ئەگەر ترەمپ واز لە دەسەڵات نەهێنێت چی ڕوودەدات؟

07/11/2020
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
واشنتن

ئەگەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ئەمریکا واز لە دەسەڵات نەهێنێت، یەکەم شت کە تێبینی لەسەر دروست دەبێت، سەروەربوونی یاسا و دیموکراسی ئەمریکایە، کە ئەمەش بۆ پەیوەندییە دیبلۆماسی و سیاسییەکانی داهاتوو ئەمریکا کاریگەری دەبێت، چونکە زیاتر لە ٢٠٠ساڵە شتی وا نەبووە سەرۆکێکی ئەمریکا بڵێت وازناھێنم.

لە هەموارەکانی ١٢،١٧،٢٠،٢٢،٢٥ و ٢٧ی دەستوری ئەمریکادا هاتووە، سەرۆکی نوێی وڵات لە دوای نیوەڕۆی ٢٠ی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو دەست بەکاردەبێت، بەڵام دەستوری ئەمریکا باسی لەوە نەکردووە کە ئەگەر سەرۆکێک ئامادە نەبوو دەسەڵات ڕادەست بکات دەبێت چی بکرێت؟

لەم حاڵەتەدا بەپێی یاسا بەرکارەکانی ئەمریکا، کۆنگرێس داوا لە  پۆلیسی خزمەتگوزاری نهێنی کۆشکی سپی دەکات تا ترەمپ ناچار بکەن لە کۆشکی سپی بچێتە دەرەوە، خۆ ئەگەربەقسەی نەکردن ئەوکاتە جارێکی تر کۆنگرێس داوا پۆلیسی خزمەتگوزارییەکان دەکات بەزۆر لە کۆشکی سپی بیکەنە دەرەوە.

جگە لەمەش، ترەمپ دەسەڵاتەکانی وەک سەرۆکی وڵات لە دوای نیوەڕۆی ٢٠ی مانگی یەکەوە لەدەست دەدات و هیچ قسەیەکی لە هیچ دامەزراوەیەکدا ناخوات، تەنانەت قسەی لای پاسەوانەکانی کۆشکی سپیش رەواجی نامێنێت.

قبوڵنەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەلایەن ترەمپەوە، بابەتێکە ئەگەری ڕودانی زۆر نزیکە.

ئەگەر ترەمپ ئەنجامەکان قبوڵ نەکات، دەبێت لەڕیگەی دادگای باڵاوە تانە لە ئەنجامەکان بدات، بەلام یاسای ئەمریکا مەرجی داناوە بۆ تانە لێدان، ئەویش ئەوەیە کە دەبێت ئەو ویلایەتەی تانەی لێدەدرێت، دەبێت جیاوازی دەنگی کاندیدەکان زۆر نەبن و نزیکبن لەیەکەوە.

لەدوای ئەوەی بە فەرمی ئەنجامی دەنگدان بڵاوکرایەوە، ئیتر حکومەتەکەی ترەمپ دەبێتە حکومەتێکی کاربەڕێکەر تا دوای نیوەڕۆی ٢٠ی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو، ئەگەر ترەمپ بییەوێت لە سەرئێشەی دوای هەڵبژاردن و بانگکردنی بۆ دادگا لەلایەن کۆمارییەکانەوە لەسەر ئەوتۆمەتانەی لە پێشوودا ئاراستەی کراون نەجاتی ببێت، بەپێی یاسای ئەمریکا دەتوانێت یەک شت بکات، ئەویش ئەوەیە کە دەست لەکاربکێشێتەوە، لەدوای ئەوەش مایک پێنس کە جێگریەتی دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا و بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ دەربکات، بەمەش ترەمپ لە بێنەوبەردەی دیموکراتەکان خۆی ڕزگاردەکات.