شیعر، ئەفراندن بە پارچە شکاوەکانی ژیان!

28/10/2020
فۆتۆ: 

لە دەقە شیعرییەکانی (ڕۆژەکانم بە ڕیمۆت کۆنترۆڵ دەگۆڕم)ی گۆران ڕه‌سووڵ



  دانا ئەحمەد



جۆنسن(Ben Jonson)  لە پێشەکی شکسپیردا دەڵێ (ئەرکی نووسەر ھەمیشە ئەوەبووە، ژیان لەوەی کە ھەیە باشتر بەردید بخات)، ئەگەر ئەم گوتنە سەردەمانێ خۆی لە بەرھەمی نووسەرەکاندا دەبینییەوە، ئەوا لە دونیای مۆدێرنەدا جێی نابێتەوە و نووسەری ئەمرۆ و بە تایبەت شاعیرەکان، سارتەریانە بونیادی کارەکانی خۆیان دەکەن و ھیچ پابەندییەکیان نییە بە شتێک لە دەرەوەی ئەوەی کە ھەیە. لە مێژووی ئەدەبیات، کاتێک باس لە رۆمان دەکرێ، یەکێک لەو جیاوازیانەی کە ئەم ژانرە لە ژانرەکانی دیکەی ئەدەب جیادەکاتەوە نزیکی و گرێدراوی بووە بە واقعەوە و باسکردن بووە لە شیعر وەک بەرھەمی ئەندێشە و دنیای خەیاڵی نووسەر، دەکرێ بڵێین ئەم تێڕوانینە پەیوەستە بە سەرەتاکانی دەرکەوتنی رۆمان تا کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرھەڵدانی ڕەوتی تازەگەری (مۆدێرنیزم)، لێرەوە شیعر بە زمان، فۆرم و ناوەڕۆکێکی تازەوە تێکەڵ بەو رەوتە دەبێت و ئەو پێگە لە رۆمان وەردەگرێت کە بە تاکە ژانری نزیک لە واقع دادەنرا.

مۆدێرنە، رەوتێکە نەک ھەر پشت لە ڕێباز و نەریتە باوەکانی پێش خۆی دەکات، بەڵکو شوناسێکی نوێ بەسەر  تێکڕای لایەنەکانی ژیاندا دەسەپێنێ، بزاوتێکە لەسەر رووتبوونەوەی ژیان ھەوڵی پۆشتەکردنی خۆی دەدات. ئەو پێشکەوتنانەی کە لە سەردەمی مۆدێرنەدا تێکڕای کایەکانی گرتووە، گەرچی ئامانجیان جوانکردنی جیھان و باشکردنی ژیانی مرۆڤ بوو، بەڵام بەدەر نەبوو لە ھێنانە ئارا و خوڵقاندنی چەندان لایەنی نەرێنی کە خۆی لە کاڵکردنەوە و ھەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و تۆخکردنەوەی چینایەتیی و وێرانکاریی سروشتدا بینیەوە، دەرئەنجام جۆرێک لە نامۆیی تێکەڵ بە ئاکار و شوناسی مرۆڤ کرد.

ئەحمەد شاملۆ، دەربارەی بەرھەمەکانی دەڵێت "شیعر جۆرە بۆچوون و ڕوانینێک بۆ ژیان نییە، بەڵکو راستە و راست خودی ژیانە"، کەواتە خوێندنەوەی شیعر دواجار خوێندنەوەی ئەو رۆژانەیە کە شاعیر پێیدا تێدەپەرێت. (ڕۆژه‌كانم بە ڕیمۆت کۆنترۆڵ دەگۆرم)ی گۆران ڕه‌سووڵ، جگە لە نووسینی شیعر، نووسینەوەی واقعی ژیانی کۆمەڵگەی ئێمەیە، گرتنی فۆتۆی کەسایەتی مرۆڤـی ئێستامانە بە وشە و ئەفراندنە بەو شکاویانەی خزاونەتە ناو رۆژەکانمانەوە. دەقەکانی ناو ئەم کتێبە شیعرییە وێنەی ئەو بەرکەوتن و ھەستانە دەکێشن کە لە رێگەی ئەزموونی نووسیارەوە دەبنە زمانحاڵی ئێستای ئێمە.

 شوێن، مۆدێرنە وەک بکوژی نۆستالژیا

لە دەقی (شار)دا، گۆران ڕه‌سووڵ بە ئاگاییەوە باسی ئەو شکانانەمان بۆ دەکات، کە بە ھۆی پێشکەوتنەکانی شارەوە دروست بوون، گۆڕانەکان خێران و نائامادەیی رۆحی ئێمە لە بەرامبەریان، جۆرێ لە شکاویی تێکەڵی ژیان دەکات. گۆران لە رێگەی وێنەی شیعرییەوە ھەموو ئەو وێنانەمان دەخاتە بەرچاو کە شکاویی و بێ شوناسی تاکن لە دنیای مۆدیرنەدا و گەشەسەندنەکانی شار و گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی کلیمەیت (کەشوھەوا) وەک بکوژی نۆستالژیی پێناسە دەکات و دەڵێ: 

(ئاو و ھەوا خنکێنەرن
پیاسەکان تامی دووکەڵ دەدەن
سێبەرەکانمان 
لە کەلێنی باڵەخانە زەبەلاحەکاندا
چاوشارکێ دەکەن) 

((تا بەژنی باڵەخانەکانی شار ھەڵکشێن
دە ھێندە مرۆڤایەتی و ویژدان لە کورتی دەدەن)) 

((شار رێز لە بیرەوەریەکانی ناگرێت
ئەمرۆ لە بەیانی زۆر جیاوازترە
خێرا خێرا و بە بەردەوامی
سەرقاڵی خۆ گۆرینییەتی))
                                     -------------------------------------

مردن، بوونێک بە درێژایی رێگا نەک تەنھا لە کۆتاییدا

لە دەقە شانۆیی (چیرۆكی باخچه‌ی ئاژه‌ڵان – The Zoo Story)دا  ئێدوارد ئالبی، لە رێگەی کارەکتەری(جێری) باس لە ھەستی کەسێک دەکات، کە بوون بە شتێکی بێسوود دەزانێت، ئەم کارەکتەرە لە ڕێگەی گیرانەوەوە باس لە مردنی دایک و باوکی دەکات، لە رێگه‌ی ژەھرەوە دەبێتە بکوژی سەگێک و دواجار(پیتەر) پەلکێش دەکات بەشداربێت لە خۆکوژیەکەیدا. جێری ھەست بە مردوویی خۆی و کەسانی دەورووبەری دەکات، بوونیان ھیچ واتایەک بە ژیانی یەکتری نابەخشێت. نوێنەرایەتی کەسانێک دەکات، جگە لە ھەناسە ھیچ شتێکی دیکەیان نییە بەو پووچێتییەی ژیانی مۆدێرنەوە بیانبەستێتەوە کە ئەلبی لەم دەقە شانۆییە باسی دەکات، پرە لە لێکترازاوی تاک، نەمانی پەیوەندییە کومەڵایەتییەکان و تەنیا کەوتنی مرۆڤ. گۆران لە چەند شوێنێکی ئەم کتێبە شیعرییە، باس لە بێ واتایی بوون دەکات لە بەرانبەر مردن، باس لەو مردن و شکانانە دەکات، کە ڕۆژانە تێکەڵی بوونمان دەبن، ئەو شکاوییانە لە دەربرینەکانیدا کۆدەکاتەوە و دەڵێ
:
 ((سواری شەمەندەفەرێک دەبم
پراوپر لە مردوو
لە تەنیشت زیندوویەک نا،
مردوویەک دادەنیشم))

(( لە ناو مندا 
ئۆپۆزسیونێک ھەیە،
بوون،
بە گەندەڵی دەزانێت))
                                            -----------------------------------


شاشەکان، ئەفیونی ژیانی مرۆڤایەتی
ئامێرەکان لە مۆدێرنەدا، زیاتر لە ھەر نەریت و شتێکی تر گۆڕانیان بەسەردا ھات، لە دایک بوونی تەکنەلۆژیا ھەڵتەکانی ئەو بناغە ته‌قلیدییەبوو، کە دروستکردنی ئامێرەکانی پێک دەھێنا. تیکەڵ بوونی تەکنەلۆژیا بە پیشەسازیی، سروشتی ئامێرەکان لە ئیشپێکردنی دەستییەوە( Manual )  گۆڕی بۆ خۆگەڕی ئامێرەکان ( Automatic )، ئەم گەشەسەندنەی ئامێرەکان ھەرچەندە کارئاسانی ڕۆژانەی فەراھەم کرد، لێ ھەڵکشانی رێژەی بێکاریی لێکەوتەوە، کە وەک کێشەیەکی سەرەکی دونیای جڤاکی مۆدێرنە ھەژماردەکرێت. تەکنەلۆژیا تەنھا ئامێرە تەقلیدییەکانی نەگۆڕی، بەڵکو لە داھێنان و لەدایک بوونی چەندان ئامێری ئەلیکترۆنی و خستنەوەی تۆڕی پەیوەندی خێرادا خۆی بینییەوە، کە رۆڵیان ھەبوو لە گۆرین و دووبارە دارشتنەوەی ژیانی مرۆڤ. شاشەکان، وەک دیارترین و بەربڵاوترین داھێنراوەکانی تەکنەلۆژیا، رۆلێکی گەورە دەگێرێ لە ئاراستەی ھەنگاوە کۆمەڵایەتییەکان. شاشەکان چیتر ھۆکارێک نین لێیانەوە بە تەنھا سەیری شتەکان بکەین، شوێنێکن دەمانەوێ خۆمانی تێدا بدۆزینەوە. گۆران لەم کتێبە شیعرییەدا لە رێگەی تایتلی (ڕۆژەکانم بە ڕیمۆت کۆنترۆڵ دەگۆرم) و دەقە شیعرییەکان باس لە ونبوونی شوناسە مرۆییەکەی تاکی کۆمەڵگە دەکات، لە ھەمبەر تەکنەلۆژیا و مۆدێرنەدا و دەڵێ:

((یەکتریمان خۆشویست
تاکو تەلەفزیۆن و ئینتەرنێت نەمانکەن بە بەرد،نەمانکەن بە ئایکۆن!
تاکو فریوی باس و خواسی سواوی ناو سۆشیال میدیا نەخۆین))

((بێ ئارەزوو
بێ ویست
خراینە ناو داینەمۆی ئامێرەکانەوە))

(( بە ئیمەیلێک ھەواڵی مردنەکەم بڵاودەبێتەوە
دۆستانم،
خزمانم،
بە چەند وشەیەکی ئەلیکترۆنی وەرەس 
دڵنەوایی نەوەکانم دەدەنەوە)). 
                                  ----------------------------------

نامۆیی، دیارترین شوناسی شکاویی تاک لە مۆدێرنەدا
ئەو گۆرانکاریانەی کە مۆدێرنە لە تێکرای کایەکانی ژیاندا خوڵقاندی، بە تایبەتی لە لێکترازان وکاڵکردنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەک و پشتکردنە بەھا نەریتییەکان لە لایەکی دیکەوە، بە دیاردەبوونی نامۆیی و رەشبینی لێکەوتەوە. پێشکەوتنە خێراکان بوونە ھۆی تەنیا کەوتن و جێماویی تاک لە خەونەکانەکان، بێ کاریی و بارگرانی ژیانکردن و سەختی دەست راگەیشتن بە ئامێرەکان، رۆڵیکی باڵایان گێرا لە پەراوێزخستن و تێکشکاویی تاک لە مۆدێرنەدا. لەم کتێبەدا لە زۆر دێڕدا بەر ئەو نامۆییە دەکەوین، کە وەک شوناسێکی نوێ بەسەر تاک و لە ڕێگەی تاکەوە بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاوە و وێنەیەکی تەواوی ئەو دۆخە سۆسیۆلۆژیە دەکێشێت و دەڵێ:
((بە گەشبینیم
ڕەشبینم))

((بوون 
باشتر نییە لە
ھـ 
ی
چ))

((ئەم بوونە ساختە لە قوتونراوە
تەنیایم دەداتە بەر چەقۆ
ھەزار و یەک ماسک دەخاتە سەر برینەکانم))

((ھەموو بزە و پێکەنینەکانم درۆن
بەوانەی ناو وێنەکانیشەوە))
                                 ----------------------------------------------

ماریا ریلکە لە (نامەیلێ بۆ شاعیرێکی گەنج)دا دەڵێ "کاتێک خۆت دەردەبڕیت، وێنەی نێو خەونەکانت و پێکھاتەی یادەوەریت و شتەکانی ژینگەکەت بەکار بھێنە"، گۆران لە (ڕۆژەکانم بە ریمۆت کۆنترۆڵ دەگۆرم) دەربڕینەکانی پڕن لە خەون و یادەوەری، قوڵبوونەوە و گوزەرکردنه‌ لەو شتانەی کە لە ژینگەکەیدا ھەن. یەکێک لە خەسڵەتەکانی شیعر ئەوەیە کە دێڕەکانی زیاتر لە تەفسیرێک ھەڵدەگرن، ئەم کتێبە پڕە لەو دەروازانەی کە ھەرچۆن پێیدا گوزەر بکەی قسە یان لێکدانەوەیەکی دیکەت پێدەبەخشێت و دەلاقەی باسێکی دیکە بەسەر خۆیدا دەکاتەوە.