مەمەی پلاستیکی مەترسییەکی گەورە لەسەر منداڵی شیرەخۆرە

20/10/2020
فۆتۆ: 

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکردووە، ڕۆژانە منداڵی شیرەخۆرە زیاتر لە یەک ملیۆن تەنۆلکەی پلاستیک قوت دەدات لەو مەمە پلاستیکیەی کە شیری پێ دەدرێتێ.

توێژینەوەکە لە گۆڤاری "نەیچەر فود" بڵاوکراوەتەوە و بەشداربوانی پشتیان بەستووە بە ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، کە داوا دەکات شیری منداڵ دەبێت لەو بوتڵانەدا بێت کە لە مادەی "پۆلیبروبیلین" دروستکراوە، لەگەڵ ئامادەکردنی شیرەکە بە ئاوێک کە پلەی گەرمییەکەی ٧٠ پلەی سیلیزی بێیت، بۆ ئەوەی بەکتریاکانی ناوی لەناو بچن.

توێژەرەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، هەندێک لە مەمەکان بڕێکی زۆر لە مایکرۆپلاتسیک دەردەنەوە دەرەوە، کە هەندێک جار دەگاتە ١٦ ملیۆن تەنۆلکە لە یەک لیتردا.

بەڵام ئەگەر ئاوەکە بۆ پلەی ٩٥ پلەی سیلیزی گەرم بکرێت، ئەوا بڕی تەنۆلکە پلاستیکییەکان دەگاتە ٥٥ ملیۆن لەیەک لیتردا، ژمارەکە کەمدەبێتەوە بۆ  نیو ملیۆن، ئەگەر هاتوو ئاوی کوڵاو لە پلەی گەرمی ٢٥ پلەی سیلیزی بەکار بهێنرێت.

بەگوێرەی توێژینەوەکە منداڵی شیرە خۆرە لە ١٢ مانگیدا، ڕۆژانە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تەنۆلکە لە مایکرۆپلاستیک قوت دەدات.

لەو ڕوەوە توێژەرەکان پشتیان بەستووە بە ژمارەی فرۆشی مەمەی پلاستیکییەکان و بڕی ئەو شیرەی کە لە ٤٨ وڵاتی جیاجیا بەکاردەهێنرێت.

توێژینەوەکە ئاشکرایکردووە، بەرکەوتنی ئەو تەنۆلکە پلاستکیانە

لە وڵاتە پێشکەوتووەکان زۆر زیاترە، چونکە شێرپێدانی سروشتی لەو وڵاتە کەمترە.

بەشداربوانی توێژینەوەکە داوایانکردووە سنورێک بۆ بەرکەوتنی مایکرۆپلاستیک دابنرێت، لە دیاترینیان شۆردنی مەمەی  شیرپێدانەکان سێ جار بە ئاوی سارد، باشتر وایە شیرەکە لەناو دەفرێکی نا پلاستیکیدا ئامادە بکرێت، بەر لەوەی بکرێتە ناو بوتڵی شیرپێدانەکەوە، هەروەها نابێت زیادەرەوی بکرێت لە زۆر ڕاوەشاندنی مەی شیرەکە و نابێت بە هیچ شێوەیەکیش بخریتە مایکرۆیڤەوە.