ئەنجوومەنی مسوڵمانانی فەرەنسا پشتیوانی لە ماكرۆن كرد

27/10/2020
فۆتۆ: 

سەرۆكی ئەنجوومەنی ئایینی مسوڵمانانی فەرەنسا پشتیوانیان لە سەرۆكی فەرەنسا كرد و رایانگەیاند، فەرەنسا گوشار لەسەر مسوڵمانان نییە و بە ئازادی مزگەوت دروست دەكەن.

محەمەد موسەوی بە ئاژانسی هەواڵی  (AFP)ی راگەیاند "لە فەرەنسا زوڵم لە هاوڵاتییانی مسوڵمان ناكرێت، بە ئازادی مزگەوت دروست دەكەن و ئازادانە پەرستنی خۆیان ئەنجام دەدەن".

ناوبراو پشتیوانی ئەنجومەنەكەیانی بۆ ئیمانیۆل ماكرۆن سەرۆكی وڵاتەكە راگەیاند و دەڵێت یاسا ناچارمان ناكات خۆشەویستیمان بۆ ئەو كاریكاتێرانە هەبێت كە لەسەر پەیامبەر دروستكراون، بە هەمانشێوە یاسا مافی ئەوەشیمان دەداتێ كە رقمان لەو جۆرە كاریكاتێرانە بێت. 

ئەو لەبارەی هەڵمەتی بایكۆتی كاڵای فەرەنسی وتی "ئێمە دەزانین، ئەوانەی ئەو كەمپەینە بەڕێوەدەبەن دەڵێن، ئیسلام دەپارێزن، بەڵام داوای من لە مسوڵمانانی فەرەنسا ئەوەیە، ژیرانە و لەسەر خۆ بجوڵێنەوە. ئەو كەمپەینەی دژ بە فەرەنسا بۆ پارچەكردن و دووبەرەكی دروستكردنە و ئەو كارانە بۆ مەبەستی سیاسی بەكار دەهێنن".