ڕۆمانە نوێیەكەی بەختیار عەلی پێشوازییەكی بەرچاوی لێدەكرێت

07/11/2020
فۆتۆ: 

دوای بڵاوكردنەوەی ڕۆمانە نوێیەكەی نووسەری كورد بەختیار عەلی بە ناوی (داگیركردنی تاریكیی)ە كە تیایدا باس لە چیرۆكی كوردانی باكور دەكات، داواكاییەكی بەرچاوی لەسەرە.

ئارام سدیق، سەرپەرشتیاری چاپ و بڵاوكردنەوەی ئەو ناوەند رەهەند كە سەرپەرشتی رۆمانەكەی كردووە بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی وت: رۆمانی داگیرکردنی تاریکی نوێترین ڕۆمانی نووسەر و رۆمانووس (بەختیار عەلی)یە، ئەم ڕۆمانە لە دۆخێکی سەخت و پڕ قەیرانی دارایی و تەندروستیدا چاپ و بڵاوکرایەوە. 

ئەو ئاماژەی بەوە كرد ئەگەرچی بەهۆی دۆخی ارایی و تەندروستیەوە خوێنەر كەمبووەتەوە، بەڵام پێشوازی خوێنەران لە ئاستێکی باشدا بووە و چاوەڕوان نەکراو بوو.
 
ئەو لە بارەی ناوەڕۆكی رۆمانەكەوە ئاماژەی بەوە كرد یەكەمجارە ئەو نوسەرە لە ڕێی ڕۆمانێکی مێژووییەوە چیرۆکی چەرمەسەرییەکانی مرۆڤی پارچەیەکی دیکەی کوردستان (کە باکوری کوردستانە)، کە زێدی نووسەر نییە دەگێڕێتەوە. ئەمەش بەپێی بەرکەوتنی ئێمە بە خوێنەران ئەوان وەکو جۆرێک لە ڕیسک دەیبینن بۆ ئەم نووسەرە و بۆیە بەشێک لە خوێنەران تامەزرۆترن بۆ ئەوەی زوو بە دەستی بهێنن و بیخوێننەوە.

ئەو سەرپەرشتیارەی ناوەندەكە ئاماژەی بەوەكرد: پێشبینی دەكەن لە دووەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی پێشوازی بەرچاوی لێ بکرێت. ئەگەر دۆخی تەندروستی یارمەتیدەر بوایە وەکو ناوەندی ڕەهەند پێمناخۆش بوو خودی نووسەر بۆ پێشانگەکە داوەت بکەینەوە و لەوێ بە دیداری خوێنەرانی بگات. بەداخەوە دۆخی تەندروستی هاوکارمان نییە.