڵەكانی پەیوەندی هاوبەش و پلاندانان بۆ جێبەجێكردنی پرۆسەی سەربازی و ئەمنی هاوبەش دژ بە تیرۆر و تاوانەكان.