سوپای تورکیا سنورەکانی زاخۆ بۆردومان دەکات

17/10/2020
بۆردومانکردنی سنورەکانی هەرێم لەلایەن سوپای تورکیاوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
دهۆک

سوپای تورکیا سنوری ناحیەی دەرکاری سەر بە قەزای زاخۆ لە پارێزگای دهۆک بۆردومان دەکات.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان ڕایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە بیانوی لێدان کە بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، سنوری ناحیەی دەرکاری سەر بە قەزای زاخۆیان بۆردومانکرد.

لەوبارەیەشەوە شایەتحاڵ یونس محەمەد لە ناحیەی دەرکار بە تۆڕی ھەواڵی ژیان-ی ڕاگەیاند، کاتژمێر 10:35 خولەکی ئەمشەو، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بە چڕی گوندەکانی (پەرەخ و شیشێ و شەرانش) لە ناحیەی دەرکار بۆردومانکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەھوی بۆردومانەکەوە ئاگر لە پووش و پاوانی ئەو گوندانە کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستاش بۆردومانەکە بەردوەوامە.

ماوەی دوو ڕوژە جارێکی دیکە سوپای تورکیا ئوپراسیونێکی چڕی بو سەر ناوچە سنورییەکانی ناحیەی باتیفا و دەرکار لە قەزای زاخۆ دەستپێکردووەتەوە.