بۆچی لە زستاندا مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر دەبێت؟

25/10/2020
فۆتۆ: 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان، سەرجەم ناوەندە تەندروستییەکانی سەرانسەری جیهان مەترسی ئەوەیان هەیە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە خێراییەکی زیاتر تەشەنە بکات، بە تایبەت تا ئیستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی یەک ملیۆن و ١٠٠ هەزار کەس لە جیهاندا.

گۆڤاری نەیچەری پزیشکی لە ڕاپۆرتیکدا بڵاویکردووەتەوە، مەترسییەکان لەبەر چەند هۆکارێک دروست بووە، لەوانە هەڵسوکەوتی کەسەکان لەم وەرزەدا، تایبەتمەندی ڤایرۆسەکە کە لە وەرزە ساردەکاندا زیاتر چالاک دەبێت.

دەیڤید ڕیلمان  پسپۆڕی زیندەوەرە وردبینییەکان لە زانکۆی ستانفۆرد دەڵێت "بڵاوبوونەوەی پەتاکە لە وەرزی زستاندا دەگاتە لوتکە و بەڕاستی چەند مانگێکی قورسمان لەپێشەوەیە".

سەرباری ئەوەی زاناکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ڤایرۆسی کۆرۆنا وەرزی نییە، بەڵام جەختدەکەنەوە لەوەی لە وەرزی زستاندا چالاکی دەگاتە لوتکە، چونکە لەو وەرزەدا تەشەنەکردنی ڤایرۆس و نەخۆشییەکانی دیکەی دەزگا هەناسەدان زیاتر و بەربڵاوتر دەبێت، بە تایبەت کاتێک پلەکانی گەرما دێنە خوارەوە و کەشی دینا سارد دەبێت.

گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لەبەرەوەی خەڵکەکان لە وەرزی زستاندا زیاتر لە کەشی ژور و ناوەندە داخراوەکاندا ژیان بەسەر دەبەن و هەوای ناو ئەو شوێنانە بە بازنەییی هاتووچۆ دەکات، بۆیە کەمی هەواگۆڕکێکی مەترسی دووچاربوون و تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکەش زیاتر دەکات.

ڕاشیل بیکەر زانای نەخۆشییە گوێزراوەکان لە زانکۆی برینستۆن دەڵێت، هەرچەندە کەشوهەوای وەرزەکان کاریگەریی هەیە لەسەر کۆرۆنا، بەڵام بوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک کە ئەگەری ئەوەیان هەبێت تووشی ڤایرۆسەکە ببن، ئەوە دەبێتە جوڵەی بەردەوامی بڵاوبوونەوەی پەتاکە.

کاسلین ئاورایلی لە کۆلێژی پزیشکی لەندەن بۆ نەخۆشییە گوێزراوەکان دەڵێت، سەدان ساڵە ڤایرۆسەکان بوونیان هەیە، بەڵام هۆکاری چالاکبوونی زیاتریان لە زستاندا هیشتا بە تەواوی لەڕووی زانستییەوە نەزانراوە، تەنها ئەو لێکدانەوەیە نەبێت کە باس لە ساردی وەرزەکە دەکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، گەورەترین هۆکار کە ڕێگر دەبێت لە سنوردارکردنی بڵابوونەوەی کۆرۆنا، دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و پۆشینی دەمامکە لە شوێنە داخراوەکان و بۆ دەرەوە.

گۆڤارەکە ئاشکرایکردووە، بەگوێرەی زۆرێک لەو تاقیکردنەوانەی کە لە تاقیگەکاندا کراوە لەسەر پەتاکە، دەریدەخەن کە کەشوهەوای زستان کە بەڕێگەوەیە، کاریگەریی بەرچاوی هەیە لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، بە تایبەت لەناو ئەو ماڵ و دامەزراوانەدا کە پلەی گەرمایان بەزۆری لە ٢٠ پلەی سلیزیدایە.

لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا ڕاپۆرتێک کە لە ئەکادیمایای نیشتیمانی بۆ زانست و ئەندازیاری پزیشکی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات لە ٢٥٠ ساڵی ڕابردوودا ١٠ پەتا و نەخۆشی هەبووە، لەو ١٠ نەخۆشییە دوانیان لە وەرزی زستاندا لە نیوە گۆی باکوری زەوی بڵاوبوونەتەوە، سیانیشیان لەوەرزی بەهاردا بوون و دوانیان لە هاوین و سێ دانەکەی دیکەیان لە وەرزی پایزدا بووە.

لە هەموو حاڵەتەکاندا دوای شەش مانگ لە سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە بۆ یەکەمجار، شەپۆلی دووەمی دەستپێدەکاتەوە، بێ لەبەرچاوگرتنی ساتی تەشەنەکردنی یەکەمجارەکەی.