لە ئەوروپا تووشبوون بە کۆرۆنا ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد

23/10/2020
فۆتۆ: 

ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا ٤٢ ملیۆن کەسی تێپەڕاند، بۆ یەکەمجاریش ئەوروپا لە یەک ڕۆژدا ٢٠٠ هەزار کەس توشی پەتاکە بوون.

بەگوێرەی ماڵپەڕی "ورڵد میتەر" تایبەت بە چاودێریکردنی ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتانی جیهاندا، دەریدەخات ژمارەی تووشبوان گەیشتووەتە ٤٢ ملیۆن و ٢٨ هەزار و ٨٠٥ کەس.

ئەوە لە کاتێکدایە ژمارەی ئەو کەسانەی کە  لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە گەیشتووەتە ٣١ ملیۆن و ٢٠٦ هەزار و ٩٥٤ کەس، بەڵام ژمارەی ئەو کەسانەی کە تا ئیستا بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ١٤٣ هەزار و ٣٥٧ کەس.

لەو لیستەدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لوتکەی لیستەکەیەدایە و ژمارەی تووشبوان گەیشتووەتە ٨ ملیۆن و ٦٦١ هەزا ر و ٧٢٢ کەس، بەڵام ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا لەو وڵاتە بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٢٢٨ هەزار و ٣٨١ هەزار.

لە هیندستان کە بە پلەی دووەم دێت لەرووی زۆری ژمارەی تووشبوانەوە لە جیهاندا، بەشێوەیەک ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا لەو وڵاتەی ئاسیا کەیشتووەتە ٧ ملیۆن و ٧٦١ هەزار و ٣١٢ کەس، لە کاتێکدا ژمارەی ئەوانەی بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ١١٧ هەزار و ٣٣٦ کەس.

لە وڵاتی بەرازیل کە بە پلەی سێهەم دێت لەسەر ئاستی جیهان لەرووی زۆری ژمارەی تووشبوانەوە، بەشێوەیەک لەو وڵاتە ژمارەی تووشبوان بە کۆرۆنا گەیشتووە ٥ ملیۆن و ٣٣٢ هەزار و ٦٤٣ تووشبوو، بەڵام ژمارەی ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ١٥٥ هەزار و ٩٦٢ کەس.

سەبارەت بە ئەوروپاش، سەرژمێرییەکی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز دەردەخات، ژمارەی تووشبون بە کۆرۆنا لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا زیاتر لە دوو هێندەی لەمەوبەر تۆمارکراوە، بەشێوەیەک بۆ یەکەمجارە لە ڕۆژدا ٢٠٠ هەزار تووشی پەتاکە بوون.

لە ڕۆژی ١٢ ئەم مانگەدا ئەوروپا ڕایگەیاند، بۆ یەکەمجار لە ڕۆژێکدا ١٠٠ هەزار تووشی پەتاکە بوون.

بەگوێرەی ئاژانسەکە ژمارەی تووشبوان لە وڵاتانی ئەوروپا گەیشتووە ٧ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس، لە کاتێکدا ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٢٧٤ هەزار کەس.

بەهۆی ئەو دۆخەوە حکومەتە ئەوروپییەکان هۆشدارییان داووە لە سایەی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا، وادەکاتەوە کیشوەرەکە ببێتەوە بە سەرچاوەیەکی نوێی پەتای کۆرۆنا، کە ئەگەری ئەوە هەیە جارێکی تر پەیرەوی قەدەغەی هاتووچۆ بکرێت بەشێوەیەکی دیاریکراو، بە تایبەت لە فەرەنسا و ئیرلەندا و ناوچەی وێڵز لە بەریتانیا.

لە ئەڵمانیاش لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ١١ هەزار و ٣٠٠ کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون، ئەوەش بە ژمارەیەکی پێوانەیی دادەنریت بۆ ئەو وڵاتە لەوەتەی پەتاکە تەشەنەی کردووە.

تا ئیستا لە ئەڵمانیا بەهۆی پەتای کۆرۆناوە ٩ هەزار و ٩٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، لە کاتێکدا ئەڵمانیا بەوە ناسێنراوە لە ئەوروپا، کە ئیدارەیەکی سەرکەوتووی روبەڕوبوونەویە پەتاکەی کردووە لە سەرەتاوە.

لە بەریتانیاش لە ئەمڕۆوە لە ناوچەی وێڵز ڕێوشوێنی توند گیراوەتە بەر، لە کاتێکدا تا ئیستا لەبەریتانیا ٤٤ هەزار و ١٥٨ کەس بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە، بەوهۆیەشەوە رێوشوێنی توندوتۆڵ بەسەر نزیکەی ٢٨ ملیۆن هاوڵاتی بەریتانیدا سەێنراوە، بە تایبەت لە لەندەن و ئیرلەندە کە سەرجەم چێشتخانە و کافێ و شوێنی خواردنەوە کحولییەکانی تیا داخراوە.

لە وڵاتی فەرەنساش بۆیەکەم جار لە ڕۆژدا ٤١ هەزار و ٦٢٢ تووشبووی بە کۆرۆنا تیا تۆمار کراوە و قەدەغەی هاتووچۆۆی شەوانەش لەو وڵاتە توندتر کراوەتەوە بۆ ماوەی شەش هەفتە قەدەغەی هاتووچۆ بەسەر نزیکەی ٤٦ ملیۆن هاوڵاتی ئەو وڵاتە دەسەپێنرێت و بڕیارەکەش لە سبەنێ شەممەوە دەچێتە بوارۆی جێبەجێکردنەوە.