ئەمریکا ناوی حزبێکی ئیسلامی لە لیستی تیرۆر دەرهێنا

06/11/2020
فۆتۆ: 

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناوی حزبی ئیسلامی تورکستانی لە لیستی تیرۆری خۆی دەرهێنا، ئەوەش بووە هۆی لاوازبوونی هەوڵەکان بۆ قەلاچۆکردنی تیرۆر لە ناوچەی چیانجینگ، کە خاوەنی ئۆتۆنۆمی خۆیەتی لە چین.

لە فەرمانێکدا کە لە ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ڕابردوو دەرچووە، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، بە گوێرەی یاسای کۆچ و رەگەزنامە ئەوگروپە لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستە بیانییەکان دەرهێناوە.

لە بڕیارەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە "بەگوێرەی ئەو ڕیزبەندییە بزوتنەوەی ترکستانی ئیسلامی ڕۆژهەڵات، کە ناسراوە بە بزوتنەوەی ئیسلامی تورکستانی خۆرهەڵات، ناوی لە ڕیزی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا لابراوە".

ترکستانی ڕۆژهەڵات، ئەو ناوەیە ک بەلای کەمینە ئیگۆرییەکانەوە جێی بایەخە، وەک ئاماژەیەک بۆ نیشتیمانەکان لە هەرێمی چیانجینگ.

ئیگۆرییەکان ژمارەیان دەگاتە ٨ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس و زۆربەیان لەو هەرێمە نیشتەجێن و ئەوانیکەشیان بەسەر دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاستدا دابەشبوون.

هەندێک لە حزبە ئیگۆرییەکان لەشێوەی گروپی نهێنی لە ناوخۆیی چیندا چالاکن و زۆربەشیان داوای سەربەخۆیی دەکەن ، بەڵام لە لایەن حکومەتی چینەوە تۆمەتبار دەکرێت بە ئەنجامدانی تەقینەوەکان، لە دیارترین حزبەکانیش "حزبی ئیسلامی تورکستانییە".