مەرگ و خۆکوژی؛ لە ڕوانگەی شۆپنهاوەرەوە

28/10/2020
فۆتۆ: 

دڵشاد حامید دەروێش


هەموو بوونەوەرەکان لە خـــــــــــودی مەرگ دەتۆقن، بەڵێ هەمووان، ئەمە پەیوەندی بە توانستی عەقڵی یاخوود بە پلەی ڕۆحلەبەرەکەوە لە پلەبەندی بووندا نییە. شۆپنهاوەر لە کتێبی [The world as will and representation]دا پی لەسەر ئەم ڕاستییە دادەگرێت و دەنووسێت: [ترس لە مەرگ، سەربەخۆیە لە هەموو مەعریفەیەک]. ئەگەر نەتکردووە، بە تاکە پێڵاوێکەوە دوای قالۆنچەیەک بکەوە، ئەم مەخلووقە کە هیچ زانیارییەکی لەبارەی مەرگــــــــــەوە نییە، دەتۆقێت و خۆی حەشاردەدات. کەواتە ئێمە لە سێبەر و تارماییەکانی مەرگ ناترسـین، بە دیاریکراوتر، لەو گەندبێژی و پووچبێژییانە ناسڵەمینەوە کە لەبارەی مەرگەوە هۆنراونەتەوە، بەڵکوو مــــــــــیتافیزیـــــــکییانە لە خـــودی مەرگ دەتۆقین.

ڕەنگە هەبووبێت وایزانیبێت ئەوە بیرۆکەی نەبوونە ئەم ترس و بیمەمان تێدا دەچێنێت، بەڵام خۆ ئایدیای نەبوون لەلای قالۆنچە بوونی نییە، ئینجا کام نەبوون؟ خۆ ژیانمان چەند ساتێکی کەمە لە نێوان دوو نەبووندا. نەبوونێک هەبووە پێش ئەوەی ببین، نەبوونێکیش لە داهاتوودا هەڵماندەلوشێت. مەگەر نەبوون هەر نەبوون نییە؟! بۆچی غەمبارنین لەوەی لە جەنگی تەڕوادەدا هاوڕێی ئەکیلیسی پاڵەوان نەبوویت. کەچی ترسێکی قوڵ لە هەناوماندا جێگیردەبێت کاتێک بیر لەوە دەکەینەوە لــــە ئاهەنگی سەری ساڵی سێهەزاردا بەشدارنابین.

گرنگە بزانین کە ئەوەی دەچێتە ژێر سێبەری مەرگەوە دەرکەوتەکانی ویستە نەک خودی ویست. ئەمشەو من وەک دەرکەوتەیەکی ویستی ژیان لە کوردستان دەمرم و سبەی ئادێل لە فەڕەنسا دەخزێتە نێو شوێنکاتەوە و لە بووندا هەڵدەتۆقێت، گرنگ نییە من هەبم یان ئادێل. ویست بایەخ بە پاراستنی [جۆر] دەدات نەک [تاک]. بەڵێ من نامێنم و ئەو عەشقبازی دەکات، شەراب دەنۆشێ و سەما دەکات، دواجار ئەویش بە چەشنی من لەبیردەکرێت. لــــــــــــــــــــە پەیمانی کۆندا هاتووە: [نەوەیەک دێت و نەوەیەک دەڕوات، بەڵام زەوی هەتاهەتایە هەر هەیە]. هەڵبەت پێویستمان بە سەلیقەیەکی ڕاڤەکاری ئەوتۆ نییە تاوەکو لەوە تێبگەین کە زەوی لێرەدا بـــە واتاکانی [زەوی، ژیان، جۆری مرۆڤ] ئاووس و سکپڕە. 

 ویل دۆران [Will Durant] لە چیرۆکی فەلسەفە [The Story Of Philosophy]دا بەمشێوەیە ئەندێشەی شـۆپنهاوەر لەبارەی مەرگەوە دەخاتەڕوو [هەر شتێک ساتێک بەردەوام دەبێت و پاشان بەرەو نەمان دەڕوات، ئەگەر مەرگ مۆڵەتێکمان بداتێ و تۆزێک چاوەڕێمان بکات، ئەوە تەنیا یاریکردنە بە ئێمە، هەروەک چۆن پشیلەیەک یاری بە مشکێکی نیوەگیان دەکات و پاشان دەیخوات،].

بە پاساوی خۆکوژی، کەسانێک هەن گومان لەسەرجەم ئەوانە دەکەن کە وتمان. پێش ئەوەی وەڵامی ئەم گومانە بدەمەوە. بەباشی دەزانم بڕێک لەسەر خۆکوژی لە بەستێنی فەلسەفەی شۆپنهاوەردا بوەستم. ئەگەر پانۆراماییانە لە فەلسەفەکەی بڕوانین، هیچ جۆرە هەڵخڕاندن[هەڵجڕاندن: هاندان بۆ کاری خراپە] و پاڵپێوەنانێک بەرەو خۆکوژی نابینین. هەڵوێستی شۆپنهاوەر دژوەستانە لەتەک ئەو وێــــــناکردنـــــــــــــە ئایینییەی کە خۆکوژی لـــــــــــــە هاوکێشەی تاواندا نیشتەجێدەکات. لە وتارێکیدا بە ناونیشـــانی [لەبارەی خۆکوژییەوە/ On suicide]دا دەنــووسێت: [تاوەکو ئەو شوێنەی ئاگـــــاداربم جگە لە پەیڕەوگرانی یــــــــــەکتاپەرستی، واتە ئایینە یەهوودییەکان، کـــــــەس وەک تاوان لە خۆکوژی ناڕوانێت، ئەمەش جێی سەرسوڕمانە، ئـــــــاخر ئەم کردەیە لە پەیمانی کۆن و نوێدا حــەرام و بێزراو نییە]. 

بۆ وەڕاستگەڕاندنـــی[تەسدیق] تاواننەبوونـــــــــــــــی خۆکوژی. فەیلەسووفەکەمان خـــــــــــــــوێنەر دەکاتە دادوەر. ئێمەش هەر وادەکەین. ئەندێشەی هەستتان بکەن کاتێک هەواڵی ئەوەتان پێدەگات ناسیاوێکتان دزی کردووە، یان پیاوێکی کوشتووە، یاخود منداڵێکی ڕفاندووە. پاشان بەراوردی بکەن بەو هەستەی کە دەبیستن خۆکوژی کردووە و بەویستی خۆی نووختەی کۆتایی لەسەر چیرۆکی ژیانی داناوە. لە تەخەیولی یەکەمدا شەرم و توڕەیی و ناڕەحەتی داماندەگرێت و ڕەنگە بەیداخی سزا و تۆڵەش بەرزبکەینەوە. کەچی لە دووەمدا هەست بە ‌غەم و هــاودەردی و بەزەیی دەکـــــــەین. لــــــــەبەر خۆشمانەوە سەرســـــــامی ئازایەتییەکەی دەبین، تەنانەت ئەگەر لەڕووی فەلسەفی و ئایینی و ئاکاریشەوە دژی کردەی خۆکوژی بین.

 ئەوە دەبێت لەلای خوێنەر ئاشکرا بێت، کە بە دید و چاویلکەی شۆپنهاوەر، ویستی ژیان کە حەقیقەتی نێوەکی جیهانە، دەبێت خەفەبکرێت نەک لەنێوببرێت، باشترە حاکمی مەعزول بێت نەک مەزبووح. وەلێ کاتێک دەرد و ژان و مەینەتی و قوڕبەسەرییەکان لە ڕادەبەدەر دەبن و دەبینە تۆپەڵێک برین، مافمانە ماڵئاوایی لە ژیان بکەین، مافمانە ئەمڕۆ نەدەینە دەستی سبەی، مافمانە ئەو بارە قورسەی ژیان لە کۆڵی نابووین و ماسۆشییانە چێژمان لێوەردەگرت، فڕێبدەین، لە هەمان وتاردا پێماندەڵێت: [کاتێــــــــــک خەونێکی ترســــــناک دەبینیت و بــــەتـــــرۆپکی سامناکی دەگەیت، ڕادەچڵەکیت، ئیتر وێنە تۆقێنەرەکان نامێنن، دەی ژیانیش خەونە، کە دەگاتە ئەوجی ســــــــــامناکی، پێویستە کۆتایی پێبهێنیت].

پێشئەوەی منیش کۆتایی پێبهێنم، دەمهەوێت وەڵامی گومانەکە بدەمەوە. ئەوەی لە پشت خۆکوژییەوەیە، تەلیسم و سیحری ژیانە. کەسی خۆکوژ ناخوازێت بمرێت، بەڵکوو دەخوازێت ژیانیکی باشتر بگوزەرێنێت. واتە، خۆکوژ دەرک بەجوانییەکانی ژیان دەکات، وەلێ ناتوانێت بەر ئەم جوانییانە بکەوێت. لەم سۆنگەوە، دەتوانین بڵێین کە ویستی ژیان لەکن کەسی خۆکوژ، لە بەهێزترین فۆرمەکانیدا پێ لەسەر بوونی خۆی دادەگرێت. 

تێبینی: ئەم نووسینە بەشێکە لە کتێبێک دەربارەی فەلسەفەی شۆپنهاوەر کە لە داهاتوودا بە ناوی [لە سەرەتادا ووشەکە نەبوو] چاپدەکرێت.

سەرچاوەکان:
1- Will Durant, The Story Of Philosophy, 2nd Edition, New revised edition, illustrated, Garden City Publishing Co., Inc, New York, P 357.
2- Arthur Schopenhauer, The world as will and representation, Volume 2, Translation: E. F. J Payne, Dover Publications, Inc., New York.
3- The Essays of Arthur Schopenhauer; Studies in Pessimism, on women, translated by: T. Bailey Saunders