كۆمپانیای هواوی ئه‌كادیمیایه‌كی ته‌كنۆلۆجیای زانیارییه‌كان له زانكۆی گه‌رمیان ده‌كاته‌وه
كۆمپانیای هواوی ئه‌كادیمیایه‌كی ته‌كنۆلۆجیای زانیارییه‌كان له زانكۆی گه‌رمیان ده‌كاته‌وه
فۆتۆ: ئەرشیڤ
گەرمیان
زانكۆی گه‌رمیان و كۆمپانیای هواوی له بواری ته‌كنۆلۆجیای زانیاریی و كۆمۆنیكه‌یشنی نێوده‌وڵه‌تییدا ڕێككه‌وتنێكیان واژۆكرد، به‌م پێیه‌ش كۆمپانیاكه ئەکادیمیایهكی تایبه‌ت به ته‌كنۆلۆجیای زانیارییه‌كان له زانكۆکە ده‌كاته‌وه .
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه (29ی تشرینی یه‌كه‌م)، پ.ی.د. فه‌رهاد قادر سه‌رۆكی زانكۆی گه‌رمیان چاوپێكه‌وتنێكی بەشێوەی ئۆنلاین له‌گه‌ڵ ستافێكی كۆمپانیای هواوی ئه‌نجامدا و ڕێككه‌وتنێكیان واژۆ كرد كه چه‌ندین سوودی گرنگی زانستیی ته‌كنۆلۆجیی بۆ زانكۆی گه‌رمیان تێدایه.
له كۆبوونەوه‌كه‌دا سه‌رۆكی زانكۆ و نوێنه‌رانی زانكۆی گه‌رمیان چاویانـكهوت به نوێنه‌رانی كۆمپانیای هواوی له به‌غدا و به‌حره‌ین كه پێكهاتبوون له هه‌ریه‌ك له به‌ڕێزان (Mr. Wangle, Mrs. Zhang, Mr. Rafid).
له ده‌ستپێكدا سه‌رۆكی زانكۆی گه‌رمیان وتی، "ئه‌مڕۆ ڕۆژێكی مێژووییه بۆ زانكۆمان، دڵنیاین كه ئه‌نجامدانی ئه‌م ڕێككه‌وتنه زانستییه ده‌ستكه‌وتێكی گرنگه بۆ زانكۆ و ناوچه‌كه‌مان، دڵخۆشین به هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای به‌ناوبانگی هواوی كه ئه‌ركێكی گرنگی ته‌كنۆلۆجیا و په‌یوه‌ندییه‌كانی سه‌رده‌می له ئه‌ستۆدایه".
دواتریش ڕاگری كۆلێجی زانست سوپاسی كۆمپانیای هواوی كرد و باسی له ئه‌و كه‌ره‌سته و پێداویستییانه كرد كه كۆلێجی زانست له بواری ته‌كنۆلۆجیادا هه‌یه‌تی، وتیشی، "دڵنیام ئه‌م ڕێككه‌وتنه زۆر یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ خوێندكارانی زانكۆکەمان" .
لای خۆشیانەوە، نوێنه‌رانی كۆمپانیای هواوی خۆشحاڵی خۆیان نیشاندا به ڕێككه‌وتنه‌كه و ڕایانگه‌یاند، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ سه‌رخستنی پرۆژه هاوبه‌شه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ زانكۆی گه‌رمیان كه خۆی له كردنه‌وه‌ی ناوه‌ندێكی ئه‌كادیمی ته‌كنۆلۆجیا و ئایتی دا ده‌بینێته‌وه، هیواشیان خواست سوودێكی گه‌وره به خوێندكارانی زانكۆی گه‌رمیان بگه‌یه‌نن .
بڕگه‌كانی ڕێككه‌وتنه‌كه بریتیین له :
١-كردنه‌وه‌ی ئه‌كادیمیایه‌كی تایبه‌ت به ته‌كنۆلۆجیای كۆمۆنیكه‌یشنی نێوده‌وڵه‌تی (ICT) و (IP) له‌ناو زانكۆی گه‌رمیاندا .
٢-گه‌یاندنی ئامێر و كه‌ره‌سته‌ی تایبه‌ت به ته‌كنۆلۆجیای زانیاریی له وڵاتی چینه‌وه بۆ زانكۆی گه‌رمیان .
٣-دابینكردنی په‌رتووكی تایبه‌ت به ئه‌و پرۆگرامانه‌ی كه كاریان له‌سه‌ر ده‌كرێت .
٤-ژماره‌یه‌ك له مامۆستایانی كۆمپیوته‌ر و ئایتی له زانكۆی گه‌رمیان، به‌شدارییان پێده‌كرێت له خولێكی ئۆنلایندا كه كۆمپانیای هواوی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، پاشان ده‌رچووانی خوله‌كه بڕوانامه‌ی نێوده‌وڵه‌تییان پێده‌درێت، دوای ئه‌وه‌ش ده‌توانن وه‌كو ڕاهێنه‌ر له ئه‌كادیمیاكه‌دا كار بكه‌ن .
٥-ساڵانه (100) خوێندكاری زانكۆی گه‌رمیان ده‌توانن له خوله‌كانی ئه‌كادیمیاكه‌دا به‌شداربن، ئه‌مانیش دوای ده‌رچوونیان له تاقیكردنه‌وه‌دا بڕوانامه‌ی نێوده‌وڵه‌تییان پێده‌درێت، پرسیاره‌كانی تاقیكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م خوله‌كان له چین داده‌نرێن .
٦-ڕێككه‌وتنه‌كه بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ به‌رده‌وامیی ده‌بێت، له كۆتایی ساڵی یه‌كه‌مدا هه‌موو ئه‌و ئامێر و كه‌ره‌ستانه‌ی كه كۆمپانیای هواوی دابینیان ده‌كات ده‌بنه موڵكی زانكۆی گه‌رمیان و ئهكادیمیایهكهی .
٧- پێویسته هه‌موو پرۆگرام و سیسته‌مه‌كان بپارێزرێن و نه‌درێن به هیچ كه‌س و لایه‌نێك به بێ پرسی هه‌ردوولا .
هواوی (Huawei ) كۆمپانیایه‌كی چینییه له بواری ته‌كنۆلۆجیای په‌یوه‌ندییكردن و تێلیكۆمۆنیكهیشن و ئه‌لیكترۆن، له ساڵی 1987 دامه‌زراوه، له ئێستادا بێجگه له بواری بازرگانی 21 په‌یمانگه‌ی بۆ توێژینه‌وه و په‌ره‌پێدان له ته‌واوی جیهاندا هه‌یه، ستافی كۆمپانیا پێكهاتوون له 76 هه‌زار كارمه‌ند، هواوی له 170 وڵاتی جیهاندا به‌رهه‌مه‌كانی بڵاوده‌كاته‌وه، یه‌كێكه له كۆمپانیا سه‌ركه‌وتووه‌كانی جیهان له بواری ته‌كنۆلۆجیای پهیوهندییكردندا.
|