لە بۆسەیەکی تالیباندا ٢٥ چەکداری هێزە ئەمنیەکانی ئەفغانستان کوژران

21/10/2020
فۆتۆ: 

لێپرسراوا نی ئەفغانستان ڕایانگەیاند، لە بۆسەیەکی چەکدارانی تالیباندا ٢٥ ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە کوژران، ئەوەش لەکاتێکدایە گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان حکومەت و تالیبان چەند قۆناغێکی باشی بڕیووە.

بەگوێرەی هەواڵ هێرشەکە لەشەودا و لە ویلایەتی تەخاری ئەو وڵاتە بووە و تائێستاش ڕوبەڕوبوونەوەی نێوان سوپا و چەکدارانی تالیبان بەردەوامە.

سەرچاوە تەندروسییەکانی ویلایەتەکە رایانگەیاند، لە هێرشەکەدا ٣٤ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژراون، لەناویاندا جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی ویلایەتەکەی تێدایە.

جەواد هیجری وتەبێژی حاکمی ویلایەتی تەخار ڕایگەیاند، چەکدارانی تالیبان دەستیانگرتووە بەسەر ئەو ناوچەیەدا و کەمینیان بۆ ئەو هێزە ئەمنییەی حکومەت  داناوە، کە بە نیاز بووە ئۆپراسیۆنیک دژی دوژمن ئەنجام بدات.

ئەو روداوە  لە کاتێکدا بزوتنەوەی تالیبان پێشتر دڵنیایی دابووە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە هێرشەکانی کەمدەکاتەوە.

هەفتەی ڕابردووش بەهۆی هێرشێکی فراوانی بزوتنەوەی تالیبانەوە لە ویلایەتەی هەلمەند، بە هەزاران خیزان ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.

چەند ڕۆژێکیش لەمەوبەر بەهۆی تەقینەوەی ئوتۆمبێلێک لە ناو بارەگای پۆلیس ویلایەتی غۆر، ١٦ کەس کوژران و ١٥٤ کەسی دیکەش بریندار بوون، سەرۆکایەتی ئەفغانستان دەستی تۆمەتی بۆ بزوتنەوەی تالیبان درێژ کرد و ڕایگەیاند، ئەو هێرش و توندوتیژیانەی بزوتنەوەی تالیبان ئەنجامی دەدات، مەترسی گەورەن لەسەر هەوڵەکانی ئاشتی بۆ چەسپاندنی ئاشتی لەناوخۆیی ئەو وڵاتەدا.