کەسایەتییە ئێزدییەکان چۆن لە سیمێل و شێخان دەکوژرێن؟

15/10/2020
فۆتۆ: 

لە ماوەی چەند رۆژێک ئێزدییەکان دوو کەسایەتی دیاریان لەسنوری پارێزگای دهۆک لە دەستدا کە هەردووکیان لە رێگە دەستڕێژی گوللـەوە کوژران، ئەوەش کاردانەوە و نیگەرانی بەدوای خۆی هێنا.

رۆژی 4ی ئەم مانگە،  بەشیر گۆریا بازرگان و کەسیایەتییەکی دیاری ئێزدییەکان لە دەروازەی "گوندی بێبان" لەسەر رێگەی سەرەکیی شێخان-ئەلقوش  بە دەستڕێژی گوللـە کوژرا.


 بەشیر حوسێن گۆریا دانیشتووی کۆمەڵگەی ریسالە و کەسێکی دیاری ناوچەکە بووە بەتایبەت لە نێو ئێزدییەکان، ساڵی 1976 لە گوندی مشرفی سەر بە شارۆچکەی ئەلقووش لەدایکبووە، بازرگانی خواردنەوە کحولییەکان بووە.


بەشیر گۆریان چەندین کاری خێرخوازی ئەنجامداوە و لە نێو ئێزدییەکان کەسایەتییەکی خۆشەویست بووە، لە سەر ئەرکی خۆی سەنتەرێکی بۆ منداڵانی بێ سەرپەرشت و ئەوانە کردووەتەوە کە لەدەستی داعش رزگارییان بووە.


هەرچەندە بەشیر گۆریان لە سنوری پارێزگای دهۆک کوژرا، بەڵام هەفتەیەک دوای رووداوەکە  دوو کەس لە بەغدا بە تۆمەتی کوشتنی ناوبراو دەستگیرکران، دەزگا ئەمنییەکان هیچ زانیارییەکی دیکەیان لەبارەی دۆسییەکەوە ئاشکرا نەکردووە.
 
چەند رۆژێک دوای کوشتنی بەشیر گۆریا، درەنگانێکی رۆژی 13 ئەم مانگە شێخ پاشا مەحمود، چالاکوانی دیاری ئێزدییەکان لە قەزای سێمێل سەر بە پارێزگای دهۆک کوژرا، بە وتەی پۆلیس چەند کەسێک تەقەیان لە شێخ پاشا کردووە و لەجێگەی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە.

لەبارەی کوشتنی شێخ پاشا پۆلیسی دهۆک باسلەوە دەکات، بەھۆی کێشەی کۆمەڵایەتی کوژراوە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو کەسانە دەرچووە کە تەقەیان لێکردووە.

شێخ پاشا مەحمود بە "باوکی شنگال" ناسرابوو، کەسایەتییەکی دیارو چالاکوانێکی نێو ئێزدییەکان بووە لە سنوری دهۆک، نزیکەی 6 ساڵە بەھۆی ھێرشی چەکدارانی داعش بۆسەر شنگال ئاوار بووە و  روویکردووەتە سنوری دھۆک.


شێخ پاشا لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و نیشاندانی کەیسی نەخۆش و هەژارەکان توانیبووی هاوکاریی بۆ سەدان کەسی لێ قەوماوی ئێزدی دابین بکات کە لەدوای هێرشی چەکدارانی داعشەوە ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ بوون.


کاردانەوەکانی کوشتنی ئەم دوو کەسایەتییە دیارەی ئێزدییەکان لە سنوری پارێزگای دهۆک، تائێستاش بەردەوامە و کەسوکارەکانیان و چالاکوانانی ئێزدی داوای لێکۆڵینەوەی زیاتر و ئاشکراکردنی هۆکاری راستەقینەی رووداوی کوشتنیان دەکەن.