ژمارەی ئەو حزبانە ئاشکرا بوو تا ئێستا ناویان لە کۆمسیۆن تۆمارکردووە

27/10/2020
فۆتۆ: 

عەبدولحسین هەنداوی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، ژمارەی ئەو حزبە سیاسییانەی ئاشکرا کرد، کە تا ئیستا ناوی خۆیان لە کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تۆمار کردووە.

هەنداوی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاندووە، کۆمسیۆن دەستی بە کارەکانی کردووە سەبارەت بە تۆماری ناوی دەنگدەران و دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری، لە بواری تۆماری ناوی حزبە ڕکابەرەکانی هەڵبژاردنیش، تا ئێستا ناوی ٢٣٠ حزب تۆمار کراوە کە ژمارەیەکیان حزبی نوێن.

ڕاوێژکاری سەرۆکی وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوەشکرد، پیشتیوانی و کۆمەکی نێودەوڵەتی گرنگە لە بواری ڕاهێنا و پشتیوانی و چاودێری هەڵبژاردنەکان لە سەرجەم قۆناغەکانی دەنگدان و تۆماری بایۆمەتری، تا دەکاتە پەسەندکردنی کۆتایی لە لایەن دادگای فیدراڵییەوە.

متمانەی خۆشی نیشاندا بە توانای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، کە هەڵبژاردنێکی شەفاف و ئازاد بەڕێوەبەرێت، بەشێوەیەک بنەماکانی دەستوری و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی تیا ڕەچاو کرابێت.

جەختیشیکردەوە، مستەفا کازمی سەرۆکی حکومەت پابەندە بە وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، کە ڕۆژی ٦ی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی بۆ دیاریکردووە، لەو پێناوەشدا حکومەت لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکا، بۆ ئەوەی هەموو ئامادەکارییەک بکات بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.