منداڵان خوێندنەوە بۆ چەند كتێبێك دەكەن

01/11/2020
فۆتۆ: 

هەڵۆ فەریق


وشەی (Review ڕیڤیو) لە زمانی ئینگلیزیدا، بە پێی فەرهەنگی کامبریج، بەم چەند مانایە دێت: لە ڕەخنەدا ئەگەر تۆ ڕیڤیو بۆ کتێب، فیلم یاخود شانۆگەرییەک بکەیت، ئەوا بۆچوونی خۆت لە بارەیەوە دەنوسیت. ئەگەر کەسێکی پلە بەرز ڕیڤیوی هێزێکی سەربازی بکات، ئەوا سەردانیان دەکات. دووبارە لێکۆڵینەوە لە شتێک کە پێشتر زانیوتە، دووبارە بیرکردنەوە، پێداچوونەوە. ڕاپۆرتی تەلەفیزیۆن یاخود ڕۆژنامە کە بۆچوونی خۆیان لە بارەی فیلمێک یاخود کتێبێکەوە دەدەن .

لە وێبسایت و ڕۆژنامە جیهانییەکاندا گرنگییەکی زۆر بە 'ڕیڤیو' دەدرێت. بە جۆرێک، کەم ڕۆژنامە و سایت هەیە بەشێکیان تایبەت نەکردبێت بۆ ڕیڤیوی کتێب و فیلم و شانۆ یاخود چالاکییە کلتورییەکانی دیکە.
ئەگەر چی لای خۆمان ئەم ڕیڤیوە بەو جۆرە گرنگی پێنەدراوە، بەڵام هێشتا مانای ئەوە نییە کە بوونی نەبێت. بەڵام لە بەرانبەر ئەو وشەیەدا، ئێمە وشەی 'خوێندنەوە' بەکاردێنین. واتە ئێمە خوێندنەوە بۆ کتێبە یاخود سانۆیە دەکەین.

هەمیشە وێبسایت و ڕۆژنامەکان گرنگی بە خوێندنەوەی نوسەر و ڕەخنەگرە بە ئەزموون و بە ناوبانگەکان دەدەن. بەڵام ئەم بابەتە تایبەتە بە خوێندنەوەی چەند منداڵێک بۆ چەند کتێبێک کە خوێندوویانەتەوە. منداڵەکان بەم جۆرە لە بارەی ئەو کتێبانەوە دواون:

ئەگەر هەرگیز تاهەتاهەتایە هەوڵ نەدەم

خوێندنەوەیەک لەلایەن هایدنی ٤ ساڵەوە:

ئەم کتێبە لەبارەی باڵندەیەکەوە بوو کە نەیدەزانی بفڕێت. باڵندەکە دەبوو بڕیاری فڕین بدات، بەڵام دڵنیا نەبوو ئەوەی دەوێت. باڵندەکە بیری کردەوە، "ئەگەر هەرگیز تاهەتاهەتایە هەوڵ نەدەم، ئەوا هەرگیز فێرنابم. لە باڵێک، دەترسا ڕەنگە شکست بهێنێت، لە باڵێکی دی بیری لەوە دەکردەوە ڕەنگە سەرکەوتوو بێت. دەترسا ئەگەر هەوڵ بدات، ڕەنگە لە ناو جیهاندا ون ببێت. ئەمە وای لێ کرد لە ناو هێلانەکەیدا بمێنێتەوە، چونکە ئەوێ پارێزراو بوو.

پێموایە ئەم کتێبە ڕەنگە یارمەتی منداڵانی دیکە بدات لەوەی تاقیکردنەوەی شتی نوێ ڕەنگە مەترسیدار بێت، بەڵام هەندێک جار کە هەوڵ دەدەین، ڕەنگە هەندێک شت بدۆزینەوە کە دڵمان خۆش دەکەن. هەروەها ئەم کتێبە یارمەتی ئەوانی دیکە دەدات ئەوە بزانن کە هەڵە شتێکی ئاساییە و بەشێکە لە فێربوون.

دڵخوازترین بەشی کتێبەکە بە لای منەوە، ئەو بەشەیە کە باڵندەکە هەوڵ دەدات و دەبینێت دەتوانێت بفڕێت. هەروەها پێشم خۆش بوو کە ئەم کتیبەم خوێندەوە، چونکە دەرفەتێکی داپێم تا قسە لەگەڵ دایکم بکەم سەبارەت بە هەڵەکان و باسی ئەوەشم بۆ کرد کە نامەوێت هەڵە بکەم. فێریش بووم کە هەڵەکان باشن و بەشێکن لە فێربوون.

ئەو کچ و کوڕانەی لە نێوان ٣ بۆ ٨ ساڵدان حەزیان لەم کتێبە دەبێت، چونکە فێری هەوڵدان و فێربوونی شتی نوێمان دەکات و پێمان دەڵێت چەندە گرنگە ترس تێبپەڕێنین و فێری شتی نوێ ببین.
من پێنج نمرە دەدەم بەم کتێبە.


گۆشت و خوێن زۆر هەرزان

خوێندنەوەی عومەری ٨ ساڵ/ نیوجێرسی

حەزم لەم کتێبە بوو. ئەو کەسانەی حەزیان لە شکستی دەوڵەت و مێژووی ئەمریکا و پەناهەندەیە، بیگومان چێژ لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە دەبینن.

خوێندەر زانیاری بە دەست دێنێت سەبارەت بەوەی کارکردن لە نیو یۆرک چۆن بوو لە ١٩٠٠کاندا. یەکێک لە شتە گرنگەکان ئەوە بوو کە هیچ یاسایەکی سەلامەتی نەبوو. هەروەها جیاوازییەکی زۆریش هەبووە لە نێوان زەنگین و هەژاردا. هەندێک کەس ڕەنگە حەزیان لەم کتێبە نەبێت، چونکە زۆر خەمبارە، بەڵام هەموویان چەند ڕوداوێکی گرنگی مێژوون کە دەبێت لە یادمان بن.

ئەم کتێبە زۆر باش نوسرابوو. چەندین وێنەی ڕەش و سپی تێدابوو و لە ژێر فۆتۆکانیشدا ڕوونکردنەوە نوسرابوو. ئەو فۆتۆیانە بیرۆکەیەکی باشترمان دەداتێ سەبارەت بە ژیانی خەڵکی ئەو سەردەمە. ئەم کتێبە گونجاوە بۆ ٩ بۆ ٢٠ ساڵ.
من پێنج نمرە دەدەم بەم کتێبە.

مەجەرەی زاچ: گەشتێک بۆ جونۆ

خوێندنەوەیەکی مێنسان کۆنۆری ٦ ساڵان/ بۆستن.

گەشت بۆ جونۆ کتێبی دووەمی زنجیرەی مەجەڕەی زاکە. ئەم کتێبەش وەک بەشی یەکەمی نایابە. زۆر تایبەتە. زاک لە قوتابخانە دەچێتە یانەی ئەکادیمای سپرۆکێتس بۆ گەشت. بە گەشتێکی تایبەتی دەچن بۆ هەسارەی جونۆ، ئەو هەسارە نوێیەی کە پێشتر کەس سەردانی نەکردووە. زاک لەگەڵ 'سێسی' هاوڕێی پۆلیدا یەک دەگرن و پێکەوە دەبن. زاک دڵخۆش دەبێت بە دۆزینەوەی مەجەڕەی گەورەی گێمیت. ئەو هەسارەیەی سەد ساڵە نەدۆزراوەتەوە. منداڵان زۆر حەزیان لەم کتێبە دەبێت! کچان و کوڕان وەک یەک چێژی لێ دەبینن. کتێبەکە لە شێوەی چاپتەردایە و هەموو پەڕەکانی وێنەدارن و خوێندەوەی ئاسانە. حەزم لە وێنەکانی بوو. پێم وابێت منداڵی ٦ بۆ ٨ ساڵ چێژ لە خوێندنەوەی دەبینن و خوار ئەو تەمەنەش حەز دەکەن بۆیان بخوێندرێتەوە.

من هەزار ئەستێرە دەدەم بەم کتێبە. لە کۆتاییدا نوسراوە "چاوەڕوانی بەشی دیکە بن" ئەمە وات لێدەکات پەڕۆشی کتێبی داهاتوو بیت. تا بزانیت چی ڕوودەدات.

سەرچاوە: https://www.mensaforkids.org/teach/lesson-plans/book-review-guide/book-review-writing-examples/