ئەمریکا پلەی پاشکۆی سەربازیی باڵیۆزخانەکانی لە چەند وڵاتێک نزم دەکاتەوە

02/11/2020
فۆتۆ: 

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بڕیاریدا بە نزمکردنەوەی پاشکۆی سەربازی لە باڵیۆزخانەکانی وڵاتەکەی لە چەند وڵاتێک کە یەکێکیان عێراقە.

ڕۆژنامەی ۆوڵ ستریت جۆڕناڵی ئەمریکا بڵاویکردەوە، مارک ئەسپەر وەزیری بەرگری ئەمریکا لە ٢٤ ی مانگی ئابی ڕابردووەوە بڕیاریداوە، لەمەوداو پاشکۆ سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە باڵیۆزخانەکانی چەند وڵاتێک بە پلەی عەقید و عەقیدی هێزی دەریایی بن، کە پێشتر پلەی ژەنەڕاڵیان هەبووە.

ئەو بڕیارەش هەشت دەوڵەتی گرنگی هاوپەیمانی ئەمریکا دەگرێتەوە، کە پێکهاتوون لە سعودیە و میسر و پاکستان و بەریتانیا و ئیمارات و کوەیت و عێراق و تورکیا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە پاشکۆ سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەریەکە لە وڵاتەکانی گانا و گینیای ئیستوائیش لە کیشوەری ئەفریقاوە بانگهێشتکراونەتەوە لەسەر هەمان مەبەست.

ڕاپۆری ڕۆژنامەکە لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو بڕیارە بۆ هێزکردنی هەژموونی ئەمریکایە، بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی سەرچاوە مرۆییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە بەرامبەر چین و ڕوسیا و لەسەر گۆڕەپانی جیۆسیاسی، جگە لەوەش بۆ پابەندبوونە بە بڕیارەکانی کۆنگرێسەوە کە سەپاندووەیەتی دەبێت ژمارەی ژەنەڕاڵەکانی سوپای ئەمریکا دیاریکراوبن.

لیپرسراوە سەربازییەکانی ئەمریکا پێیان وایە گۆڕینی ژەنەڕاڵ ئان ئەدیمراڵ لە باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا بە پلەی عەقید، کاریگەریی دەبێت لەسەر هەژموونی ئەمریکا لەو وڵاتانە، بەتایبەت هەندێکیان هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریکان، جگە لەوەش متمانەی سەربازیی لە نێوان ئەمریکا و ئەو وڵاتانەدا کەمدەبێتەوە.