نەمسا.. لە هێرشێکدا کەسێک کوژرا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون

02/11/2020
لە هێرشێکی چەکداری لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا کەسێک کوژرا
فۆتۆ: فۆتۆ: میدیای نەمسا
ڤیەننا

لە هێرشیکی چەکداری لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا کەسێک کوژرا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردەوە، کەمێک پێش ئێستا لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا چەکدارێک هێرشیکردووەتەسەر کەنیسەیەکی یەهودی  و لە ئاکامدا کەسێک کوژراوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

لەوبارەیەشەوە وەزارەتی ناوخۆی نەمسا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، هێرشێكی تیرۆریستی كراوەتە سەر كەنیسەیەكی یەهودییەكان لە ڤیەننای پایتەخت و دەنگی تەقەیەكی زۆر بیستراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەئێستادا هێزەكانی پۆلیس لە شەقامەكانی ناوچەی هێرشە تیرۆریستیەكە بڵاوەیان پێكراوە و دەستیانكردووە بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی ئەمنیی.

هاوکات پۆلیسی ڤیەننا داوای لە خەڵکی شارەکە کردووە، خۆیان بەدوور بگرن لە شوێنی ڕووداوەکە و لە ماڵەکانیان بمێننەوە.

پۆلیسی ڤیەننا هیچ ئاماژەیەکی بە کوشتن یاخود دەستگیرکردنی هێرشبەرەکە نەکردووە.

تاوەکو ئێستا هۆکار و پاڵنەری هێرشەکە نەزانراوە و هیچ گروپ و لایەنێکیش بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان لە ئەستۆ نەگرتووە.