ڕۆژنامەیەکی بەریتانی: پوتن دەستلەکاردەکێشێتەوە

06/11/2020
ڤلادمیر پوتن سەرۆکی روسیا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
مۆسکۆ

بەهۆی نەخۆشییەوە، پێدەچێت ڤلادمیر پوتن سەرۆکی روسیا سەرەتای ساڵی داهاتوو دەستلەکاربکێشێتەوە.

رۆژنامەی دەیڵی مەیلی بەریتانی لەزاری چەند سەرچاویەکەوە بڵاویکردووەتەوە کە بەهۆی نەخۆشی پارکینسۆن، ڤلادمیر پوتنی تەمەن ٦٨ ساڵ، ناچارە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو، دەستلەکاربکێشێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەلینا کابیڤای تەمەن ٣٧ ساڵ و خۆشەویستی پێشووی پوتن و هەردوو کچەکەی هانیانداوە کە دەستبەرداری پۆستەکەی بێت و بە یەکجاری کۆشکی سەرۆکایەتی جێبهێڵێت.

دەیڵی مەیل ئاشکراشیکردووە، پێشتر گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکراوەتەوە کە تیایدا دەردەکەوێت ڕێگاڕۆیشتنەکەی پوتن ئاسایی نییە و قاچەکانی بەیەکدا دێن و دواتریش لەکاتی دانیشتنیدا بەتوندی دەست بە کورسییەکەی دەگرێت، لەگەڵ چەند نیشانەیەکی دیکە کە دەریدەخەن، پوتن تووشی نەخۆشی پارکینسۆن بووە.

رۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە دەسەڵاتی یاسادانی روسیا پەلەدەکات لە دەرچوواندنی یاسایەک بۆ ئەوەی پوتن تا کۆتایی ژیانی وەک سیناتۆر بمێنێتەوە، ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە ڤلادمیر پوتن پلانی هەیە هەرەمی دەسەڵاتی روسیا جێبهێڵێت.

دەیڵی مەیل ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای تەواوکردنی رێکارەکان، ڤلادمیر پوتن کۆشکی کرملین جێدەهێڵێت و کەسێکی نزیک لە خۆی وەک سەرۆکی وڵات دیاریدەکات.