وەزیری دارایی عێراق: داهاتی نەوت بەشی موچە ناکات

13/10/2020
فۆتۆ: 

عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، عێراق ڕوبەڕوی کاریگەریی مەترسیدار دەبێتەوە، چونکە داهاتی نەوت بەشی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان ناکات.

وەزیری دارایی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی هاوبەشدا کە ئەمڕۆ لەگەل ئەحمەد مولا تەلال وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق سازیکردبوو، ڕایگەیاند "پەڕە سپییەکەی حکومەت نەخشە ڕێگایەک دەبێت بۆ چاکسازی دارایی و ئابوری لە عێراق، ئامانجی سەرەکیش لەو کارنامەیە گواستنەوەی ئاراستەی ئابوری ئێستایە بۆ دۆخی داهاتوویەکی باشتر کە بگونجێت لەگەڵ گەشەسەندنەکانی جیهاندا".

عەلاوی جەختیکردەوە، پەڕە سپییەکەی حکومەت ئاراستەی لایەنی دارایی و ئابوری دەکرێت، کە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی چاکسازیکردنە لە دۆخی پارێزگاکان.

وەزیری دارایی عێراق ڕوونیشیکردەوە، کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوریەکان کارێکی گرنگە، بەڵام داهاتە ناو نەوتییەکان بەشی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان ناکات و کاردەکەن لەسەر زیادکردنی سەرچاوەی داهاتەکان.

لە لایەکی ترەوە ئەحمەد مولا تەلال لەو کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەدا ڕایگەیاند، ماوەی جێبەجێکردنی پەڕەی سپی حکومت لە نێوان ٣ بۆ ٥ ساڵدایە و ئەرکی حکومەتە کاربکات بۆ دامەزراندنی سیاسەتێکی ئابوری رەسەن.

وتەبیژی کازمی جەختیکردەوە، سەرخستی پەڕە سپییەکەی حکومەت، عێراق دووردەخاتەوە لە کاریگەریی دابەزینی نرخی نەوت و ڕێگریش دەکات لە دووبارەبوونەوەی قەیرانی موچە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ بڕیاریداوە بە دابەشکردنی لە ٣٠%ی شایستە داراییەکانی جوتیاران، چونکە کەمی بودجە و نەبوونی پارەی کاش کێشەی دارایی دروستکردووە، بەڵام حکومەت بڕیاریداوە بە دابەشکردنی تۆ و پەینی کیمیایی بەسەر جوتیارەکان و کۆمەککردنی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ ئەو مەبەستە.

پەڕەی سپی حکومەت بریتییە لەو پلانەی کە حکومەتی عێراق بەنیازە لە ساڵی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٣ جیبەجێ بکات، کە خۆی دەبینێتەوە لە زیادکردنی داهاتەکان و کەمکردنەوەی خەرجییەکان، هەروەها چاکسازی لە وەزارەتی دارایی و سیستمی ئیداری دارایی و ئەنجامدانی چاکسازی لە کەرتی دارایی و بانکی لە عێراق و  بایەخ دان بە کەرتی تایبەت و کاراکردنی سندوقی کەرتی تایبەت و دابینکردنی شایستە داراییەکانی بەڵێندەران و کۆمەککردنی ئەو کۆمپانیایانە کە خۆیان بنیات ناوەتەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئەو کۆمپانیایانەش کە شکستیان هێناوە و کەوتوون.

بەشێکی تری پەڕەی سپی حکومەت تەرخانکراوە بۆ ژێرخانی ئابوری وڵات، بە تایبەت باشترکردنی کەرتەکانی ژێرخانی ئابوری بنەڕەتی وەک وزەی کارەبا و  پەیوەندییەکان و کەرتی گواستنەوە بە هەموو جۆرەکانەوە تا دەگات بە ناوچەی ئابوری ئازاد و شارە پیشەسازییەکان.

دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و دووبارە داڕشتنەوەی سیستمی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و چاکسازیکردن لە یاسا و سیستمی خانەنشینی یەکگرتوو بۆ کەرتی تایبەت و گشتی و دانانی پلانی دروستکردنی قوتابخانە لەسەرانسەری عێراقدا.