د. محسن ئەلڕەملی: من لەو نووسەرانەم کە بۆ ئەوانی دی دەنووسم نەک بۆ خۆم

25/10/2020
فۆتۆ: 

نووسەری ناسراوی عێراقی و خاوەنی ڕۆمانەکانی (دێڵەگورگی خۆشەویستی و کتێب، وردوخاش و پەرتەوازە، باخچەکانی سەرۆک، خورمای سەر پەنجەکان) (د. محسن ئەلڕەملی): ئەم جارەو لەم دیدارەدا دەدوێنین، ئەو ئەزمونی نووسینی خۆی و تێڕوانینی لەمەڕ چەند پرسێکی ئەدەبی و چۆنێتی ئاشنابوونی بە ئەدەبی کوردی، بەوردی دەخاتەڕوو دەخاتەڕوو.

سازدانی: شاخەوان سدیق
وەرگێڕانی: ڕەنجدەر جەبار

ژیان: هەموو مرۆڤێک لە سەرەتای منداڵییەوە حەز و خولیایەکی هەیە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ببێت بە شتێک، هەڵبژاردن و کارکردنی ئێستات وه‌ک نووسه‌ر، حەز و خولیای منداڵییە، یاخود دواتر هۆکارێکی تایبەت بەرەو دنیای ئەدەبی بردیت؟

د. محسن ئەلڕەملی: نووسین ئارەزوویەکی منداڵیم بوو. هۆکارەکەشی خۆشەویستیم بوو بۆ حەسەن موتڵەگی برام. لە هەموو شتێکدا شوێن پێی ئەوم هەڵدەگرت. دەستیکرد بە وێنەکێشان، منیش دەستم پێکرد. بەرەو شانۆ و پاشان بەرەو نووسین ڕۆیشت، شوێن پێیم هەڵگرت. هەر ئەویش هانی دەدام. بەجۆرێک بۆ نووسینی هەر دەقێک، یان خوێندنەوەی هەر کتێبێک دیارییەکی پێدەبەخشیم. ئەو یەکەمین و گەورەترین مامۆستای ژیانمە. هەربۆیە لەسێدارەدانی لە ساڵی ١٩٩٠ دا و لەوکات و هەتا ئێستاش گەورەترین کارەساتە. کە کاریگەری لەسەر ژیانم و نووسینەکانەکانم داناوە.

ژیان: مۆراکامی لە دیدارێکیدا دەڵێت: من لە کاتی سەیرکردنی یاری بایسکتبۆڵدا لەپڕ بیرۆکەیەکم بۆ هات و بڕیارمدا دەبێت بنووسم و ببم بە نووسەر. تۆ که‌ی بڕیارتدا بنووسیت و بۆ نووسیت؟

د. محسن ئەلڕەملی: لەو کاتەوەی فێری خوێندنەوە و نووسین بووم و تەنانەت پێش ئەوەش دەستم بە نووسین کرد. خۆشەویستییەکی سەیرم بۆ کتێب هەبوو. بەجۆرێک لاسایی باوکم و براکانمم دەکردەوە کاتێک دەیانخوێندەوە. کتێبێکم دەگرت بە دەستەوە و دەمکردەوە و دەنگ و وشەگەلی ناڕوونم گۆ دەکرد و وا خۆمم دەردەخست دەخوێنمەوە. هەروەها پەراوێز و شوێنە سپییەکانی کاغەزەکانم ڕەشدەکردەوە وەک ئەوەی، کە بنووسم. پاش ئەوەی فێری خوێندنەوە و نووسین بووم، لە کاتی پشوودا پەڕە سپییە ماوەکانی دەفتەری قوتابخانەم بەکاردەهێنا و چیرۆکی هاوشێوەی ئەو چیرۆکی منداڵانەم لێ دروست دەکرد، کە براکەم دەیکردە دیاری بۆم. پەڕەکانم دەبڕی و جارێکی دی هەموو چەند دانەیەکم لە شێوەی کتێب ڕێک دەخستەوە و چیرۆکێکم تێیدا دەنووسی و وێنەم بۆ دەکێشا. دواتر بە پاکەتی کارتۆن کتێبخانەیەکی تایبەت بە خۆمم دروست کرد. چیرۆکەکانم بەشێوەی خواستن دەدا بە منداڵانی دراوسێ و لە بەرامبەردا ئەوانیش پەڕە سپییە ماوەکانی دەفتەری قوتابخانەیان پێدەدام . . ئیتر بەم جۆرە دەستم پێکرد.

ژیان: ده‌وترێت "هه‌موو نووسه‌رێک له‌ نووسیندا به‌شێک له‌ ڕابردووی خۆی ده‌نووسێته‌وه‌". ده‌کرێت بزانین محسن ئەلرەملی تا چه‌ند له‌ پشت نوسینه‌کانیەوەیە؟ تا چه‌ند چیرۆکی خۆشه‌ویستیه‌ غه‌مباره‌کانی خۆت ده‌نووسیته‌وه‌؟ خۆت له‌کوێیی تێکسته‌کانتی؟ 

د. محسن ئەلڕەملی: زۆربەی کارەکانی من بەوە ناسراوە، کە لە ئەزموونی کەسی خۆمەوە سەرچاوەی گرتووە. لە هەندێک لە کارەکانم بەڕاشکاوی ناوی خۆمم هێناوە وەک ڕۆمانی (دێڵەگورگی خۆشەویستی و کتێب). بۆیە من لە هەموو کارەکانم بە شێوە و بە ڕێژەی جیاواز جیاواز بوونم هەیە، لە نێویاندا چیرۆکی یەکەمین خۆشەویستیم، کە ئەو کچەی خۆشم دەویست سەرەنجام لەکاتی باینجان سوورکردنەوەدا سووتا. ئاماژەی زۆر هەیە بۆ ئەو ڕووداوە و ئەو برینە لە ژیانمدا. تەنانەت هاوڕێیەکم سەرنجی ڕاکێشام بۆ ڕاڤەیەک سەرسامی کردم. گوتی: کەسایەتی (عالیە) خۆشەویستی چیرۆکخوانی ڕۆمانی (خورمای سەر پەنجەکان)، ئەو کاتەی بەو دیمەنە جوانە بەهۆی نوقمبوون لە ڕووبارەکە دەخنکێت، ئەوە تەنها بەهۆی ئازاری مردنی خۆشەویستەکەمە بەسووتان. بەهۆی ئەوەی ئەم یادەوەرییە ئازارم دەدات لەبری ئاگر هۆکاری مردنەکەیم کردووە بە ئاو.

ژیان: زۆر باس له‌ سیحری ئه‌ده‌ب بۆ مرۆڤ ده‌کرێت، زۆر جار به‌ گه‌وره‌ترین داهێنانی مرۆڤ ناوده‌برێت. ئه‌م ئه‌فسونه‌ گه‌وره‌ی ئه‌ده‌ب له‌ کوێوه‌ هاتووه‌؟ ئه‌ی پەیوەندی ئەدەب بە ژیانەوە چیە؟ 

د. محسن ئەلڕەملی: بەو پێیەی مرۆڤ بوونەوەرێکی دەربڕئامێزە، لە ژیانیدا هەر شتێک دەکات، جۆرێکە لە جۆرەکانی دەربڕین، هەر لە جووڵەکانی و جلوبەرگ و شێوەی بیناسازی و شەقام و موزیک و ..... بەڵام بەهێزترین ئامرازی دەربڕین لای ئەم بوونەوەرە زمانە، ئەدەبیش ئاستێکی باڵایە لە زمان، بۆیە شتێکی سەیر نییە کاتێک ئەدەب ڕەنگدانەوە و هاوڕێی مرۆڤ بێت، بەو پێیەی باشترین ئامرازی دەربڕینییەتی. وەک نووسەری ئیسپانی بارۆخا دەڵێت: "ئەو گەلانەی ئەدەبیان نەبێت گەلانێکی لاڵن". ئاخر ئەدەب وێنەی تاک و کۆمەڵگایە و مرۆڤ لە ڕێگەیەوە تەعبیر لە هەموو شتە تایبەتەکانی دەکات وەک خەون و خەمەکانی و...... مرۆڤ لە ڕێگەی ئەدەبەوە باشتر خۆی و باشتر بەرامبەرەکەی دەناسێت و هەر لە ڕێی ئەدەبەوە تێگەیشتنی بۆ جیهان و بۆ ژیان شێوەی خۆی دەگرێت.

ژیان: به‌درێژایی مێژووی نوسین جگه‌ له‌ وه‌زیفه‌ی گێڕانه‌وه‌، چیرۆک و ڕۆمان، به‌پێی قۆناغه‌ جیاوازه‌کان ئه‌رکی جۆراو جۆریشیان هه‌بووه‌. مه‌به‌ستمه‌ بپرسم ئه‌رکی سه‌ره‌کی ڕۆمان پاش گێڕانه‌وه‌ چییه‌؟ تا چه‌ند نووسه‌ر له‌ ڕێگه‌ی کاره‌کته‌ره‌کانیه‌وه‌، دیوی شاراوه‌ی واقیع ده‌گوازێته‌وه‌؟

د. محسن ئەلڕەملی: لە ڕابردوو و لە ئێستا و داهاتووشدا، چیرۆک و حیکایەت لە هەموو بوارێکدا ئامرازێک بووە و دەبێت بۆ ڕوونکردنەوەی ڕوانگە و ئامانج و تەنانەت لایەنی زانستی. هەر بۆیە لە بوارەکانی ئایین و مێژوو و پەروەردە و سیاسەت و زانستدا بەکار هاتووە... ئەمڕۆ، کە ڕۆمان وەک هونەرێکی سەربەخۆ گەشەی کردووە، هێشتا یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی پیشاندانی ڕوانگەیەکی تایبەتە دەربارەی جیهان و دەربارەی ژیان. ڕۆمان جیهانێکی تەواو دەئافرێنێت هاوشێوەی یان جیاواز لە ژیانی واقعی، کە تێیدا دەژین، بەڵام هاوکاریمان دەکات بۆ تێگەیشتن لەم جیهانەمان و بینینی بەشێوەیەکی باشتر و قووڵتر. بێگومان لە ڕۆماندا کارەکتەرەکان گەورەترین ئەرک لە ئەستۆ دەگرن، چونکە ئەوان حاڵەتێک یان شێوەیەکی مرۆڤن لە بارودۆخێکی تایبەتدا.

ژیان: ئێستا زۆرکه‌س پێی وایه‌ سه‌رده‌می ڕۆمانی قه‌باره‌ گه‌وره‌ به‌سه‌ر چووه‌ و باوی خوێنه‌ری ڕۆمانی گیرفانیه‌ له‌ دونیادا، تا چه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌دایت؟ پێتان وایه‌ سه‌رده‌می ڕۆمانی قه‌باره‌ گه‌وره‌ به‌سه‌ر چووە؟

د. محسن ئەلڕەملی: بێگومان لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نیم. شتەکان بە بەهاکانیان دەپێورێن نەک بە قەبارەیان. ئەوەی پەیوەندی بە ڕۆمانەوە هەبێت، ئەمە هەندێک لە بڵاوگەکان و هەندێک لە خوێنەرەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، بە بەهانەی ئەوەی بۆ ئەم سەردەمەمان گونجاوترە، کە تێیدا وەرگر کێشەی کەمی کاتی هەیە بە هۆی زۆری ئەو وردەکارییانەی هاتوونەتە ژیانییەوە و ئەو شتانەی سەردەمەکە بەسەریدا سەپاندوون. لە کۆتاییدا پێم وایە ژمارەی پەڕەکان و قەبارەی کتێب پیوەر نییە، بەڵکو کوالیتی کارەکە خۆی پێوەری سەرەکییە. چەندین جار ڕۆمانی درێژ و باش هەبووە لەکاتی خوێندنەوەیدا هیواخواز بووین هەرگیز تەواو نەبێت، چەند ڕۆمانی کورت و خراپیش هەبووە پاش چەند لاپەڕەیەک دەستمان لێ هەڵگرتووە.

ژیان: بەبڕوای تۆ ده‌بێت نووسه‌ر بۆ خوێنه‌ر بنووسێت، یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ نووسه‌ر نابێت بۆ خوێنه‌ر بنووسێت و ئه‌وه‌ خوێنه‌ره‌ ده‌بێت بۆ ئاستی نووسینی نووسه‌ر به‌رزبێته‌وه‌؟ تۆ تا چه‌ند له‌کاتی نووسیندا خوێنه‌رانت له‌ بیره‌؟ بۆ خۆت ده‌نوسیت یان بۆ خوێنه‌ر؟

د. محسن ئەلڕەملی: من لەو نووسەرانەم، کە بۆ ئەوانی دی دەنووسم، نەک بۆ خۆم، لە ڕووی لۆجیکییەوە پێویست ناکات بۆ خۆم بنووسم، چونکە هەموو ئەو شتانە دەزانم، کە دەمەوێت بیڵێم و بیریان لێ دەکەمەوە. ئیتر بۆچی خۆم ماندوو بکەم و کاتی خۆم بکوژم و بۆ خۆمی بڵێمەوە. بۆ خۆم لە خوێنەرەکانمەوە بە هەموو ئەو زمانانەی کارەکانم وەرگێڕدراون لێیانەوە زیاتر فێر بووم لەوەی لە ڕەخنەگرەکانەوە فێری بووم. خوێنەر بۆچوونەکانی بەڕاشکاوی و بەڕوونی و سادەیی دەخاتە ڕوو. خاڵە بەهێز و لاوازەکانی دەقەکە دەستنیشان دەکات . . تەنانەت ئەگەر بە زمانێکی سادەش بێت وەک ئەوەی ئەمەم بەدڵە و ئەوەم بەدڵ نییە. من بەجدی بیر لە قسە و ڕا و بۆچوونەکانیان دەکەمەوە و هەستی پێدەکەم و دەیبینم. هەموو کارێکی مرۆڤدۆستانە لە جەوهەردا بەشداریکردنە . . مرۆڤایەتی لە بنەڕەتدا بەشداریکردنە نەک خودپەرستی.

ژیان: به‌درێژای مێژووی عیراق هه‌میشه‌ سیاسیه‌کان گه‌لی کوردیان له‌ ڕێگه‌ی سەربازییەوە‌ ئازارداوه‌و هه‌وڵیانداوه‌ وه‌ک دوژمن وێنای گه‌لی کورد به‌رامبه‌ر به‌ عه‌ره‌ب بکه‌ن، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌میشه‌ ئه‌دیب و نووسه‌رانی عه‌ره‌ب به‌گشتی و عیراق بەتایبەتی کوردیان وه‌ک براو میلله‌تێکی زوڵملێکراو و نیشتمانه‌که‌شیان وه‌ک ناوچه‌یه‌کی جوان و دڵڕفێن وێنا کردووه‌، ئه‌م جیاوازییه‌ له‌ کوێوه‌ هاتووه‌، پێتان وایه‌ ئه‌ده‌ب به‌تایبه‌ت (ڕۆمان) ده‌توانێت چ ڕۆڵێک له‌ سڕینه‌وه‌ی ئه‌و وێنه‌ ناشیرینه‌ی. که‌ وێنای دوژمن له‌ نێوان دوو نه‌ته‌وه‌دا ده‌کات ببینێت؟

د. محسن ئەلڕەملی: هەموو ئەو ڕژێمانەی حوکمی عێراقیان کردووە و دەستدرێژییان کردووەتە سەر کورد لەلایەن گەلەوە هەڵنەبژێردراون، بۆیە نوێنەری گەلیش نەبوون. هەموو هەوڵەکانیان بۆ شێواندنی وێنەی کورد شکستی هێنا و بەکۆتاییهاتنی دەسەڵاتە داپڵۆسێنەکەیان ئەویش کۆتایی پێهات. خودی خۆم چاوم بە هیچ عێراقییەک یان عەرەبێک نەکەوتووە ڕقی لە کورد بێت، بەڵام بەداخەوە کوردم بینیووە ڕقیان لە عەرەب بووە... هەر بۆیە دەبێت گەلی کوردیش هۆشیار بێت لەم بوارەدا و جیاوازی بکات لە نێوان دەسەڵاتداران و دەستوپێوەندەکانیان لەگەڵ ئەو خەڵکەی بە هەمان چەشنی کوردەکان تووشی داپڵۆسین و زوڵم بوون. هەر کەسێک یان هەر گەلێک لە دڵیدا ڕق هەڵبگرێت یان نەژادپەرست بێت بەرامبەر ئەوانی دی، ئەوا مرۆڤایەتی لە ناخیدا زیاتر خەوشدار دەبێت. هەرگیز دەروون و عەقڵ و گەل و شارستانێتی و نیشتیمانەکان بە ڕقلێبوونەوە بونیاد نانرێن، بەڵکو بە لەیەکگەیشتن و کرانەوە و تێگەیشتن و بەخشندەیی و خۆشەویستی دێنە دی... خودی خۆم کوردەکانم خۆشدەوێت و لە دێیەک لەدایک بووم دەکەوێتە تەنیشت خاکی کوردستانەوە. هەرکە چاوم کردووەتەوە کوردم لە ماڵەکەماندا بینیووە، پێشتریش و ئێستاش پەیوەندی خێزانیمان لەگەڵ کورد و تورکمان و ئێزیدی و مەسیحیدا هەبووە. کاتێک داعش گوندەکەمانی داگیر کرد کەسوکارم پەنایان بردە بەر ناسیاوە کوردەکانمان. یەکەم مامۆستام ئێزیدی بوو و کوڕەکەی یەکەم هاوڕێم بوو و لە قوتابخانە لەسەر یەک ڕەحلە دادەنیشتین. باوکم پیاوی ئایینی بوو و هاوڕێی ئەم مامۆستایە بوو، شەوان پێکەوە باسی هەموو شتێکیان دەکرد، لە نێویاندا ئایینەکان و نەتەوەکان. بەردەوام سەردانی (شەنگال و هەولێر و مەخموور و دهۆک و شەقڵاوە) و شوێنی دیکەمان دەکرد. یەکەم مامۆستای پەروەردەی هونەریم مەسیحی بوو، یەکەم مامۆستای وانەی ئەدەبی عەرەبیم کورد بوو.. بەم جۆرە زۆربەی کارەکانم خاڵی نییە لە کەسایەتی و شوێن و وشە و ئاماژەی کوردی. جگە لەوەش شتێکی سروشتییە و بەڵکو پێویستە لەسەر هەر ڕۆشنبیر و داهێنەرێک و هەر تاکێکی هۆشیار بەرهەڵستکار و ڕەخنەگر بێت لە دەسەڵات، بگرە لە هەموو دەسەڵاتەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە، ئەمە بەشێکە لە ڕۆڵی و لە سروشتی. هەڵوێستی هەر ڕۆشنبیرێکی ڕاستەقینە دەبێت ڕەخنەگر و دەرخەری عەیبە و گەمەکانی ڕژێمە ستەمکارەکان بێت. هەمیشە دەبێت ڕۆشنبیران لە بەرەی گەلان بن نەک لە بەرەی دەسەڵات.

ژیان: پێتان وایە ئەدەب و بەتایبەت ڕۆمان دەتوانێت بەم ئاراستەیە ڕۆڵ بگێڕێت؟ ڕۆڵی ئەدەب و بەتایبەت ڕۆمان چییە بۆ سڕینەوەی ئەو وێنە ناشرین و ناجۆرانەی کە دەکرێت هەستی دوژمنایەتی لە نێوان گەلاندا دروست بکات؟

د. محسن ئەلڕەملی: ئەدەب بەگشتی دەبێت مرۆڤ دۆستانە بێت، واتە لایەنگری بۆ مرۆڤ کێشەکانی مرۆڤ هەبێت، بەبێ ڕەچاوکردنی بنەچە و ڕەچەڵەک و نەتەوە و ڕەنگ و ئایینی ئەم مرۆڤە. ئەدەبی ئایدۆلۆجی، ئەوانەی هانی قینەبەرایەتی دەدەن، بە کۆتاییهاتنی ئەو قۆناغی قینەبەرایەتییە ئەویش کۆتایی پێدێت، بەڵام ئەدەبی مرۆدۆستی ڕاستەقینە لە هەموو کات و شوێنێک و لای هەموو مرۆڤێک بەڕێز و کاریگەر و جاویدان دەمێنێتەوە.

ژیان: ئێوه‌ له‌ پێشتردا ڕۆمانەکانی (دێڵه‌گورگی خۆشه‌ویستی و کتێب) و (باخچه‌کانی سه‌رۆک) و (وردوخاشی پەرتەوازە)تان، وه‌رگێڕدراوه‌ بۆ کوردی و پێشوازی باشی لێکراوه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌، ئێستاش ڕۆمانێکی دیکه‌تان (خورمای سەر پەنجەکان) کراوه‌ته‌ کوردی و ئێستا لە کتێبخانەکاندایە، هه‌ستتان چۆنە کاره‌کانتان به‌کوردی ده‌خوێنرێنه‌وه‌و وه‌رده‌گێردرێن؟، ئه‌ی ئێوه‌ خۆتان تا چه‌ند ئاگاداری ئه‌ده‌بی کوردین و هیچ به‌رهه‌مێکی نوسه‌رانی کوردتان خوێندووەته‌وه‌.؟

د. محسن ئەلڕەملی: وەرگێڕانی کارەکانم بۆ کوردی و ئەو پێشوازییە جوانە و ئەو نامانەی لە خوێنەرە کوردەکانەوە پێمدەگەن بەڕاستی دڵخۆشم دەکەن. هەندێکجار زیاتر لە وەرگێڕان بۆ زمانەکانی تر پێیان دڵخۆش دەبم. هەر بۆیە هەتا ئێستا لە بەرامبەر وەرگێڕانە کوردییەکان داوای مافی نووسەرم نەکردووە و بەوپەڕی دەروونفراوانی و خۆشەویستی و دڵگەرمییەوە پێی قایل بووم. ئەوەش چونکە کورد برام و هاوبەشمە لە هەموو دۆسیە و بابەت و بارودۆخی کارەکانمدا و لە خوێنەری زمانەکانی دیکە باشتر لێی تێدەگات و هەستی پێدەکات. بیرمە یەکەم وەرگێڕانی دەقێکم بۆ زمانێکی تر، وەرگێڕان بوو بۆ کوردی، ئەوەش کورتە چیرۆکێکم بوو ئەو کاتانەی لە زانکۆ بووم. هەر بۆیە چیژ و دڵخۆشی یەکەم وەرگێڕانم تامێکی کوردیانەی هەبوو.

بێگومان هەر لە سەردەمی هەرزەکاریمەوە ئەدەبی کوردیم خوێندووەتەوە و دەخوێنمەوە، لە ڕێگەی وەرگێڕان یان نووسەرە کوردەکان، کە بە عەرەبی دەنووسن. ئەو هەستیارییەی ئەدەبی کوردی و وردەکاری و وێنە شیعرییە جوانەکانی سەرسامم دەکەن. هاوڕێی زۆر ئازیزم هەیە لە ئەدیب و داهێنەرانی کورد. کاتێک منداڵ بووم کەمێک کوردیم دەزانی، بەڵام بەداخەوە بەهۆی دوورکەوتنەوەم لە عێراق بۆ ماوەی چارەکە سەدەیەک ئێستا بیرم چووتەوە. بەداخەوە ئەو بڕە لە ئەدەبی کوردی کە وەرگێڕدراوە بۆ عەرەبی و زمانەکانی دی زۆر کەمترە لە بەرهەمی ئەدەبی کوردی بەدرێژایی نەوەکانی پێشوو. پێویستە بیر لەوە بکرێتەوە کار بکرێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەکی کاریگەر و بەردەوام بۆ وەرگێڕانی ئەدەبی کوردی، بۆ نمونە لە ڕێگەی دامەزراندنی دامەزراوەی فەرمی و ئەکادیمی و مەدەنییەوە، کە ئەم ڕۆڵە بگێڕێت. ئەدەب باشترین هۆکارە بۆ پیشاندانی وێنە و ڕۆشنبیری گەلەکەت. ئێمە گەلانی ئەمریکای لاتینمان لە ڕێگەی ئەدەبەکەیانەوە ناسی زیاتر لەوەی لە ڕێگەی سیاسییەکانیان و جەنەراڵ و ئابوورییانەوە ناسیمانن.

ژیان: هه‌میشه‌ ده‌گوترێت "ڕۆمان هاواری ئه‌و که‌سانه‌یه‌، که‌ که‌س ده‌نگیان نابیستێت" ئێوه‌ به‌نیاز نین ڕۆژێک له‌ ڕۆژان چیرۆکی ئازارو نه‌هامه‌تییه‌کانی گه‌لی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی مه‌زڵوم، که‌ به‌ ده‌ستی دڕه‌نده‌ترین دیکتاتۆر له‌ عیراق به‌سه‌ریدا هات بکه‌نه‌ ڕۆمان هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆمانی (باخچه‌کانی سه‌رۆک) دا کردووتانه‌، به‌و پێیه‌ی ئازاره‌کان و دیکتاتۆره‌کان هاوبه‌شن له‌م وڵاته‌دا له‌ نێوان کورد و عه‌ره‌ب.؟

د. محسن ئەلڕەملی: بێگومان ڕۆمان ڕۆڵی ئەو هاوارە دەگێڕێت. هەروەها وردتر و ڕاستگۆترە لە کتێبە مێژووییەکان لە ڕوانگەی وێناکردنی ناخی مرۆڤ لە قۆناغێکی دیاریکراودا، چونکە مێژوو تیشک دەخاتە سەر سیمای دەرەوە و پێکدادان و سەرکردە و تەلارسازی و ئابووری، بەڵام ڕۆمان زۆر جار وەسفی هەستەکانی مرۆڤە سادەکان دەکات، خەمەکانی، خەونەکانی، یادگارییەکانی، تەنانەت وردەکاری جلوبەرگ و خواردن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی. دەربارەی بابەتی کوردەکان لە هەموو کارەکانمدا بە ڕێژە و شێوەی جیاواز ئامادەییان هەیە. ئەوەش بەهۆی ئەوەی بوونیان بەشێکە لە ئەزموون و یادگاری و ژیانی تایبەتم. من هەمیشە کارەکانم لەو ئەزموونانەوە سەرچاوە دەگرێت، کە تێیدا ژیاوم و ناسیومە. دانی پێدا دەنێم (لە ڕابردوودا) پرۆژەی دوو ڕۆمانم هەبوو تایبەت بە کوردەکان. لە نێویاندا بابەتی (ئەنفال). هەر لەو کاتەی لە عێراق بووم زانیاریم لەسەر کۆکردەوە. حیکایەتگەلێکم دەستکەوت لەسەر ئەو خەڵکەی تووشی ئەو چەرمەسەرییە بوون، ڕۆمانی مەزنی لێ بەرهەم دەهات، بەڵام بەتێپەڕینی کات حیکایەتەکان لە ڕۆژنامە و تەلەفزیۆن و کەناڵەکانی دیکەوە هێندە بڵاو بوونەوە شتێکی نوێم بۆ نەمایەوە بتوانم کاری لەسەر بکەم. هەروەها پرۆژەی ڕۆمانێکی مێژووییم هەبوو دەربارەی کەسایەتییەکی کوردی نەناسراو، کە لە نێو یەکەمین ئەو هێزانەی موسوڵمانان بوون چوونە ئیسپانیا و ئەندەلوس. زانیاریەکم دەربارەی خوێندەوە ڕایچڵەکاندم، بەڵام لە سەرچاوە مێژووییەکانی تر زانیاری پێویستم دەست نەکەوت... بەهەرحاڵ، باشترین کەسێک دەربارەی کوردەکان بنووسێت سەبارەت بە هەر شتێک پەیوەست بێت بە مەسەلەکەیان و کلتوور و مێژوویان.. هەر کوردەکان خۆیانن.


ژیاننامە 

د. محسن ئەلڕەملی: نووسەر و شاعیر و ئەکادیمی و وەرگێڕێکی عێراقییە. ساڵی ١٩٦٧ لە باکووری عێراق لە گوندی سدێرە – قەزای شەرگات – پارێزگای سەڵاحەدین لەدایک بووە. لە ساڵی ١٩٩٥ـەوە نیشتەجێی ئیسپانیایە. بڕوانامەی دکتۆرای بەپلەی باڵا لە فەلسەفە و ئەدەب لە زانکۆی مەدرید بەدەست هێناوە، لەگەڵ نمرەی شەرەفدا. بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئیسپانی دەنووسێت. لە ساڵی ١٩٨٥ـەوە لە بواری ڕۆژنامەگەریدا وەک نووسەر و سەرنووسەر کاری کردووە و دەیان بابەتی بڵاوکراوەی لە ڕۆژنامە عەرەبی و ئیسپانی و ئەمریکای لاتیندا هەیە. چەندین کاری ئەدەبی لە نێوان عەرەبی و ئیسپانیدا وەرگێڕاوە. زیاتر لە بیست کاری بڵاوکراوەتەوە هەر لە چیرۆک و شیعر و شانۆنامە و وەرگێڕان و ڕۆمان. ڕۆمانەکانی: "وردوخاشی پەرتەوازە" کە وەرگێڕانە ئینگلیزییەکەی خەڵاتی (ئێرکنساس)ـی بەدەست هێناوە لە ساڵی ٢٠٠٢، "خورمای سەر پەنجەکان" و "باخچەکانی سەرۆک" هەردووکیان بەربژێری لیستی درێژی خەڵاتی بوکەری عەرەبی بوون لە ساڵەکانی ٢٠١٠ و ٢٠١٣. وەرگێڕانی ئینگلیزی "باخچەکانی سەرۆک" خەڵاتی قەڵەمی نێودەوڵەتی ٢٠١٦ و خەڵاتی بانیپاڵ غوباش ٢٠١٨ی بەدەست هێناوە. ڕۆمانەکانی (دێڵەگورگی خۆشەویستی و کتێب) و (منداڵ و پێڵاوەکان) بەربژێری لیستی کورتی خەڵاتی شێخ زاید بۆ کتێب بوون لە ساڵەکانی ٢٠١٥ و ٢٠١٨. زۆربەی کارەکانی بۆ زیاتر لە زمانێک وەرگێڕدراون، لە نێویاندا زمانی کوردی. هەروەها بەشداری چەندین ڤیستیڤاڵ و کۆنگرەی نێودەوڵەتی کردووە. یەکێکە لە دامەزرێنەران و کارگێڕانی گۆڤاری (ئەلواح)ـی ڕۆشنبیری و هزری لە ئیسپانیا لە ساڵی ١٩٩٧. ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی گۆڤاری (ئەرکیترابا)ـی کۆڵۆمبییە کە تایبەتمەندە بە شیعر. ئێستا وەک مامۆستا لە زانکۆی (سانت لویس)ـی ئەمریکی لە مەدرید کار دەکات.