لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان: هێشتا عەقڵیەتی شۆڤینی بەردەوامە لە پەلاماردانمان

17/10/2020
لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
هەولێر

لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، هێشتا عەقڵیەتی شۆڤینی بەردەوامە لە پەلاماردانمان و سوکایەتی کردن بە پیرۆزییەکانمان.

لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەمڕۆ و چەند ڕۆژی رابردوو بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، داوا دەکەین ئەو دۆخە ئیعلامییەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاتووتە ئاراوە کۆتایی پێ بهێنرێت، دەشڵێت، سوتاندنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و پەلاماری بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بەغدا، دووپاتی کردەوە کە هێشتا عەقڵیەتی شۆڤینی بەردەوامە لە پەلاماردانمان و سوکایەتی کردن بە پیرۆزییەکانمان.

دەقی بەیاننامەکەی لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان:

بەیاننامەیەک لە لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی رووداو و پەرەسەندنەکانی چەند رۆژی رابردوو:

لێژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی ڕووداو و پەرەسەندنەکانی ئەمڕۆ و چەند ڕۆژی ڕابردوو، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی بەیاننامەکەیە :

ئێمە، سەرجەم پەرلەمانتارانی لێژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، بە هەموو ڕەنگەکانەوە، داوا دەکەین ئەو دۆخە ئیعلامییەی کە چەند ڕۆژی ڕابردوو هاتە ئاراوە کۆتایی پێ بهێنرێت، سوتاندنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و پەلاماری بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بەغدا، دووپاتی کردەوە کە هێشتا عەقڵیەتی شۆڤینی بەردەوامە لە پەلاماردانمان و سوکایەتی کردن بە پیرۆزییەکانمان .

پارتی و یەکێتی بەهاوکاری حزبە کوردستانییەکانی تر، رۆڵێکی گەورەیان هەیە لە بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە، و هەردوولا هەزاران شەهیدیان بۆ دۆزی کورد و خەباتی گەلەکەمان داوە،و خوێنی پێشمەرگە لە یەک سەنگەردا تێکەڵی یەکتری بووە لە شۆڕش و راپەرین و بەرگری لە کوردستان، پاش کۆڕەو و رزگاری عێراق بە گشتی، و بەتایبەت لە شەڕی تیرۆریستانی داعش دا .

ئاشكرایە میللەتەكەمان لە ئێستادا لە بارۆدۆخێكی خراپدایە، قەیرانی ئابووریمان هەیە، لەرووی تەندروستییەوە ڤایرۆسی كۆرۆنا مەترسییەكی گەورەیە لە سەر دانیشتوانی هەرێمەكەمان، بۆیە داواکارین بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان و سەیرکردنی تەحەدییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان، ئەو گرژییە میدیاییەی ڕوویداوە با تائێرە بێت و کۆتایی پێ بێت، جارێکی تر براکان بەرنەبنەوە گیانی یەکتری، پێشمەرگەو خەڵکی کوردستان چاویان لە هەموو لایەکە ئه‌و ئەزموونەی کوردستان و قەوارە دەستورییەکەی بپارێزین بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ناهەمواری ناوچە کوردستانییەکان، و مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش و هەرەشە هەرێمایەتییەکان ، بە ڕۆحییەتی کوردانەوە خزمەتی گەلی کوردستان بکەین و ئەرک و کاری قورس لەپێشمانه‌ کە بۆ گەلەکەمانی ئەنجام بدەین .

لێژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی کوردستان

١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠