پەرلەمانی كوردستان پشتیوانی خۆی بۆ فەرەنسا راگەیاند

28/10/2020
فۆتۆ: 

جێگری سەرۆكی پەرلەمان و زۆرینەی سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان سەردانی كونسوڵخانەی فەرەنسایان لە هەولێر كرد و سوپاسی فەرەنسا و گەلی ئەو وڵاتەیان كرد بۆ پشتیوانیەكانیان لە خەڵكی كوردستان.


هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێًكدا بۆ رۆژنامەوانان رایگەیاند، بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان هەڵوێستی پەرلەمانی كوردستان بۆ رووداوەكان ئەو هەڵوێستانەن كە لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانوە رادەگەیەندرێت. 

ناوبراو وتیشی: دوێنێ لە دەستەی سەرۆكایەتی بڕیاردراوە كە ئەمڕۆ سەردانی كونسوڵخانەی فەرەنسا بكرێت و سوپاسگوزاری پەرلەمان و خەڵكی كوردستان بۆ ئەو هەڵوێستانەی فەرەنسا دەرببڕدرێت كە لە 100 ساڵی رابردوودا لەلایەن سەرۆك و بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە بەرامبەر بە گەلی كوردستان دەربڕدراوە. 

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان  دوای سەردانەكەی لەگەڵ زۆرینەی سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بۆ كونسوڵخانەی فەرەنسا بە گرنگیەوە باسی لە چەند نمونەیەكی پشتیوانیەكانی فەرەنسا كرد  بۆ هەرێمی كوردستان. 

ئەوەش دوای ئەوەهات كە ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردستان یاداشتی ناڕەزاییان ئاراستەی كونسوڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر كرد و نارەزایی خۆیان لە دژی ئەو وڵاتە دەربڕی بوو.