کازمی: چاوەڕوانی کۆمەکی دارایین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەرد

20/10/2020
فۆتۆ: 

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی سەردانەکەی بۆ ئەڵمانیا ڕایگەیاند، عێراق خواستی هاوبەشیەکی راستەقینەی هەیە لەگەڵ ئەڵمانیادا و چاوەڕوانە هاوکاریی مادی بکرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی هاوبەشدا لەگەڵ ئەنگێلا مێرکل راوێژکاری ئەڵمانیا لە بەرلین کازمی وتی "بۆیە هاتووە بۆ بەرلین بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ ئەڵمانیادا ببەستێت بە مەبەستی هاوبەشیەکی ڕاستەقینە".

کازمی ئاماژەی بەوەشکرد، دەستیانکردووە بە بنیاتنانی پرۆگرامێکی گونجاو بە مەبەستی بنیات نانەوەی ئابوری عێراق و نزیکبوونەتەوە لە قۆناغی دووەمی نەخشە ڕێگاکەیان، بە مەبەستی گەشەپێدانی کەرتی کارەبا لە عێراق بە هاوبەشی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان".

لە بەشیکی تری قسەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق روونیکردەوە، بە نیازی گەشەپێدانی هاوکاری ئەمنی و سەربازیی لەگەڵ ئەڵمانیا و سود وەرگرتن لە کۆمەکی دارایی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد، جەختیشیکردەوە بەهۆی کۆرۆناوە جیهان بە قۆناغێکی قورسدا تێپەڕ دەبێت.

لە بەرامبەریشدا راوێژکاری ئەڵمانیا ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی کرد، لە چاکسازی ئابوری و جەختیشیکردەوە وڵاتەکەی پشتیوانی پلانە ئابورییەکانی عێراق دەکات.

مێرکڵ ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کە بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا بەرێوە بچێت، متمانەی گەلی عێراق دەگێڕێتەوە بۆ سیستمی سیاسی.

دوێنێ کازمی لەچوار چێوەی گەشتەکەی بۆ چەند دەوڵەتێکی ئەوروپی، لە پاریس لەگەڵ ئیمانۆئیل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا کۆبۆوە.

ڕۆژی یەکشەممە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی گەشتێگی بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەستپێکرد، سەرەتا سەردانی فەڕەنسای کرد و ئەمڕۆ سەردانی ئەڵمانیای کرد، بڕیاریشە لە چوارچێوەی ئەو سەردانەی بۆ ئەوروپا، سەردانی بەریتانیاش بکات.