دۆناڵد ترەمپ: تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لە کۆنترۆڵ دەرچووە

06/11/2020
فۆتۆ: 

دۆناڵد ترەمپ سەرۆی ئەمریکا هێرشێکی توندی کردە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، دوای ئەوەی نیشانەی هۆشداری خستە سەر تویتێکی ترەمپ، کاتێک ڕایگەیاندبوو گومانی هەیە لە جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئێستای ئەمریکا.

ترەمپ جارێکی تر لە تویتێکدا کە لە هەژماری خۆی بڵاویکردووەتەوە، ئەگەر دەنگە یاسایییەکان وەک خۆی جیابکرێتەوە، ئەوا بە ئاسانی سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت لە هەڵبژاردنەکاندا.

ترەمپ ڕایگەیاندووە، چاودێران بە چەندین شێوە و ڕێگای جیاجیا ڕێگرییان لێکراوە، کە ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن، ئاماژەی بەوەشکرد ئەو دەنگانەی کە لەم ماوەیەدا جیاکراونەتەوە ناشەرعین و دەبێت دادگای باڵا بڕیاری خۆی بدات.

دوای بڵاوکردنەوەی ئەو وتانە، تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نیشانەی هۆشداری خستە سەر لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا و ڕایگەیاند، ناوەرۆکی قسەکان جێگەی مشتومڕن و رەنگە هەڵخەڵەتێنەر بن سەبارەت بە شێوازی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان و چالاکییە مەدەنییەکانی دیکەدا.

تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ، لە ڕۆژی دەنگدانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکاوە لە ڕۆژی سێی ئەم مانگەدا، ڕێوشوێنی هاوشێوەی بەرامبەر ١١ تویتی دیکەی ترەمپ گرتە بەر.

دوای ئەو ڕێوشوێنە نوێیەی تویتەر لە بەرامبەر لێدوانەکانی ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بێدەنگی شکاند و ڕایگەیاند، تویتەر لە کۆنترۆڵ دەرچووە.