سێ پەرلەمانتاری گۆڕان: بەشداری دانیشتنێک ناکەین شەرعیەت بە لێبڕینی مووچە بدات

26/10/2020
لۆگۆی بزوتنەوەی گۆڕان
فۆتۆ: 
هەولێر

سێ پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایانگەیاند، بەشداری دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان ناکەن، چونکە بە وتەی خۆیان دانیشتنەکە شەرعیەت بە لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران دەدات.

عەلی حەمە ساڵح و شایان کاکە ساڵح و شیرین ئەمین لە بەیاننامەیەکدا بڵاویانکردەوە، بۆ دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی کوردستان، لە بری ئامادەبونی بەرپرسانی حکومەت، سێ ڕاپۆرت نوسراوە بۆ پەرلەمان و ڕاپۆرتەکان دەخوێندرێتەوە و دەخرێتە دەنگدانەوە و زۆرینەش بۆ ئەو وەڵامانە مسۆگەر کراوە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو کارە لەبری ڕاگرتنی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران، بەدەنگدان بە ڕاپۆرتەکانی حکومەت شەرعیەت دەدات بە لێبڕینی مووچە، هەربۆیە ئەوان بڕیاریانداوە بەشداری دانیشتنەکە نەکەن.

دەقی بەیاننامەکەی عەلی حەمە ساڵح و شایان کاکە ساڵح و شیرین ئەمین:

ھەرچەندە بزوتنەوەی گۆڕان بەشدارە لە حکومەت، بەڵام ئێمە پێمانوابوو بە واژوکردنی پرساندنی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی، ھەوڵێک دەدەین بۆ نەھێشتنی لێبڕینی موچەو دوانەخستنی زیاتری موچە ..

بەو بەڵگەو زانیارییانەی لە دۆسیەی نەوت و خاڵە سنوریەکان و باج کۆمانکردوەتەوە پرسی داواخستنی موچە چارە دەبوو، دەمانویست بیخەینە بەردەست سەرۆکایەتی حکومەت و بڵێین: بۆ ئەم چاکسازیانە نەکرا ..

بەداخەوە، لە بری ئامادەبونی بەرپرسانی حکومەت، سێ ڕاپۆرت نوسراوە بۆ پەرلەمان و ڕاپۆرتەکان دەخوێندرێتەوە و دەخرێتە دەنگدانەوەو زۆرینەش بۆ ئەو وەڵامانە مسۆگەر کراوە، ئەم کارەش لەبری ڕاگرتنی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران بەدەنگدان بە ڕاپۆرتەکانی حکومەت شەرعیەت دەدات بە لێبڕینی موچە ..

ئێمە لەبەر چەند ھۆکارێک شەرعیەت نادەین بە پرۆسەکەو بەشدار نابین ..

١ - دەبوو سەرۆکایەتی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی ئامادەبن، ناردنی ڕاپۆرت و خستنە دەنگدانی ناپێڕەویە .

٢ - بە دەنگی زۆرینە ڕاپۆرتەکانی حکومەت پەسەنددەکرێت، ئەم ڕاپۆرتانەش باس لەوەدەکات لە ناچاریدا موچە بڕدراوە، واتە: بەدەنگدان شەرعیەت دەدرێت بەم لێبڕینە ..

ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ دژایەتی گەندەڵی و نادادی و بەرگری لەمافی موچەخۆران دەیکەین ..

شایان کاکە ساڵح

شیرین ئەمین

عەلی حەمە ساڵح