بەوێنە.. ژنێکی تەمەن 120 ساڵ لە باکوری کوردستان کۆرۆنای تێپەڕاند

29/10/2020
ژنێکی تەمەن 120 ساڵ کۆرۆنای تێپەڕاند
فۆتۆ: فۆتۆ: میدیای تورکیا
تورکیا

مەنیجە ئەنجو کە ئافرەتێکی تەمەن ١٢٠ ساڵانە و لە گوندی ئۆرتاباخ لە شارۆچکەی ئولودەرەی سەربە پارێزگای شەرناخ لە باکوری کوردستان دەژی، پەتای کۆرۆنای تێپەڕاند و چاکبووەوە.

مەنیجە ئەنجو کە دایکی ١٢ منداڵ و زیاتر لە ١٠٠ نەوەی هەیە، ١٥ رۆژ پێش ئێستا دوای ئەوەی لەلایەن تیمی گەڕۆکی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی پارێزگاوە پشکنینی بۆکرا و دەرکەوت تووشی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بووە، گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و خرایە ژێر چارەسەرەوە .

دوای ١٥ رۆژ لە وەرگرتنی چارەسەر، مەنیجە ئەنجو پەتاکەی تێپەڕاند و چاکبووەوە و بە چەپڵەرێزانی کارمەندانی نەخۆشخانەکە گەڕایەوە بۆ ماڵەوە و نەخۆشخانەی جێهێشت .

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، مەنیجە ئەنجە دڵخۆشی خۆی نیشاندا بە تێپەڕاندنی پەتاکە و وتی، ''خوا لە پزیشک و پەرستارەکانمان رازی بێت، زۆر باش خزمەتیان کردم، حەقیان زۆر بەسەرمەوە هەیە، خوا بیانپارێزێت و هاوکاریان بێت، زۆر ماندووبوون، گرنگیی زۆریان پێدام، من لێیان رازیم خواش لێیان رازی بێت ''.

حەلیمە ئەنجو-ی ٦٥ ساڵان کە بووکی مەنیجە ئەنجوە، ئاماژەی بەوە کرد کە ١٥ رۆژ پێش ئێستا هاتوونەتە نەخۆشخانە بۆ چارەسەری خەسووی و رایگەیاند، ''خەسووم بە گشتیی خواردنی سروشتیی دەخوات، بە چاودێرییەکی زۆر باش چاکبووەوە. خوا لە هەموو ئەو پزیشک و پەرستارانە رازی بێت کە هەوڵیان لەگەڵدا ''.

پرۆفیسۆڕی نەخۆشییەکانی سنگ، د. بیلیم کەهیا ئاکجان کە لە نەخۆشخانەی پەتاکە کاردەکات، باسی لەوە کرد پێش دوو هەفتە مەنیجە ئەنجو بەهۆی هانەسە تەنگیەوە پەیوەندی پێوەکردوون و ئەوانیش تیمی گەڕۆکیان بۆ ناردووە و پشکنینی بۆ کراوە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە .

د. بیلیم کەهیا ئاکجان ئاماژەی بەوەشکردووە، کە نەخۆشە ١٢٠ ساڵانەکە وەڵامی ئەرێنی بوو بۆ چارەسەر، نەخۆشخانەی جێهێشت، بەڵام پێمان گوت دەبێت لەمەودوا باشتر ئاگای لەخۆی بێت .

د. بیلیم کەهیا ئاکجان هیوای ژیانێکی تەندروستی بۆ مەنیجە ئەنجو خواست و وتی، ''زۆر دڵخۆشین بە چاکبوونەوەی نەخۆشەکەمان. سوپاسی کارمەندانی تەندروستی دەکەم بۆ هەوڵەکانیان ''.

د. بیلیم کەهیا ئاکجان هەروەها هۆشداریدا لەبارەی دەمامک، دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتی و پاکوخاوێنی بۆ پۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ .