ئایا پەیامەکەى بارزانى ئیعلانى شەڕە دژ بە پەکەکە؟

02/11/2020
فۆتۆ: 



دواى ماوەیەکى زۆر لە هەڕەشە و چاو سورکردنەوە لە یەکترى و جەنگى راگەیاندن، دواجار مەسعود بارزانى کەسى یەکەمى پارتى دیموکراتى کوردستان، هەڵوێستى خۆى لەبارەى گرژى و ئاڵۆزییەکانى نێوان حزبەکەى و پارتى کرێکاران کوردستان (پەکەکە) ئاشکراکرد و هەندێک پەیامەکەى بە ئیعلانى شەڕ ناو دەبەن.

بارزانى لە پەیامەکەیدا بۆ رایگشتى کوردستان دەڵێت: مێژوو شاهیدی ئەوەمان بۆ دەدات و شانازی دەکەین کە شەڕی کورد و کوردمان حەرام کردووە بەڵام نابێت ئەم هەڵوێستەمان بە هەڵە لێکبدرێتەوە و ئیستغلال بكرێت بۆ ئەوەی تەحەدای دەسەڵاتی یاسایی هەرێمی کوردستان بکرێت و هەوڵی سەپاندنی ئیرادەیەكی چەكدارانەی نایاسایی بە سەر خەڵکی کوردستان بدرێت.

بارزانى باسى لەوەشکردووە، نابێ هەڵوێستی حەرامكردنی شەڕی كورد و كورد بەوە لێكبدرێتەوە كە سەقامگیری و ئاسایشی شار و شارۆچکە و دێهاتەکانمان تێک بدرێت و هاوڵاتیانمان ناچار بکرێن ماڵ و شوێنەکانیان بە جێ بێڵن و ببنە قوربانی و بە ناحەق شەهید بکرێن و كەسیش دەنگ نەكات.

لە درێژەى بەیاننامەکەیدا بارزانى پەیامێکى توند ئاراستەى پەکەکە دەکات و دەڵێت: ڕەفتارەکانى پەکەکە جێگای قبووڵكردن نییە و هەڵوێستی نیشتیمانپەروەرانە و وڵاتپارێزانە بە کردەوە دیار دەکەوێت نەک بە قسە و وتار.

بۆیە باشترین هەڵوێست لەم کاتەدا، ڕێز گرتنە لە دەسەڵاتی شەرعی و یاسایی هەرێم و هەروەها چۆڵكردنی هەموو ئەو ناوچانەیە کە لە ڕێگەی سەپاندنی هێزی چەکداری داگیركراون.

راگەیەندراوەکەى بارزانى، دواى زنجیرەیەک رووداوى یەک لە دواى یەک دێت کە ئاستى گرژى و ئاڵۆزى لە پەیوەندییەکانى نێوان پارتى و پەکەکەى گەیاندووەتە چڵەپۆپە و مەترسى روودانى شەڕ لە نێوان هەردوولادا بە لاى هەندێک لە چاودێرانەوە یەکێکە لە ئەگەرە بەهێزەکان، هەر بۆیە لە ماوەى رابردوودا ژمارەیەکى زۆر لە کەسایەتى پەیامیان ئاراستەى هەردوولا کرد کە خۆیان لە شەڕى کورد و کورد بە دوور بگرن، بەڵام بەلاى بەشێک لە چاودێرانەوە پەیامەکەى بارزانى ئەو گەشبینییەى لێ ناخوێندرێتەوە کە رێگە لەو شەڕە بگرێت.

لەوبارەیەوە رۆژنامەنووس کەمال چۆمانى دەڵێت: بەیاننامەکەی مەسعود بارزانی ئیعلانێکی راستەوخۆیە بۆ شەڕ دژی پەکەکە، زۆر بەڕونییش رایگەیاندووە کە "تێکدانی سەقامگیریی سنورەکان" شەڕی کورد و کورد حەڵاڵ دەکات.

هەر لەبارەى گرژییەکانى نێوان پارتى و پەکەکە، محەمەد ئەمین پێنجوێنى نوسەر و سیاسەتمەدار دەڵێت: فشارەکە فشارى تورکیایە لەسەر حکومەتى هەرێم و بە تایبەتى پارتى دیموکراتى کوردستان کە دەیەوێت بیکات بە گژ پەکەکەدا.

کوژرانی بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی سنووریی سەرزێرێ و رێککەوتنى حکومەتى هەرێم و بەغدا بۆ دەرکردنى پەکەکە لە شنگال و بەیاننامەى تیمی پارتی لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەوەى گروپێکى 12 کەسى سەر بە پەکەکەیان دەستگیرکردووە کە بە نیازى هێرش بوون لە شارى هەولێر، گڕى لە پەیوەندییەکانی پەکەکە و پارتی بەرداوە و ئێستا لە هەر کاتێکى تر پەیوەندییەکانیان ئاڵۆزى تێکەوتووە و یەکتر بە خۆشکردنی ئاگری شەڕى براکوژى تۆمەتبار دەکەن.