پنتاگۆن هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی مارک ئێسپەری رەتکردەوە

06/11/2020
پنتاگۆن رەتیکردەوە مارک ئێسپەر وەزیری بەرگری ئەمریکا دەستلەکاربکێشێتەوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
واشنتن

بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی مارک ئێسپەر رەتدەکاتەوە و دەڵێت ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە.

جۆناتان هۆفمەن یاریدەدەری باڵای مارک ئێسپەر وەزیری بەرگری ئەمریکا لە تویتێکدا بڵاویکردووەتەوە، "راپۆرتەکانی ئێن بی سی زۆربەی کات ناڕاستن و خەڵک بەهەڵەدا دەبەن، روونتر بڵێم کە وەزیری بەرگری پلانی نییە دەستلەکاربکێشێتەوە، هەروەک داوایشی لێنەکراوە نامەی دەستلەکارکێشانەوە پێشکەش بکات".

ئەم لێدوانەی جۆناتان هۆفمەن دوای ئەوە دێت کە شەوی ڕابردوو کەناڵەکانی ئێن بی سی و سی ئێن ئێن و چەند میدیایەکی دیکەی ئەمریکا بڵاویانکردەوە کە مارک ئێسپەر وەزیری بەرگری ئەمریکا نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ئامادەکردووە و بەنیازە بەمنزیکانە دەستلەکاربکێشێتەوە.

پێشتر و مانگی ئەیلولی ئەمساڵ چەند سەرچاوەیەك لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئێستای ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، ترەمپ رازی نییە لە كارەكانی ئێسپەر، هەوڵیش دەدات بیگۆڕیت و وەزیری كاروباری جەنگاوەرانی ریزی پێشەوە، رۆبێرت ویڵكی بخاتە شوێنەکەی.