ترەمپ دەنگی پێشوەختەی دا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا

24/10/2020
فۆتۆ: 

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ لە یولایەتی فلۆریدا بەشێوەیەکی پێشوەختە دەنگی خۆیدا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیدا.

میدیاکانی باسیان لەوە کرد، ترەمپ  لەناو وێست پاڵم لە نزیک سەیرانگای مارالاگۆ، کە خۆی خاوەنیەتی دەنگی بەخۆی  داوە، دوای ئەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لە تۆماری دەنگدەراندا، ساڵی ڕابردوو لە نیویۆرکەوە گۆڕی بۆ فلۆریدا.

ترەمپ دوای دەنگدانەکەی ڕایگەیاند، دەنگدانی ڕاستەوخۆ باشترە لە دەنگدان لەڕێگەی ئیمێڵەوە.

١٠ ڕۆژ بەر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی، نزیکەی ٥٣ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار ئەمریکی دەنگی خۆیان لە دەنگدانی پێشوەختە دەدەن، کە بە گوێرەی داتاکانی پرۆژەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ئەو ژمارەیەش بە بەرزترین ڕێژەی دەنگدان دادەنرێت لە ماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا.

لە نوێترین ڕاپرسیشیدا سەبارەت بە ڕای دەنگدەرانی ئەمریکا، جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان لە پێش ترەمپەوەیە لەسەر ئاستی وڵات، بەڵام ڕێژەکەیان لە هەندێک ویلایەتی گرنگ لە یەکەوە نزیکە، کە ئەوانەش دەتوانن ئەنجامی هەڵبژاردنەکان یەکلایی بکەنەوە.

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٠، کە بڕیارە لە ڕۆژی ٣ی مانگی داهاتوودا ئەنجام بدرێت، بە ٥٩ هەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دادەنرێت، کە هەموو چوار ساڵ جارێک دەکرێت.

لە هەڵبژاردنەکەدا دەنگدەران دەنگ دەدەن بە سەرۆک و جێگری سەرۆک بۆ چوار ساڵی ئایندەی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیان.

بەگوێرەی دەستوری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هیچ کەسێک بۆی نییە پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا وەربگرێت ئەگەر لە ناوخۆیی ئەمریکا  لە دایک نەبووبێت و تەمەنی گەیشتبێتە ٣٥ ساڵ، دەبێت کەسەکەش لە ناوخۆیی ئەمریکا ١٤ ساڵە بەسەر  نیشتەجێ بوونیدا تێپەڕ بووبێت.