بەرپرسێکی ئێران هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای تمەن ئاشکرا دەکات

20/10/2020
بەهای تمەنی ئێرانی بەرزبووەوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
تاران

ئەندامێکی کۆمسیۆنی پیشەسازی لە پەرلەمانی ئێران هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای تمەن ئاشکرا دەکات و دەڵێت، ئازادکردنی بەشێک لە پارە بلۆکەکراوەکانیان لەلایەن عێراقەوە و فرۆشتنی نەوتی زیاتر، دوو هۆکاری سەرکی بەرزبوونەوەی بەهای تمەنن.

عەلی ئەکبەر کەریمی ئەندامی کۆمسیۆنی پیشەسازی لە ئەنجومەنی شواری ئیسلامی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، کەمبوونەوەی خستنەناو بازاڕی دراوی بیانی لەلایەن کەرتی تایبەتەوە (هەناردەکاران)، سنورداربوونی سەرچاوە حکومییەکان و بانگەشە و دروستکردنی کەشێکی نالەباری دەرونی لەلایەن دەستی دەرەکییەوە، سێ هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیری بەهای دۆلار و دراوە بیانییەکان بوون لە چەند رۆژی ڕابردوودا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوابەدوای سەردانەکەی شاندی بازرگانی ئێران بۆ عێراق و بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئازادکردنی بەشێکی زۆری پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران، پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا دۆلارێکی زۆر بخرێتە بازاڕەوە و بەوەش بەهای دۆلار و دراوە بیانییەکان بەڕێژەیەکی زۆر دابەزێت.

ئەو ئەندامەی کۆمسیۆنی پیشەسازی لە ئەنجومەنی شواری ئیسلامی ئێران، بەئاماژەپێدان بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک سەبارەت بە بەرزبوونەوەی رێژەی فرۆشتنی نەوتی وڵاتەکەی لەلایەن میدیا ناوخۆیی و بیانییەکانەوە، رایگەیاندووە، بە بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت و بەدەستهێنانی دراوی بیانی زیاتر، حکومەت دەتوانێت لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆنتڕۆڵی بازاڕی دراو بکات و تاڕادەیەک سەقامگیریی بکات.

ئەگەرچی لە چەند ڕۆژی رابردوودا، لە بازاڕی تاران، بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی بۆ زیاتر لە ٣ هەزار و ٢٠٠ تمەن بەرزبووەوە، بەڵام بەپێی میدیاکانی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی١٠ی٢٠٢٠، هەر دۆلارێک بۆ دوو هەزار و ٨٠٠ تمەن دابەزیوە.