پاپای ڤاتیکان: برسێتی مایەی شەرمە بۆ مرۆڤایەتی

17/10/2020
فۆتۆ: 

پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان ڕایگەیاند، برسێتی بۆ مرۆڤایەتی بە تەنها کارەسات نییە، بەڵکو لەکە و شەرمە بۆ مرۆڤایەتی.

لە نامەیەکدا بۆ بەڕێوەبەری ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی (فاو) پاپا کە بەبۆنەی  ٧٥ هەمین ساڵی دامەزراندنییەوە ئاراستەی کردبوو وتی "ئەرکەکەتان جوانە و گرنگە چونکە ئێوە کار دەکەن لە پێناو نەهێشتنی برستێتی و نەبوونی ئاسایشی خۆراک و بەدخۆراکی ، برسێتی هۆکارەکەی بەزۆری دابەشبوونی نادادپەروەرانەی بەرهەمی زەوی و کەمی وەبەرهێنانە لە بواری کشتوکاڵی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و وزیادبوونی ململانێ و ناکۆکییەکان لەناوچە جیاجیاکانی جیهان، هەروەها لەناوبردنی چەندین تۆن خۆراک، بۆیە لەبەردەم ئەو دۆخەدا ناتوانین دەستەوستان و بێدەنگ بوەستین، چونکە هەمووان بەرپرسیارین".

هەر لەنامەکەیدا بۆ ڕێکخراوی فاو پاپا داوای کاری هاوبەشی کردووە لە پێتناو دروستکردنی دەستپێشخەریی و کارکردن لەسەر باشترکردنی ژینگەی دەوروبەر ، هیواشی خواستووە لەم ماوەیەدا کە فایرۆسی کۆرۆنا دۆخەکەی قورس و گران کردووە، هەوڵەکان یەکبخرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو دەستپێشخەریانەی کە ڕێکخراوەکان ئەنجامی دەدەن وەک رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی و پرۆگراکی خۆراکی جیهانی و سندوقی گەشەپێدانی کشتوکاڵ، بە ئامانجی بەهێزکردنی پێگەی کشتوکاڵ و کۆمەککردنی گروپە کشتوکاڵییە بچووەکان و هاوکاریکردنی بوژاندنەوەی گوند و ئەو وڵاتانەی کە زۆر هەژارن.

لە کۆتایی وتەکانیدا پاپای ڤاتیکان نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لەوەی، پەیێی دوا سەرژمێرییەکانی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی، و سەرباری ئەو هەوڵانەی کە لەچەند دەیەی ڕابردوودا دراوە، بەڵام ژمارەی برسییەکان و نەبوونی ئاسایشی خۆراکی بەرەو زیاتر دەچێت، بە تایبەت ئەم پەتایەی کە ئێساش لە ئارادایە دەبێتە هۆی گەورەکردنی کێشە و زیادبوونی ژمارەکان بەشێوەیەکی گەورەتر.