شاعیر و سەگەکەی

25/10/2020
فۆتۆ: 

هاوار محەمەد

ماوەی ڕابردوو لە هەرێمەکەی ئێمە لیژنەی فتوای ئایینی، کە یەکێکە لە دەزگا هەرە تاریکخواز و دژە ژیانەکان، فتوای نابەجێی حەرامکردنی بەخێوکردن و پیاسەکردن لەگەڵ "سەگ"ـی دەرکرد. بە سوتفە بەرواری ئەم فتوایە چەند ڕۆژێک پاش مردنی "حەمە عومەر عوسمان"ـی شاعیر درا، هەر بەو جۆرەی کە بە کوژانەوەی مۆمێک، تاریکییەک دادێ.

 منێک کە پێشتر لێرە و لەوێ بەرگریم لە مافی ئاژەڵ کردووە و لە جێیەکیشدا نووسیومە: "فاشیزم بەرامبەر مرۆڤ لە فاشیزم بەرامبەر ئاژەڵەوە دەست پێدەکات"، نەمتوانی نەکەومە بیری تیۆدۆر ئەدۆرنۆ و ژاک دێریدا، واتە جوولەکەیەکی ئەڵمانی و یەکێکی فەرەنسی، کە دنیای داڕزاوی ئیسلام پێیوایە بەهۆی ئەوانەیەوەیە ئەم تاریکییەی بەسەریدا هاتووە. ئەم دوو فەیلەسوفە مەزنە فاشیزم تەنیا لە دەوڵەت و چەک و سیلاحدا دژ بە مرۆڤ نابینن، بەڵکو لەوێیشدا دەیپشکنن کە بەرامبەر بە ئاژەڵ دەکرێت، بۆ نموونە وەکو ئەوەی ماوەیەک لەمەوپێش بە بڕیاری شارەوانی گەرمیان دەستکرا بە کوشتنی سەگەکان. 

دیسان هەر "بە سوتفە" ئەو ڕووداوە هاوکات بوو لەگەڵ هێرشێکی داعشدا لە سنووری پارێزگای دیالە بۆ سەر گاگەلێک، چەکدارەکانی داعش مانگا و شوانیان پێکەوە قڕ کرد؛ لەم ڕووداوەدا کوشتنی مانگاکان لە کوشتنی ئینسانەکان ڕەنگە ئێشی کەمتر بێت بەڵام بەلای منەوە دەلالەتی زیاترە. گەر بوێربین دەبێ بڵێین کورد یەکێکە لە میللەتە هەرە فاشیستەکان بەرامبەر گیانەوەران، بە تایبەتی ئاژەڵانی وەکو سەگ و پشیلە و بەراز و گوێدرێژ و هیتر. وێڕای ئەوە ڕۆحی ئاژەڵدۆستی لێرە و لەوێ کرچوکاڵێ هەر هەبووە. زۆربەمان دەیان ڤیدیۆ و وێنەی شەڕڤانانی کوردمان لە چیا و کێو و دۆڵەکاندا بینیووە کە لەگەڵ ئاسکەکێوی و بزن و پشیلەکان و هیتردا گاڵتەوگەپ دەکەن. بەڵام جگە لەو دوو فەیلەسوفە ڕۆژئاواییە و جگە لە شەڕڤانەکان، کەوتمەوە بیری هەندێ لە پارچە شیعرەکانی حەمە عومەر عوسمان کە چەند ڕۆژێک بوو، لەداخی ئەو هەموو تاریکییە، کۆچی کردبوو. 

شەو ڕاشکاوە ئەفسوونی پاییز
سەری تەزیوی لە پەنجەرەوە پێهێناومە دەر
تا غەمی سەگی لانەوازی ژێر چۆڕاوگەیش دەخۆم
یەک و دوانیش نین تا جلەکانی خۆمیان بکەمە بەر.. (شەوی پاییز).

ئەم مرۆڤە تەنیا و مەغدور، غەمی لەو سەگانەیش خواردووە وا لە سەرمادا، بێ جێ و ڕێ هەڵدەلەرزن. داخۆ ئەم شاعیرە لە هەموو فتواچی و نوێنەرەکانی خودا جوانتر ڕێز لە بوونەوەرەکانی خالق نانێت؟ ئایا کەسێک دەتوانێ بە بێ ڕێزگرتن لە خەلیقەت ڕێز لە خالق بگرێ؟ حەمە عومەر بە پێچەوانەی فتواچییەکانەوە، لە چاوە غەمگیینەکانی سەگە تەنیاکان ورد دەبێتەوە، تاوەکو ببێتە هاوڕێیان، یان بۆ ئەوەی باسی برسێتیی بکەن. ئاخۆ خودا نەیتوانیوە هێندە خۆراک دروست بکات کە بەشی سەگ و پشیلەکانیش بکات؟ کێ گیانەوەران لە خواردن و ژینگەی سروشتی خۆیان بێبەش دەکات؟ فەتواچییەکان دەبێت بڵێن هەرچی بێت خودا نا...، ئەوە مرۆڤە وا دەکات. بەڵام ئەم دڵڕەقییەی مرۆڤ لە کوێوە سەرچاوە دەگرێ؟ لەوێوە دێت کە نەتوانێت لەگەڵ ئاژەڵان بژی.

 هەر کاتێ مرۆڤ ئاژەڵی لە ماڵی خۆی کردە دەرەوە ئەوا لە ماڵی خۆیشیان دەیانکاتە دەرەوە. ئەو کاتەی مرۆڤ وەک شتێکی پیس و گڵاو ئاژەڵ (لایەنیکەم ئەو ئاژەڵانەی کە دەشێت مرۆڤ لەگەڵیان بژی) لە بەردەرگاکەی خۆی دووری دەخاتەوە، ئەوا ڕەوایەتی بە هەنگاوی قاتوقڕکردنیشیان دەبەخشێت بۆ تێرکردنی ئارەزووی فاشیستییانە. هەڵبەت وەک جۆرجیۆ ئاگامبێن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەبارەی ئاژەڵانەوە باسی دەکات، مرۆڤیش هەر ئاژەڵێکە کە لە دۆخێکی ناسروشتیدا دەژی، لە پرۆسەیەکی مرۆڤناسانەدا هێدی هێدی لە ئاژەڵ جوداکراوەتەوە. جۆرج باتای ڕیشەی ئەم پرۆسەیە دەباتەوە سەر ئایین. بە بڕوای باتای سەردەمانێکی درێژ مرۆڤ لە نێو پلەبەندییەکانی ئاژەڵدا بووە و لەگەڵیاندا لە یەک سەتحدا ناونشین ژیاوە، بە بڕوای باتای ئایین پچڕاندنی ئەم ناونشینییەی مرۆڤ و ئاژەڵ بووە. مێژووی ئایین بە ساتی قوربانیی دەستپێدەکات، سەرەتا قوربانی ئاژەڵ و مرۆڤ، دواتر هەتا زیاتر ئەم سەتحە شەق دەبات و لێکجودا دەبێتەوە، هێندەیش مرۆڤ لەوە دووردەخرێتەوە قۆچی قوربانی بێت و ئاژەڵان شوێنەکانی ئەوانیش پڕ دەکەنەوە. لە قوربانیکردنی ئاژەڵدا، بێگومان تێرکردنی ئارەزووی تووندوتیژی هەیە، بەڵام ئەمە هێشتا جیاوازە لە قڕکردنی ئاژەڵ، یان هەمان ئەو شتەی ناوی دەنێین "فاشیزم بەرامبەر گیانەوەران". ئەمەی دووەمیان جینۆسایدە و لە عەقڵی داعشئاسای وەکو هی جەماعەتی فتواوە دێت. حەمە عومەر دژ بەمە وتوویەتی:    

شەو نیوەشەوان پیاسەی نیوە شەو
سەگێکی ئاشنا بە ڕۆیشتنی ڕێم،
چاوم ئەبڕییە چاوانی زەردی
چەمی عاتیفەی ئەڕشتە بەرپێم،
لەبەر ڕەهێڵەی برسێتیا.. ئای 
ڕەنگە ئەو سەگە، ئێستا مردبێت
بەدەم هەناسەی گیان دەرچوونەوە 
یادێکی منی تەنیای کردبێت. (لە غوربەتا)

گۆڕینەوەی نیگا لەگەڵ ئاژەڵێکدا و ڕوانین لە چاوە غەمگینەکانی، هەر ئەو شتەیە کە ئاگامبێن لەبارەیەوە دەڵێت ''هەرکاتێ گیانەوەرێک سەیرم دەکات شتێکی وەکو شەرم دامدەگرێت''. ئەو چاوە پڕ عاتیفانەی گیانەوەر دەبێت مرۆڤ تووشی شەرم بکات، بە تایبەت کاتێ بەردەوام خەریکین ژینگەکەیان وێران دەکەین. ڕوانین لە چاوانی سەگێک کردەیەکی شیعرییانەیە، تەنانەت گەر نەکرێت بە شیعریش. حەمە لەو شاعیرە کەمنووسانە بوو کە وشە زۆر مەسرەف ناکەن، بەڵام هێندە شاعیرن کە دەتوانن بێ ئەوەی پێویستیان بە وشە بێت پەیوەندیی لەگەڵ ئاژەڵانیش بگرن. 

سەربوردەی من لەگەڵ ئەم شاعیرەدا دەگەڕێتەوە بۆ تافی لاویم. لەو قۆناغەدا بەو نەوەیە لە شاعیر و نووسەر ئاشنابووم کە دەشێت پێیان بڵێین نەوەی "پاش ڕوانگە". مەبەستم لەوانەیە کە لە ماوەی نێوان کۆتایی پەنجاکان تا حەفتاکان لەدایک بووبوون و هەریەکەیان لە جێیەکەوە، بەشێوازێکی نوێ، خەریکی کار بوون کە لە گۆرانییەوە دەیگرتەوە تاوەکو فەلسەفە. لە مۆسیقادا عەبدوڵا جەمال، لە گۆرانیدا دیاری قەرەداغی، لە شێوەکاریدا ڕێبوار سەعید و سەروەت سەوز، لە شاعیرانیش ئەم ناوانە لەوانەبوون کە بە پاڵ ڕەهەندییەکانەوە خوێندمنەوە ''ڕێبوار سیوەیلی وەک شاعیر (زمانی عەشق و زەمەنی ئەنفال)، دلاوەر قەرەداغی، جەمال غەمبار، کەژاڵ ئەحمەد، حەمە عومەر عوسمان''. 

هەریەکە لەمانە لە خەیاڵی منی لاودا ئەفسوون و وێنەی سیحری خۆیان هەبوو، کە گەورە بووم و باشتر پێیان ئاشنابووم (بەداخەوە) هەندێکیان لەو ئەفسوون و جوانییە بەتاڵبوونەوە؛ ئەمە دوو هۆکاری هەبوو: هەم من چاوم کرایەوە و بە بەرهەمی جیهانی ئاشنابووم و هەمیش چەند دانەیەکیان خۆیان وێنەی خۆیان شکاند و نەیانتوانی بە ئاست و جوانی خۆیانەوە بەردەوام بن. دیارە بەختیار لە هەمووان ئازیزتر و ناوازەتربوو هەر وایش ماوەتەوە. جا وەختێ سەرنجی بەرهەمەکانیانم دەدا، وەها تێگەیشتم نێوانی ئەم نەوەیە خۆش بێت: لە دیوانە جوانەکەی دلاوەر قەرەداغیدا "ماڵێک لەناو زەریا، ماڵێک لە تەنیشت بیابان" هەندێک لە شیعرەکانی پێشکەش بە چەند هاوڕێیەکی خۆی کردبوو (ئەوەندەی بیرم مابێت): "سەروەت سەوز، ئیبراهیم چێوار، ئازاد سوبحی، کەژاڵ ئەحمەد و..". بەختیار عەلی پێشەکی بۆ "لە غوربەتا"ی حەمە عومەر نوسیبوو؛ ڕێبوار سیوەیلی لە "دنیای شتە بچووکەکان"ـدا وتارێکی دەربارەی "پرۆژەیەکی شێوەکاریی "ڕێبوار سەعید" نووسیبوو؛ کەژاڵ ئەحمەد لە "سێگۆشەی بەرمۆدا"دا شیعرێکی پێشکەش بە "دلاوەر قەرەداغی" کردبوو، نایشزانم لە هەمان دیواندا بوو یان دانەیەکی دیکەیان کە شیعرێکیشی پێشکەش بە (حەمە عومەر عوسمان) کردبوو و، ئیدی بەمجۆرە. وێڕای ئەمەیش، جگە لە ڕەهەندییەکان، هەرگیز ئەمانە لە پڕۆژەیەکی گەورە و ماوەدرێژدا پێکەوە کۆنەبوونەوە. 

بەلای منەوە لەنێو هەموواندا حەمە عومەر هێشتا نەختێ کلاسیک دەینواند، بۆیە دوای دوو سێجار خوێندنەوەی دیوانەکەی، ئیدی بۆ ماوەیەکی درێژ لە باوەش و ژێر سەرینەکەمدا نەمهێشتەوە. ماوەیەک دواتر خۆی لە کلیپەکەی عەدنان کەریمدا دەرکەوت و سەرنجم لێدا، وەختێ دووراودوور بینیم ناسیمەوە و ویستم بچم بۆ لای، هەر زوو ڕام گۆڕی و دواتریش هەرگیز نەچووم؛ بەڵام هەر وەختێ لە هەر جێیەکدا سوتفەم بکردایە لە فەزادا هەستم پێدەکرد، چونکە ئەو لەبری نووسینی شیعر فەزای دەشعراند، وەک چۆن سارتەر وەختێ لە کافتریا هەمیشەییەکەی دادەنیشت، فەزای دەفەلسەفاند. هەموو شاعیر و فەیلەسوفێک ناتوانن بەم جۆرە بن، بەڵام هەندێ لە سیاسی و مەلاکان دەتوانن بەو جۆرە بن؛ ئەم دووانەیان لە هەرکوێدا بن هەوای ئەو شوێنە بارگاوی دەکەن، بەڵام پتر بە ژەهر. شیعراندنی فەزا لە نووسینی شیعر خۆی گرنگترە، لە تەنیایی و پاییزەکەی گرنگترە. دیارە ئەو کەسانەی نەیاندەناسی هەستیشیان بەو فەزا شیعرییە نەدەکرد کە بە حزوری حەمە عومەر دروست دەبوو. 

فەزا ڕەنگە هەر شوێن بێت، یان ئەتمۆسفێری شوێن بێت. شوێن هەیە مەنگ و عادەتییە، هەواکەی زۆر ناگۆڕێت، بەڵام وەختێ فەیلەسوفێک یان مۆسیقارێک یان تەنانەت کچێکی زۆر سەرنجڕاکێش (لە پێڕی مۆدێلەکان نا)، تێیدا ئامادە دەبێت، هەریەکەیان بە شێوازێکی تایبەت گۆڕان بەسەر فەزاکەیدا دێنن؛ حەمەیش هەر وابوو. بەهۆی ئەو هەستەوەرییەوە کە هەیبوو، بەهۆی ئەو وێنە غەمگینەوە کە وەک شاعیرێک لە هاتن و چوون و دانیشتنیدا دەبینرا، تەنانەت بەهۆی ڕوخساری و ستایلی پۆشینییەوە، لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر نێوانی لەگەڵ شوێندا هەبوو نەک لەگەڵ شیعردا، خۆی پتر دەبووە شیعرێکی بزۆز و بێ وشە، کە بە خێرایی دەهات و بەخێرایی دەڕەوییەوە.

ئەو شوێنە عادەتیانەی ئەوی تێدا دەبینرا وەکو: چاییخانەی شەعب، سەرا، دەوروبەری باخی گشتی و جاروبارێکیش سەهۆڵەکە، یان دوای تەواوبوونی شانۆیەک لە بەردەم هۆڵەکەدا و پتر بە ملپێچێکی سوور یان قاپووتێکەوە، ئا ئەم شوێنانەی سلێمانی بە حەمە و ئەوانیترەوە کە وەکو ئەون، میللیتر بەڵام شاعیرانەتر دەردەکەوتن؛ ڕەنگە ناخۆش بێت جارێکیتر لە شوێنێکدا سوتفەی حەمە نەکەین و هەست بەو فەزایە نەکەینەوە کە بە وەستان یان تێپەڕینی ئەو دروست دەبوو. ئێستا هەتا بێ ئەو شارە ناشیرینینتر دەبێ، گەر ئەو نەوەیە بمرن (فیزیکی و ڕەمزی)، لەگەڵیشیاندا وردە فەزا جوانەکان دەمرن، ئیدی ڕەنگە سەلەفی و گەعدەچی شار پڕ بکەن لە تاریکی.