لە بۆردومانێکی ڕوسیا دەیان چەکداری نزیک لە تورکیا کوژران

26/10/2020
فۆتۆ: 

لە بۆردومانێکی روسیادا بۆسەر گروپی "فەیلەقی شام"ی نزیک لە تورکیا لەناوخۆیی سوریا ٧٨ چەکداری ئەو گروپە کوژران.

ڕوانگەی مافی مرۆڤی سوریا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردومانێکی ئاسمانی فڕۆکە جەنگییەکانی روسیا لە باکوری خۆرئاوای ئیدلب بۆسەر ئەو گروپە ٧٨ کەس کوژراون و چاوەڕوانیش دەکرێت، ژمارەیەک زیاتر بێت، دوای دەرهێنانەوەی ئەوانەی کەوتوونەتە ژیر دارو بەردە روخاوەکانی شوێنی بۆردومانەکەوە.

لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە لەناوچەی ئیدلبی سوریا، ئەو بۆردومانەی سوپای ڕوسیا بە توندترین هێرشی خوێناوی دادەنرێت.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سوریا بە ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ئەو شوێنەی بۆردومان کراوە، پێکهاتووە لە بارەگایەک  بەم دواییانە ئامادەکراوە وەک سەربازگەیەکی ڕاهێنان، لە کاتێکیشدا بۆمباران کراوە، بە دەیان چەکداری ئەو گروپە لەناو بارەگاکەدا بوون و سەرقاڵی ڕاهێنان بوون.

گروپی فەیلەقی شام پێکهاتووە لە چەند گروپێکی ئیسلامی جیاجیای سوریا، کە ژمارەیان دەکاتە ١٩ گروپ و لە ساڵی ٢٠١٥وە دامەزراو ە لە ناوچەکانی پارێزگای حەلەب و ئیدلب باڵا دەستن.