وەزارەتی گواستنەوە وەڵامی وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر دەداتەوە

30/10/2020
فۆتۆ: 

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە بڵاوكردنەوەی وێنەی ئۆتۆمبێلێكی وەزارەتەكەیان لەلایەن ئەفسەرێكی هاتووچۆوە كە بۆ كاری تایبەتی بەكار هاتبوو نیگەرانە و دەڵێت، كاری ئەو ئەفسەرە دوورە لە ئیتیكی پیشەییەوە.


ئەمڕۆ فازیل حاجی، وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر وێنەیە ئۆتۆمبێلێكی وەزارەتی گواستنەوەی بڵاوكردەوە كە تیایدا هەناری باركردبوو، لەسەری نوسیبوو "باشە بەم رۆژی هەینی و پشووە دەبێت ئەو سندوقە هەنارانە بۆ چ شوێنێك ببات" دوای ئەوەش وەزارەتی گواستنەوە لێكۆڵینەوەی كردووە. 

لە روونكردنەوەیەكدا كە وەزارەتەكە بڵا,یكردووەتەوە رایگەیاندووە "دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی ئۆتۆمبیلی ژمارە (43- گواستنەوە و گەیاندن) لە رۆژی هەینی 30-10-2020 لەسۆسیال میدیاكاندا كاتێك فەرمانبەر (ئا. م. خ ) بەدەر لە رێنماییەكانی حكومەت ئۆتۆمبیلەكەی بەكارهێنابوو، دەستبەجێ بە بڕیاری وەزارەت ئۆتۆمبیلەكە لە فەرمانبەری بەكارهێنەر وەرگیرایەوەو گەڕێندرایەوە بۆ ناو فەرمانگەی بەڕێوەبەرایەتیەكەی".

وەزارەتەكە راشیگەیاندووە  رۆژی یەكشەممە لە كاتی دەوامی فەرمیدا  لێپرسینەوەی یاسایی پێویستی لەگەڵ ئەنجامدەدرێت و دەشڵێت "ئەو ئەفسەرەی هاتووچۆ كە وێنەكەی بڵاوكردۆتەوە، لە بنەماكانی ئەركی پیشەییانەی خۆی لایداوە".

وەزارەتی گواستنەوە لەو بارەی بڵاوكردنەوەی وێنەكەوە وتوشیەتی "ئەو كارە دوورە لە رەوشت و ئیتیكی پیشەیی، دەكرا بە شێوەی نووسراوی فەرمی سەرووی خۆی لەلایەنە پەیوەندیدارەكان  لەم سەرپێچیە ئاگاداربكردبایەوە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی پێویست".