ئێران بڕی هەناردەی خۆی بۆ عێراق لە حەوت مانگدا ئاشکرا کرد
مەهدی میر ئەشرەفی سەرۆکی بەرژەوەندی گومرگی ئێران ڕایگەیاند، لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا عێراق پلەی یەکەمی هەبووە لە هاوردەکردنی کاڵا و کەلوپەلی ئێرانیدا.
ئەشرەفی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لە نێوان مانگی ئازار تا ٢٠ ی مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو، عێراق بە بەهای ٤ ملیا و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار کاڵاو کەلوپەلی لە ئێرانەوە هاوردە کردووە، لە دوای ئەویش وڵاتی چین دێت کە بە بەهای ٤ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار کاڵای لە ئێرانەوە هاوردە کردووە ، بە پلەی سێهەم ئیمارات دێت کە بە بەهای ٢ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار و تورکیا بە پلەی چوارە بە بەهای یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار و لە پلەی پێنجەمیشت ئەفغانستان دێت کە بەبەهای ١ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار ، کەلوپەلی جیاجیان لە ئێرانەوە هاوردە کردووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، قەبارەی هەناردەی ئێران لە ماوەی ئەو حەوت مانگەدا گەیشتووەتە ٦٥ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تۆن و بە بەهای ١٨ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار، ئەوەش دەریدەخات کە بەڕێژەی لە ١٧.٥% کەمیکردووە لە چاو ساڵی ٢٠١٩دا.
ئەشرەفی لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ڕایگەیاند، قەبارەی هاوردەی ئێران لەو ماوەیەدا گەیشتووەتە ٨٥ ملیۆن تۆن و بە بەهای ٣٨ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار.
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران ڕوونیشیکردووەتەوە، وڵاتەکەی ئەو کەلوپەلانەی لە وڵاتەکانی چین و ئیمارات و تورکیا و هیندستان و ئەڵمانیا هاوردە کردووە.
|