وەزارەتی دارایی بەنیازە چی لە موچە بکات؟

14/10/2020
فۆتۆ: 

نزیکەی 2 مانگ بەسەر دابەشکردنی دوایین موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێپەڕی بەڵام حکومەت موچەی دابەشنەکردووە، لەکاتێکدا بەشی موچەیەکی تەواو پارەی لەبەردەستە.

رۆژی 18ی ئابی ئەمساڵ، وەزارەتی تەندروستی وەک یەکەم وەزارەت مووچەی مانگی ئازاری وەرگرت، حکومەت موچەکەشی بەپێی ئەو داهاتانە دابەشکرد کە دەستی کەوتبوو.

ئەگەر لە رۆژی دابەشکردنی موچەی وەزارەتی تەندروستیییەوە رۆژەکان ئەژمار بکرێن حکومەت نزیکەی 2 مانگە موچەی دابەشنەکردووە، بەپێی لێکدانەوەی بەیاننامەکانی وەزارەتی دارایی بێت لایەنی کەم ئێستا حکومەت بەشی مووچەیەکی تەواوی فەرمانبەران داهاتی هەیە، ئەگەر حکومەتی عێراقیش مووچە نەنێرێت.

بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی داهاتی مانگێکی حکومەت بەمشێوەیە:

تەمویلی بەغدا: 320 ملیار دینار
- وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: 270 ملیار دینار
- داهاتی ناوخۆ: 120 ملیار دینار 
- تەمویلی هاوپەیمانان: 20 ملیار دینار 
کۆی گشتیی ئەو بڕە پارەیە دەکاتە 730 ملیار دینار.

ئەگەر داهاتەکانی حکومەت جگە لە تەمویلی بەغدا لێکدانی دوو مانگ بکەین دەکاتە 820 ملیار دینار، ئەو بڕە پارەش نزیکە لە مووچەی مانگێکی فەرمانبەران بەبێ لێبڕین.

بەڵام سەرباری ئەوەی پارەی پێویستی لەبەردەستە، حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە تاوەکو حکومەتی ناوەندی بڕی 320 ملیار دینارەکە نەنێرێت موچە دابەشناکات.

زۆربەی شارەزایانی ئابووری جەخت لەوە دەکەنەوە کە حکومەت یاری بە دابەشنەکردنی موچەوە دەکات، دەیەوێت لەو رێگەیەوە بڕێکی زیاتر پارە کۆبکاتەوە بۆ مانگەکانی داهاتوو.

ئەگەر هاوشێوەی مانگەکانی دیکەی ئەمساڵ موچە دابەشبکرێت گومانی ئەوە دەکرێت حکومەت ئەم مانگە بە دابەشکردنی موچەی مانگی  9 تێپەڕێنێت تاوەکو ساڵی  داهاتوو یەک موچەی دیکەی دابەشبکات.


چەند رۆژی رابردوو وەزارەتی دارایی گەنجینەکانی ئاگادارکردووەتەوە لەبه‌ر رۆشنایی نووسراوێکی وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی فیدراڵ  و کۆبوونەوەی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیاردرا به‌ پابه‌ندبوون به ‌خشته‌ی دابه‌شكردنی موچه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی فیدراڵ، بۆ ئەم مه‌بەسته‌ لیستی موچەی مانگی 9ی 2020 به‌ ته‌مویلكردنی 82% ئاماده ‌بكه‌ن بەو پێیەش بێت موچەی پێنج مانگی رابردوو کەوتووەتە بەردەم چارەنووسێکی نادیار.

بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم چووە پەرلەمان و لەگەڵ لیژنەی دارایی کۆبووەوە، ئاوات شێخ جەناب بە پەرلەمانتارانی راگەیاندووە، ئەو موچانەی دواکەوتەوە سێ مانگیان پاشەکەوت دەکرێت چونکە هی کابینەی رابردووە.

هەرچەندە حکومەتی عێراق لە قەیرانێکی دارایی قوڵدایە و دەیەوێت بە قەرز مووچەی فەرمانبەرانی خۆی دابین بکات، بەڵام ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە، لەگەڵ عێراق لە گفتوگۆین بۆ ئەوەی ئەوان ئەو دوو موچەیەی لەم کابینەیە دواکەوتووە بماندەنەوە و دابەشی بکەین، زۆربەی ئاماژەکان بۆ ئەوەن حکومەتی عێراق ئەو پارەیە نادات و مووچەی ئەو دوو مانگەش وەک پاشەکەوت دەکەوێتە بەردەم چارەنووسێکی نادیار.

شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند: ئەمە پێچەوانەی یاساین و ئەگەر یاسا سەروەر بێت دەبێت لێپرسینەوە لەو بابەتە بکرێت. 

لەساڵی 2015ەوە تا ئێستا حكومەتی هەرێم موچەی 12 موچەی بەتەواوەتی پاشەكەوت كردووە و 32 مانگیشی بە پاشەكەوتەوە دابەشكردووە و دوو مانگیش بە لێبڕینی لەسەدا 21  دابەشکردووە، بە وتەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم كۆی گشتی قەرزی پاشەكەوتی موچە لەسەر حكومەت نزیكەی نۆ ملیار دۆلار.  

حکومەتی هەرێم تا ئێستا هیچ نیازێکی پیشاننەداوە بۆ پێدانەوەی موچەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەران، هەروەها ڕێگە بە فەرمانبەران نادات قەرزەکانی وەک کارەبا و ئاو لەو پارەیە بدەن، سەرەڕای چەندین داواکاری لەو بارەیەوە.